هەواڵە تایبەتەکان : بە پێی ئەو ئامارەی کە لەلایەن وڵاتی ئازەربایجان بڵاو کراوەتەوە، ٢٧٨٣ کەس لە هێزەکانی ئازەربایجان لە شەڕی قەرەباغ کوژراون و ١٢٤٥ کەس بریندار و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بێ سەر و شوێن بوون.
ئەم ئامارە لەکاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە لە ماوەی ئەو شەڕە، حکومەتی ئازەربایجان خۆی بەدوور دەگرێت لە بڵاو کردنی ئەو ئامارە؛ بەڵام ئەوەی پێشبینی دەکرا ٢ بۆ ٣ هەزار کوژراو بۆ هەر یەکە لە لایەنەکانی ئەو شەڕە بوو.
لە لایەکی دیکەوە ئاماری کوژراوانی هێزە ئەرمەنییەکان کە لەلایەن ئەو وڵاتەوە بڵاو کراوەتەوە، ٢٤٢٥ کەس بووە کە پێ دەچێت ئاماری ڕاستەقینە نەبێت.
بە هەر حاڵ هەر وەک لە ئاماری کوژراوانی ئەو شەڕە دیارە، شەڕی قەرەباغ لەگەڵ ئەوەی کە ماوەیەکی کەمی خایاند، بە یەکێک لە خوێناویترین شەڕەکانی ناوچەکە هەژمار دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەی ئازەربایجان لەم شەڕەدا دەستی باڵای لە شەڕی ئاسمانی دا هەبوو و توانی بوو گورزێکی کوشندە لە هێز و ئامێرە سەربازییەکان ئەرمینیا بداتەوە، کوژراوانی ئازەربایجان ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەم شەڕە، شەڕێکی ئاسان بۆ ئازەربایجانیش نەبووە و هەرچەندە لاوازی ئەرمینیا لە بەشی بەرگری ئاسمانی بە شێوەی بەرچاو دیار بوو، بەڵام بە پێی ئەو ئامارە ئەرمینیا توانیەتی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئازەربایجان بکاتە ئامانج؛ بەو جیاوازییەی کە ئازەربایجان بە بڵاو کردنەوەی وێنە ئاسمانیەکانی لە کاتی کردنە ئامانجی هێز و ئامێرە سەربازییەکانی ئەرمینیا، توانی بوو لە شەڕی میدیاییش سەرکەوتوو بێت کە ئەم بابەتە خۆی گرنگی شەڕی میدیایی بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی، دەردەخات.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.