لە کاتژمێرەکانی کۆتایی ٩ تشرینی دووەم، ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ئاگربەسی تازە و رێککەوتنی ئاشتی بەردەوام لە قەرەباغ بە لایەنگری رووسیا هەواڵیان دایەوە؛ رێککەوتنێکی ئاشتی کە پرسیار و شتە نادیارەکانی زۆری دروست کردووە، بەڵام براوەی ئەم پێکدادانە کێ دەبێت؟!
ئەم رێککەوتنەی ئاشتی لەکاتێکدا رێککەوتنی لەسەر کرا کە پێشتر سێ ئاگربەسی دیکە لە قەرەباغ راگەیەندرا بوو و هیچیان بەردەوامیان نەبوو بەڵام هاتنە ناوی رووسیا وەک ئەکتەری سەرەکی لە رێککەوتنی چوارەمدا، کۆتایی بە کێشەکەی قەرەباغ هێنا.
رێککەوتنی ئاشتی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ٩ خاڵی سەرەکی پێک دێت کە بە کورتی بە شێوەی خوارەوەن:
١- راگرتنی تەواوی پێکدادانەکان و مانەوە لە پێگەکانی ئێستا.
٢- رادەست کردنی ناوچەی "ئاقدام" بە ئازەربایجان
٣ و ٤- جێگیر کردنی هێزەکانی ڕووسیا لە قەرەباغ
٥- دامەزراندنی بنکەیەک بۆ چاودێری کردنی بە پرۆسەی ئەم رێککەوتنە
٦- رادەست کردنی ناوچەی "کلبجر" و "لاچین" بە ئازەربایجان
٧- گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ قەرەباغ
٨- ئاڵوگۆڕ کردنی دیلەکان و تەرمی کوژراوان
٩- دروست کردنی رێگا و بانی تایبەت بۆ بەیەک گەیاندنی ڕۆژئاوای ئازەربایجان بە نەخجەوان
لەوانەیە بە بینینی ئەم خاڵانە وا دیار بێت کە ئەم رێککەوتنە وەک سەرکەوتنێکی تەواو بۆ ئازەربایجان و شکستێک بۆ ئەرمینیا بێت یا بە لایەنی کەمەوە ئەوەی ئازەربایجان لە قەرەباغ ویستوویەتی پێ گەیشتووە. بەڵام بە بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەم رێککەوتنە و شێوازی جێگیر بوونی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی قەرەباغ، پرسیار و شتی نادیار و کێشەکانی زۆر لەسەر چارەنووسی ئەم ناوچەیە دروست دەبێت کە بۆ تێگەیشتنی باشتری ئەم رێککەوتنە، لەسەر نەخشە شی دەکەینەوە.
ناوچەی سەوز، ئەو ناوچانەن کە لە ماوەیەکی دیاری کراو رادەستی کۆماری ئازەربایجان دەکرن. ناوچەی "کلبجر" تا ١٥ تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، ناوچەی "ئاقدام" تا ٢٠ تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، ناوچەکانی "لاچین" و ناوچەکانی "گازاخ" تا ١ کانوونی یەکەم رادەستی کۆماری ئازەربایجان دەکرن.
تێبینی گرنگ و سەرەکی دەربارەی ئەم بابەتە ئەمە کە نەک هەموو ناوچەکانی "ئاقدام و کلبجر و لاچین رادەستی ئازەربایجان دەکرێت بەلکو بەتەنیا ئەو ناوچانەی کە لە دەرەوەی ناوچەی " خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەرمینیا دان، رادەستی کۆماری ئازەربایجان دەکرن. بۆ نموونە نیوەی ڕۆژهەڵاتی کلبجر دەکەوێتە ناوچەی" خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" کە ئەم بەشە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەرمینیا دەمێنێتەوە و بە تەنیا بەشی رۆژئاوای کلبجر رادەستی ئازەربایجان دەکرێت. بەشی بچوکی رۆژئاوای ئاقدام هەروەها بەم شێوەیە دەبێت. بە شێوەی گشتی شێوازی ناوچەی "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" لەم ناوچانە وەک خۆی دەبێت.
