هەواڵە تایبەتەکان : لە دوایین کاتژمێرەکانی شەوی رابردوو، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک لە واژۆکردنی رێککەوتننامەیەک لەگەڵ سەرۆکانی ئازەربایجان و رووسیا لەسەر کۆتایی هێنان بە شەڕی قەرەباغ هەواڵی دایەوە.
پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە بەیاننامەیەکدا ئەم ڕێکەوتنەی بە رێکەوتنێکی قورس و ناخۆش باسی کردووە. پاشینیان ووتوە: " رێکەوتنێکم لەگەڵ سەرۆک کۆماری رووسیا و ئازەربایجان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی قەرەباغ واژۆ کردووە کە بۆ هەموومان ناخۆشە. ئاگربەس بۆ خەڵکی ئێمە و بۆ خۆدی خۆم زۆر بە ئازارە. ئەمە سەرکەوتن نیە، بەڵام تا ئەو کاتەی دان بە شکست نەنین، شکستێک ڕووی نادات. ئێمە هەرگیز دان بەوەدا نانین کە دۆڕاین و ئەمە دەسپێکی سەردەمی یەکگرتووی میللی بۆ ئێمە دەبێت. لە بەرامبەر شەهیدان لەسەر ئەژنۆ دادەنیشم. لە بەرامبەر هەموو سەربازان و ئەفسەران و ژەنەراڵەکان و هێزەکانی خۆبەخش کە بە گیانیان لە خاکی باپیرانمان بەرگریان کردوون، خۆم دەچەمێنم."
ئەم رێککەوتنە بە شێوەی خوارەوەیە :
سەرۆک کۆماری، کۆماری ئازەربایجان
سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا
و سەرۆکی رووسیا
سەرۆک کۆماری، کۆماری ئازەربایجان ئیلهام عەلیف و سەرۆک وەزیرانی کۆماری ئەرمینیا نیکولای پاشینیان و سەرۆک کۆماری رووسیا ڤلادمیر پوتین ئەم خاڵانەی خوارەوەیان راگەیاند :
١- ئاگربەس بە تەواوی و ڕاگرتنی هەموو پێکدادانەکان لە ناوچەی قەرەباغ لە کاتژمێر ٠٠:٠٠ بە کاتی مۆسکۆ لە بەرواری ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ رادەگەیەنرێت. کۆماری ئازەربایجان و کۆماری ئەرمینیا لەم کاتەدا دوو لایەنی رێککەوتننامەکە دەبن و لە پێگەکانی خۆیان [هێز] ڕادەوەستن.
٢- ناوچەی ئاغدام و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەرمینیا لە ناوچەی گازاخ کۆماری ئازەربایجان، تا ٢٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ رادەستی ئازەربایجان دەکرێت.
٣- لە درێژایی هێڵی بەیەکگەیشتن لە قەرەباغ و بە درێژایی "دالان لاچین" گروپێکی ئاشتیپارێزی رووسیا بە ١٩٦٠ کەس لە هێزە چەکدارەکان و ٩٠ زرێپۆش و ٣٨٠ ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی تایبەت جێگیر دەبن.
٤- هێزەکانی ئاشتیپارێزی رووسیا لەگەڵ پاشەکشە کردنی هێزە چەکدارەکانی ئەرمینیا لەم ناوچانە جێگیر دەبن. ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئاشتیپارێزی رووسیا ٥ ساڵە لەگەڵ نوێبوونەوەی بۆ ماوەی ٥ ساڵی دیکە ئەگەر هەر دوو لایەن ٦ مانگ پێش تەواو بوونی ماوەی، نیازیان بۆ کۆتایی هێنان بەم بەشەی رێککەوتننامەیان نەبێت.
٥- بۆ مەبەستی هەبوونی کاریگەری زیاتر لەسەر جێ بە جێ کردنی رێککەوتننامە لەلایەن دوو لایەنی شەڕەکە، ناوەندێک بۆ پاراستنی ئاشتی بۆ کۆنترۆل کردنی ئاگربەس پێک دێت.
٦- کۆماری ئەرمینیا ناوچەی "کلبجر" تا ١٥ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ و ناوچەی "لاچین" تا ١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ پاشەکشە کردن لە "دالان لاچین" (٥ کیلۆمەتر فراوانی) کە بەیەک گەیاندنی قەرەباغ لەگەڵ ئەرمینیا گەرەنتی دەکاتەوە کە لەگەڵ ئەوەشدا بە بێ گەڕانەوە دەبێت، رادەستی کۆماری ئازەربایجان دەکات.
لەگەڵ رێککەوتنی هەر دوو لایەن لە سێ ساڵی داهاتوودا پلانێک بۆ دروستکردنی ڕێگایەکی هاتوچوو کردنی بە درێژایی "دالان لاچین" کە شاری "خانکندی" بە وڵاتی ئەرمینیا دەبەسترێتەوە، جێ بەجێ دەکرێت.
ئازەربایجان پاراستنی سەلامەتی ئەم رێگایە بۆ خەڵک و ئامێرەکانی گواستنەوە و شت و مەک بە ئەستۆوە دەبێت.
٧- ئاوارەکان و پەنابەرانی ناوخۆیی لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەی قەرەباغ و ناوچەکانی دەوروبەری لە ژێر کۆنترۆڵی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەبێت.
٨- ئالوگۆڕ کردنی دیلەکان جەنگی و خەڵکانی دیکە و تەرمی کوژراوان لە زووترین کات جێ بەجێ دەکرێت.
٩- ڕێگری لە هیچ پەیوەندییەکی ئابووری و گواستنەوە لە ناوچەکەدا ناکرێت و کۆماری ئەرمینیا بۆ ڕێکخستنی هاتوچووی هاوڵاتیان و ئامێرەکانی و گواستنەوە و شت و مەک لە هەر دوو لا، لە نێوان ناوچەکانی رۆژئاوای کۆماری ئازەربایجان و کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجەوان، بەرپرس دەبێت. کۆنترۆلی گواستنەوە لەلایەن ناوەندەکانی سنووری FSB رووسیا دەبێت.
لەگەڵ ئەم رێککەوتنە، دروست کردنی رێگا و بان لەنێوان کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجەوان بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کۆماری ئازەربایجان دەستەبەر دەکرێت.
تشرینی دووەمی ٢٠٢٠
سەرۆک کۆماری، کۆماری ئازەربایجان
سەرۆکی وەزیرانی کۆماری ئەرمینیا
سەرۆک کۆماری رووسیا
بە پێی هەواڵەکان دوای راگەیاندنی ئەم رێککەوتنە خەڵکی ناڕازی لە ئیرەوان پایتەختی ئەرمینیا هێرشیان کردە بینا حکومییەکان و دەنگی تەقە لەو شارە بیستراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەواڵی ئەم رێککەوتنە، شاری باکۆ پایتەختی کۆماری ئازەربایجان بە دوو مووشەکی بالستیک کرایە ئامانج.
بە پێی زانیارییەکانی بەپرسانی ئازەربایجان ئەم دوو مووشەکە لەلایەن سیستەمی بەرگری ئەو وڵاتە تێکشکاون.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.