15‏/12‏/2020

دوایین هەواڵەکان لە بارودۆخی شنگال + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان : هێزە ئەمنییەکانی عێراق وەک دەوترێت بارەگاکانی چەکدارانی سەر بە پەکەکە و بنکەی پۆلیس لە سنون و خانەسور لە باکوری ڕۆژئاوای شنگالیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

لەگەڵ رێککەوتنی ئەنجام دراو لە ٩ی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو لە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ناوچەی شنگال بۆ دروست کردنی کارگێریەکی هاوبەش و دورخستنەوەی هێزەکانی سەر بە پەکەکە و پاشەکشە کردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە دوری ٥ کیلۆمەتر لە ناوچەی شنگال، دوایین هەواڵەکان لەو ناوچەیە بە شێوەی خوارەوەیە.

بە پێی زانیارییەکان لە ناوچەی شنگال، دوای ناردنی دوو لیوای هێزەکانی پۆلیسی فیدرالی عێراق کە لە ٢٥٠٠ کەس پێکهاتبوون بۆ جێگیر بوون لە ناوچە سنوورییەکانی شنگال لەگەڵ سوریا لە ٢٠ی تشرینی یەکەم، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بارەگاکانی چەکدارانی سەر بە پەکەکە و بنکەی پۆلیس لە سنون و خانەسور لە باکوری ڕۆژئاوای شنگالیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە و زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە ئێزدییەکانی ناوچەکە لەگەڵ جیابوونەوەیان لە پەکەکە بڕیار وایە بچنە ناو ریزەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە.

تا ئێستا چەندین جار چوونەوە دەرەوەی چەکدارانی سەر بە پەکەکە لەلایەن سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق ڕاگەیێندراوە، لەگەڵ ئەمەشدا هەواڵەکان باس لەوە دەکەن ئەو چەکدارانە پەنایان بردووە چیای شنگال و بە شێوەی شاراوە تێدا جێگیرن.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەبارەت بەرێککەوتننامەی شنگال لە چەند ڕۆژی رابردوو قسەی کرد و گوتی: "پەکەکە لە شنگال تەنیا جلی گۆڕیوە و بۆ چەند کاتژمێرێک بارەگاکانی چۆڵ کردووە".

مەسرور بارزانی گوتی: "ئێمە چاوەڕوانین کە ئەو رێککەوتننامەیە جێبەجێ بکرێت. بە داخەوە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، هەندێک جار دەبینین کە قسەی لەسەر دەکرێت، گوایە هەندێک هەنگاوی پێویست نراوە، ئەوەی بینیمان هەندێک لە هێزە عێراقییەکان بەرەو ناوچەکان هاتوون، بەڵام بۆ دەرکردنی ئەو هێزە چەکدارانەی کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن یان پەکەکە یان سەربە پەکەکەن، بە هیچ شێوەیەک لە شنگال دەرنەچوون، تەنیا بۆ چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو بارەگاکانیان بە جێهێشت دواتر بە جلوبەرگێکی ترەوە گەڕاونەتەوە. لە هەمانکاتیشدا تەنانەت ژمارەی ئەو چەکدارانە لە شنگال زیاد بووە، چونکە ژمارەیەکیان لە سووریاوە هێناوەتەوە لە چەند رۆژی رابردوو. ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین".

ئەم رێککەوتنە لەکاتێکدا لە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتنێکی گەورە ناونرا کە بەشێک لە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی عێراقی و بیانی، باس لە هەندێ کێشە و ناشەفافیەت لەو رێککەوتنە دا دەکەن.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.