02‏/03‏/2020

تورکیا لە سوریا چی دەوێت؟

پێشڕەوییە خێرا و سەرکەوتووەکانی سوپای سوریا لە پارێزگا داگیرکراوەکانی حەلەب و ئیدلب ڕووبەڕووی ئاستەنگێک بە ناوی پاڵپشتی تورکیا لە گرووپی تیرۆریستی تەحریری شام یان هەمان بەرەی نوسرە بووەتەوە. ئەم هەلومەرجە ئایا دەتوانێت بگاتە ئاڵۆزتربوونی ڕەوشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پێشڕەوی سوپای سوریا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستان لە لایەن ئێران و ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی ئەوانەوە پاڵپشتی دەکرێت کە بە دڵنیاییەوە جێی ڕەزامەندی و خۆشحاڵی گەلی سوریاش دەبێت. سەرەڕای ئەمەش حکومەتی تورکیا لە ڕێکەوتنی سووچی پاشگەز بووەتەوە و چاودێرانی سیاسی تەنانەت پێشبینی ئەوەش دەکەن کە ئەردۆغان لە گێژاوی باکوری سوریا نوقم بێت. ئەگەر تورکیا شەڕێکی نوێ لە گەڵ سوریا دەست پێبکات دەبێت تێچووی دابەزینی ئاستی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا و ئێرانیش قبووڵ بکات.
ئایا هێشتا دەرفەتی ئەوە هەیە تا حکومەتی تورکیا بتوانێت قەرەبووی ڕابردوو بکاتەوە و پێکەوەبوون و هاوکاری لە گەڵ وڵاتانی داوسێ بکاتە بنەمای سیاسەتی دەرەوەی؟ کاردانەوەکانی مانەوەی هێزەکانی سوپای تورکیا لە باکوری سوریا چییە؟ ئایا تورکیا دەتوانێت لە دەرفەتە ئابورییەکانی ناوچەکە بۆ بوژانەوەی کەرتی ئابوری خۆی کەڵک وەربگرێت؟
تورکیا و پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ:
تورکیا و ئێران دۆستان و دوژمنانی هاوبەشیان هەیە، هەر دوو وڵات کودەتا و دەستێوەردانی دەرەکییان لە ڤەنزولیا و میسر ئیدانە کردووە. مادۆرۆ لە کاراکاس و حەماس لە غەززە لە لایەن هەر دوو وڵاتەوە بە فەرمی ناسراون. ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت تورکیا دژایەتی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و گرێبەستی سەدە دەکات و داگیرکردنی جۆلان ڕەتدەکاتەوە.
هەر دوو وڵات لە گەڵ سەعوودیا و ئیمارات ناکۆکی جیدییان هەیە، ئالی سەعوود و ئالی نەهیان لە یەمەن شەڕی ئەنسارووڵای هاوپەیمانی ئێران دەکەن و لە لیبیاش شەڕی دژ بە حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی پاڵپشتیکراوی تورکیا دەکەن.
کەرتی ئابوری تورکیا بەندە بە بازرگانییەوە، هەر بۆیە سیاسەتی گەمارۆکان لە دژی هەر وڵاتێکی دیکە ڕەتدەکاتەوە، چ ڕووسیا بێت یان عێراقی سەردەمی بەعس یان ئێرانی ئێستا کە هاوبەشێکی گەورەی بازرگانییەتی. ئێران و تورکیا لە ساڵی 1992 ڕێکەوتنێکی بازرگانییان کردووە، تورکیا کڕیاری گازی ئێرانە و ئێرانیش لە ئێستادا گرنگترین وڵاتی دراوسێ و هاوبەشی بازرگانی تورکیایە.
لە کودەتا شکستخواردووەکەی فەتحووڵا گویلەن، ئێران و ڕووسیا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەردۆغان ڕاگەیاند. ئەردۆغان بۆ بەمە نازانێت؟
تێڕوانینێکی کورت لە سەر ڕابردوو:
یەکێک لە هۆکارەکانی قەیرانی ئێستای سوریا گواستنەوەی گازی قەتەر و نەوتی سەعوودیا لە ڕێگای سوریاوە بۆ تورکیا بووە کە دەیتوانی بۆ ئەنکەرە داهاتێکی زۆری هەبێت، دیمەشق دژایەتی ئەم پرۆژەیەی کرد و بە لایەوە گرنگ بوو کە ئەو هێڵە لە ڕێگای عێراقەوە بگاتە بەندەرەکانی سوریا یان لوبنان.
پاش شکستی کودەتا ئەمریکییەکەی فەتحووڵا گویلەن، تورکیا پەرەی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لە گەڵ ڕووسیا داوە. مۆسکۆش بۆ جۆربەجۆرکردنی ڕێگاکانی هەناردەی گاز و سزادانی ئۆکرانیا، ڕەزامەندیی لە سەر کردنەوەی هێڵی گواستنەوەی گازی ڕووسیا لە ڕێگای تورکیاوە بۆ باشوری ئەورووپا دەربڕیوە. هێڵی بۆری تورک ستریم لە قۆناغی یەکەمدا جێبەجێ کرا تا ئەنکەرە بگاتە هەمان خولیای هەمیشەیی بوون بە ڕێڕەوی گواستنەوەی وزەی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا بەڵام لە ڕێگای هاوبەشی بۆ ڕووسیا. ئێستا پێویست بەوە نییە ئەم تایبەتمەندییە ئابورییە لە ناو ببات.
