15‏/11‏/2020

دوایین هەواڵەکان بارودۆخی قەرەباغ تا ١٤-١١-٢٠٢٠ + نەخشەی بنکەکانی هێزەکانی رووسیا لەو ناوچەیە

هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا بۆ جێ بەجێ کردنی رێککەوتنی ئاشتی هاتوونەتە ناوچەی "خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو قەرەباغ" و چەند ناوچەی دیکە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاوکراوەتەوە ١٧ بنکەی سەربازی بە شێوەی هەمیشەیی لەلایەن هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا لە ناوچەی قەرەباغ دادەمەزرێت؛ هەروەها چەندین بنکەی سەربازی کاتی لە چەند ناوچەیەکی دیکەی قەرەباغ دادەمەزرێت کە بە شێوەی سێگۆشەی سپی لەسەر نەخشە دیاریمان کردووە.

ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری رووسیا لە لێدوانێکدا راگەیاند: لە شەڕی قەرەباغ زیاتر لە ٤ هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە ٨ هەزار کەس بریندار بوون و دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.

بە ووتەی ووتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەرمینیا، ٢٣١٧ کەس لە هێزەکانی ئەرمینیا لە شەڕی قەرەباغ گیانیان لەدەست داوە.

لە ماوەی سێ ڕۆژی رابردوو، ١١٠٣ هێزی سەربازی رووسیا و ١١٦٨ پارچە کەلوپەلی سەربازی بە ٧٣ فڕۆکە لە رووسیا بۆ ئەرمینیا گواستراونەتەوە. بڕیار وایە ئەو هێز و کەلوپەلە سەربازییانە لە ئەرمینیا لە رێگەی ناوچەی "لاچین"ەوە بۆ قەرەباغ بگوازرێنەوە.

ئەو ناوەندە سەرەکییانەی کە هێزەکانی ئاشتیپارێزی رووسیا لە ناوچەی قەرەباغ تێدا جێگیر دەبن، شارەکانی ئێستپاناکرت و مارتاکرت دەبێت.

بە پێی زانیارییەکان، دەستەی سەربازی رووسیا و تورکیا لە ئەنکەرە لەسەر ئاگربەسی قەرەباغ گفتوگۆیان کردووە و سەرەڕای ئەوەی لە ١٢ی ئەم مانگە وەزیرانی بەرگری رووسیا و تورکیا رێککەوتنێکیان لەسەر دامەزراندنی بنکەی هاوبەش بۆ چاودێری کردنی ئاگربەسی قەرەباغ واژۆیان کرد بوو، تا ئێستا هیچ هەواڵێک دەربارەی جێگیر بوونی هێزەکانی تورکیا لە قەرەباغ بڵاونەکراوەتەوە.




ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.