هەواڵە تایبەتەکان : روسیا داوا لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە کۆنترۆلی شاری "عین عیسی" بۆ ڕێگری کردن لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەو ناوچەیە، رادەستی سوپای سوریا بکرێتەوە.
لە هەفتەکانی رابردوو نائارامی و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەکدارانی سەر بە تورکیا لە هێڵی سنووری "ناوچەی ئارام" لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
پێشتریش ئەو ناوچەیە پێکدادانی ئەو دوو لایەنەی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام پێکدادانەکانی هەفتەی رابردوو بە شێوەیەکی زۆر زیاتر لە جاران بووە و تەنانەت چەند ئۆپەراسیۆنێکی سنورداری چەکدارانی سەر بە تورکیا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات پوچەڵ کراوەتەوە و چەندین کەس لەو چەکدارانەش کوژراون.
زۆربەی ئەم پێکدادانە لە دوو ناوچەی سەرەکی نزیک ناوچەی "عین عیسی" و "تل تمر" ڕوو دەدات. بەهێزی بۆردومان و پێکدادانەکان بە شێوەیەکە کە دانیشتوانی کەمپی ئاوارەکانی "عین عیسی" خەریکی چۆڵ کردنی کەمپەکەن.
لە دوو رۆژی رابردوو بە پێی ئەو پێکدادانەی کە لە باکوری "تل تمر" لە نزیک گوندی "تل ابوراسین" و "باب الخیر" لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەکدارانی سەر بە تورکیا روویدا، سەربازێکی تورکیا کوژرا و چەندین چەکداریش بریندار بوون. هەفتەی رابردووش هەروەها چەندین کەس لە چەکدارانی سەر بە تورکیا کە نیازی ئەوەیان هەبوو بێنە ناو باکوری "عین عیسی" لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژران و بریندار کران.
هەر بۆیە دەستەی سەربازی رووسیا بە هاتنە ناو شاری "عين عیسی" دیدار و گفتوگۆیان لەگەڵ فەرماندەکانی سوریای دیموکرات ئەنجام داوە. بە پێی دوایین هەواڵەکان، رووسیا داوا لە هێزەکانی سوریای دیموکراتی کردووە بۆ ڕێگری کردن لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا و چەکدارانی سەر بەو وڵاتە لە "عین عیسی"، کۆنترۆلی ئەو ناوچەیە رادەستی هێزە هاوبەشەکانی رووسیا و سوریا بکرێت. وەک دەوترێت لە ئەگەری دەربڕینی رەزامەندی لەلایەن سوریای دیموکرات، لە رۆژانی داهاتوو سوپای رووسیا دوو بنکەی سەربازی تازە لە دەوروبەری ئەو شارە دادەمەزرێنێت.
لە ئۆپەراسیۆنی رابردووی تورکیا لەو ناوچەیە، ئەو وڵاتە توانی تا نزیک "تل تمر" پێشڕەوی بکات بەڵام لەگەڵ هاتنی هێزەکانی سوپای سوریا و رووسیا بۆ ئەو ناوچەیە و دامەزراندنی چەندین بنکەی سەربازی هاوبەش لە "تل تمر"، ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی سوپای تورکیا کرا.
شایانی باسە سوپای تورکیا بە پاشەکشە کردنی ئەمریکا لە چەندین ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هەلکردنی گلوپی سەوزی ئەمریکا بۆ تورکیا، ئۆپەراسیۆنێک لە ٩-١٠-٢٠١٩ بە ناوی "کانی ئاشتی" لە ڕۆژهەڵاتی فورات دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێکردەوە. لە ماوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە هێزە کوردییەکان ناوچەیەکی زۆریان لەدەست دا و لە کۆتایی بۆ ڕێگری کردن لە پێشڕەوییەکانی تورکیا و چەکدارانی لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات، ناچار بە وەرگرتنی هاوکاری لەلایەن رووسیا و حکومەتی سوریا بوون و لەگەڵ هاتنی هێزی سوپای سوریا و رووسیا بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و جێگیر بوونیان لەو ناوچانە، ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام و راگەیاندنی ئاگربەس راگیرا.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.