ناوچەی وەنەوش، ئەو ناوچانەن کە بڕیار وایە ١٩٦٠ کەس لە هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا بە ٩٠ زرێپۆش و ٣٨٠ ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی تایبەت تێدا جێگیر بن. ئەگەر سەرنج لەسەر شێوازی جێگیر بوونی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەی قەرەباغ بدەن، بە روونی دیارە کە ئەو هێزانە بە دیاریکراوی لە سنوورەکانی ناوچەی "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" جێگیر دەبن. ئەم بابەتە بە واتای ئەوەیە ناوچەی "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" بۆ ئەرمینیا بە فەرمی دەناسرێتەوە و لە کۆنترۆلی ئەرمینیا دەمێننەوە. هەرچەندە لە رێککەوتنەکە ئاماژە بەم بابەتە نەدراوە بەڵام ئەم واتایە لێ دەکەوێتەوە.
لەگەڵ ئەم بابەتە دەبێت ئاماژە بەوەش بدرێت کە: لە دەقی رێککەوتنەکە ئاماژە بەوە دراوە کە هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا بۆ ماوەی ٥ ساڵ لەو ناوچەیە دەمێننەوە و لە ئەگەری نەبوونی هیچ کێشەیەک، ئەم ماوەیە بۆ ٥ ساڵی دیکە درێژ دەبێتەوە و درێژ کردنەوەی ئەم ماوەیە بۆ کاتی نادیار بەردەوام دەبێت کە مانەوەی ناوچەی "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" دوپات دەکاتەوە.
ئەگەر سەرنج بدەنە ناوچەکانی باشوری قەرەباغ بە تایبەتی ناوچەکانی باشوری "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ"، بە روونی دیارە کە هێزەکانی ئازەربایجان بەشێکی بچوکی "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ"یان کۆنترۆل کردووە و زۆربەی ئەو ناوچانەی کە بە شەڕ کۆنترۆل کراون لە دەرەوەیە ئەو خۆبەڕێوەبەریە دایە.
لە نەخشە پێشڕەوییەکانی ئازەربایجان کە بە شەڕ کۆنترۆل کراون بە ڕەنگی زەرد دیاری کراون.
بە دیاری لەوەی کە ئازەربایجان توانیەتی بە نزیکەیی تەواوی ناوچەکانی باشوری قەرەباغ کۆنترۆل بکاتەوە، سەرکەوتنێکی زۆر باش بۆیان هەژمار دەکرێت بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەم بابەتە نابێت بۆ ئەرمینیا زۆر بە خراپ دابنرێت؛ چونکە بە شێوەی گشتی ناوچەکانی دەوروبەری "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" لە باکور و لە باشوری قەرەباغ، بە شێوەی فەرمی و نێودەوڵەتی وەک بەشێک لە خاکی ئازەربایجان دادەنرێت و هێزەکانی ئەرمینیا ئەو ناوچانەی دەوروبەری "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" کە داگیریان کرد بوو لە ئێستادا لە باشور بە زەبری هێز و لە باکور بە ڕێکەوتنی ئەم جارە رادەستیان کردووە یان تا ئەو ماوانەی دیاری کراو رادەستی دەکەن.
بەڵام شایانی باسە ئازەربایجان داوای ناوچەی قەرەباغ بە گشتی دەکات کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا بەدی نەهاتووە، چونکە بەشێکی زۆری "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" بە پشتیوانی رووسیا تا کاتێکی نادیار لە کۆنترۆلی ئەرمینیا یان هەر وەک کۆماری قەرەباغ (ئارتساخ) دەمێنێتەوە.
بابەتێکی گرنگی دیکە، دروست کردنی ڕێگا و بان لە نێوان ئێستپاناکرت (خانکندی) و ئەرمینیا لە ماوەی سێ ساڵ و هەروەها دروست کردنی رێگا و بانی پارێزراو لە نێوان کۆماری ئازەربایجان و ناوچەی نەخجەوان لە ناو خاکی ئەرمینیا دەبێت. پاراستی ئەم رێگایانە هەروەها لەلایەن هێزەکانی ئاشتیپارێزەوە دەبێت.