ئێستا تورکیا لە گەڵ ڕووسیا پەرەی بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی داوە و هەر دوو وڵات بەرژەوەندی خۆیان لەم ڕێگایەوە دابین کردووە. پاش گەمارۆکانی ئەورووپا، کۆمپانیاکانی تورکیا لە هەرێمی کرێمە قەرەبووی بەشێک لە نەبوونی کۆمپانیاکانی ئەورووپا لە بازاڕی ڕووسیا بکاتەوە و لێرەشدا دیسانەوە ڕووسیا بووە سەرچاوەیەکی داهات بۆ ئەم وڵاتە. تورکیا بە کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس 400 و ئەگەری کڕینی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوخۆ 57 لە ڕووسیا گرنگیی بە لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا نەداوە تا پیشان بدات کە لە کارتی ڕووسیا بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێز لە گەڵ ڕۆژئاوا کەڵک وەربگرێت.
لە هەمان کاتدا ڕووسیا بە ناچار دەبێت شەڕی تیرۆریستانی وەهابی و سەلەفی لە سوریا بکات تا نەگەنە سنورەکانی لە قەفقازی باکور، بەڵام ڕوون نییە کە تورکیا بۆ لە حەلەب و ئیدلب پاڵپشتی لە تیرۆریستان دەکات؟
باشترە تورکیا چی بکات؟
بەردەوامی شەڕی تورکیا لە سوریا بە واتای لەدەستدانی دەرفەتی ئابوری و بازرگانی ئەم وڵاتە لە گەڵ سوریا لە قۆناغی پاش شەڕ دەبێت، لە لایەکی دیکەوە پاراستنی پێگەی تورکیا لە ناوچەکە بەم شەڕانەوە تووشی کێشە دەبێت.
تورکیا پلانێکی دیکەی هەبوو کە بتوانێت حەلەب و ئیدلب بکاتە بەشێک لە خاکی خۆی و ئەمەش لە باکوری حەسەکە و ڕققە دووبارە بکاتەوە.
تورکیا مێژوویەکی لەم داگیرکارییەدا هەیە، لە ساڵی 1974 لە سەدا 38 ی خاکی قوبرسی داگیر کرد و حکومەتێکی لەوێش پێکهێنا. یەکێک لە هۆکارەکانی پاڵپشتی تورکیا لە تیرۆریستانی حەلەب و ئیدلب هەر ئەمە بووە، ئێستا بە هۆی هەڵەکانەوە نەک تەنیا ئیمتیازێکی وەرنەگرتووە بەڵکوو زیانێکی زۆریشی پێدەگات. بە دڵنیاییەوە کە ئەردۆغان هەوڵ دەدات ناوچەی عفرین و ئەلباب بەردەوام لە ژێر داگیرکاری خۆیدا بهێڵێتەوە بەڵام دەبێت لەو ناوچانەش پاشەکشە بکات.
تورکیا دەزانێت ئەمریکا لە بارودۆخێکدا نییە کە شەڕێکی درێژماوەی دیکە لە ناوچەکە دەست پێبکات، ئەویش پاڵپشتی لە تورکیا کە تەنیا دەیەوێت بەشێک لە خاکی دراوسێیەکی وەک ڕابردوو لە خاکی خۆی زیاتر بکات.
تورکیا تەنیا زیانە مرۆڤییەکانی لە سوریا زیاتر دەکات، سوریا بە خیانەتی تورکیا ڕووخاوە و کەمێک ڕووخانی زیاتر ناتوانێت گۆڕانکاری لە ئێش و ئازارەکانی دانیشتووانەکەی بکات، بەڵام خۆڕاگری لە بەرامبەر دەستێوەردانی دەرەکی دەتوانێت لانیکەم بۆ جیلی داهاتووی سوریا بژاردەیەکی گرنگ بێت. بۆ یەک جاریش بێت سوریا پێویستە کۆتایی بەم دەسدرێژییەی دراوسێکانی وەک تورکیا بێنێت، چ تورکیا بێت لە باکور یان ڕژێمی زایۆنیستی لە باشور. دیمەشق کەڵک لەم دەرفەتە وەردەگرێت.
لە لایەکی دیکەوە پاڵپشتی هاوپەیمانانی دیمەشق بە واتای جیدیبوونی ئەوانە لە کۆتایی هێنان بە شەڕی سوریا. شەڕی ناوخۆیی ئەم وڵاتە 9 ساڵە بەردەوامە و بە واتای تێچوویەکی زۆر بۆ سوریا، ئێران و هاوپەیمانەکانی و ئەڵبەت ڕووسیاش دەبێت. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریای داگیر کردووە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەلی سوریا لە ڕووی ئابورییەوە تووشی کێشەیەکی زۆر بوونەتەوە.
لە ئێستادا دیمەشق دەبێت ئەوە هەڵبژێرێت کە یان دەبێت بە تەواوی لە ناو ببرێت یان تورکیا، ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا لە باکور، باشور و ڕۆژهەڵاتی خۆی دەربکات، بە هەر تێچوویەک کە بە دڵنیاییەوە کەمتر لە لەناوچوون دەبێت.
ئەردۆغان ئەگەر بیر بکاتەوە، دەزانێت کە لە رۆژئاوا هاوپەیمانێکی نییە کە پشتی پێوە ببەستێت، پەیوەندییەکانیشی لە گەڵ سەعوودیا و میسر و ئیمارات ئاڵۆزە، هەر بۆیە باشترە کەڵک لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا و ئێران وەربگرێت و لە لیبیا و ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانە لە بازرگانیدا سەرکەوتوو بێت، لە جێی ئەوەی کە پەرە بە شەڕ و ئاڵۆزی بێ ئەنجام بدات.
جام کوردی

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.