لەگەڵ بەراورد کردنی ئەم دوو ڕێگایە دەتوانین بەم شێوەیە لێکدانەوەی بۆ بکەین کە ئەرمینیا لە بەرامبەر هەبوونی ڕێگایەکی پەیوەندی زەمینی پارێزراو بۆ ئێستپاناکرت، ڕێگایەکی پەیوەندی زەمینی پارێزراو بۆ گەیشتنی ئازەربایجان بە نەخجەوان دابین دەکات. ئەم بابەتەش بە واتای دان پێدانی ناڕاستەوخۆی ئازەربایجان بۆ خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ لە بەرامبەر رێگای گەیشتنی بە نەخجەوان دابنرێت.
لەسەر نەخشە ڕێگا و بانی تازە لە نێوان ئێستپاناکرت بۆ ئەرمینیا بە هێڵی سوور و ڕێگای پەیوەندی ئازەربایجان بۆ نەخجەوان بە هێڵی زەرد دیاری کراوە.
بابەتێکی گرنگی دیکە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ قەرەباغە. بە درێژایی شەڕەکانی قەرەباغ دانیشتووانی ئازەری ناوچەکانی قەرەباغ لە نێوانیاندا خوجالی لە "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" هەڵهاتوون و هەروەها ئەو ئەرمەنیانەی کە لە پێکدادانەکانی دوو مانگی ڕابردوو لە ناوچەکانی باشوری قەرەباغ وەک هادروت هەڵهاتوون؛ بە شێوەی دیار پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی ئاماژە پێ کراو، لە رێککەوتنەکە باس نەکراوە و تا ئێستا هیچ یەکێک لە بەرپرسانی هەر دوولایەن هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم بابەتە نەبووە.
بە شێوەی گشتی ئەم رێککەوتنە سەرەڕای ئەوەی هەر دوولایەنی شەڕەکە واتا ئازەربایجان و ئەرمینیا باسی لێوە دەکەن، نە سەرکەوتنێکی تەواو و نە شکستێکی تەواوە بەڵکو تا ئێستا هەر دوولایەن تا رادەیەکی دیاریکراو گەیشتوونەتە ئامانجەکانی خۆیان؛ لەگەڵ ئەم جیاوازیە کە بەشی ئازەربایجان لەم دەستکەوتانە زیاترە.
کۆماری ئازەربایجان ناوچەکانی دەوروبەری "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" لەگەڵ بەشەکانی باشوری ئەو خۆبەڕێوەبەریە دوای ٢٨ ساڵ بە تەواوی بەدەست هێنا. لە بەرامبەردا ئەرمینیا سەربەخۆيی (بە شێوەی نافەرمی) و بەردەوامی دان بە ئامادەبوونی لە "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" بەدەست هێنا.
کۆماری ئازەربایجان بە ڕێگایەکی زەمینی راستەوخۆ خۆی گەیاندە ناوچەی نەخجەوان و لە بەرامبەردا ئەرمینیا هەروەها ڕێگایەکی زەمینی راستەوخۆ بۆ ناوەندی "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" واتا شاری ئێستپاناکرت بەدەست هێنا.
دەربارەی داهاتووی ناوچەی قەرەباغ لەگەڵ رێککەوتنی ئەم دواییە، چەندین بابەتی نادیار هەیە کە بەلایەنی کەمەوە لە دەقی رێککەوتنە باسێ لێوە نەکراوە کە بە دووری نازانین کە لە داهاتوو ببێتە هۆی دروست بوونی کێشە لەو ناوچەیە.
لە ئێستادا رووسیا بە هاتنی بۆ قەرەباغ کاریگەری و فشارەکانی لە ناوچەکە زیاد کردووە و لەلای دیکەوە گۆڕانکاری سیاسی گرنگ لە ئەرمینیا خەریکە ڕوو دەدات و لەلای دیکەوە هێڵەکانی بەیەک گەیشتن بە بەردەوامی دەتوانن شوێنێک بن بۆ دروست بوونەوەی گرژییەکان.
هەموو شتێک لە داهاتوو ئەگەری هەیە، هەر وەک ئازەربایجان دوای ٢٨ ساڵ و خۆ رێکخستنەوە بۆ کۆنترۆل کردنی قەرەباغ هەوڵی دایەوە، دوور نیە ئەرمینیا هەنگاو و سیاسەتی هاوشێوە بەرامبەر ئازەربایجان بگرێتە بەر.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.