30‏/04‏/2020

کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنسارۆڵڵا لە پارێزگای "الجوف"ی یەمەن + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان: یەحیا سەریع ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە ئەنسارۆڵڵا، کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنسارۆڵڵا لە پارێزگای "الجوف"ی یەمەن راگەیاند.

یەحیا سەریع ووتی:  
« - کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی "فأمکن منهم" رادەگەیەنین کە بە هۆیەوە ٩٥%ی پارێزگای "الجوف" ئازاد کرا.
- دوایین قۆناغ لەم ئۆپەراسیۆنە ئازاد کردنی بنکەی "اللبنات" و "الاقشع" و "الخسف" و "المرازیق" و "المهاشمە" بوو. 
- ژمارەی ئەو خۆفرۆشانە کە لەم ئۆپەراسیۆنە کوژران، ١٢٠٠ کەس بوو.
- ٣٥٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە بیابانەکانی "الحزم" لەگەڵ ناوچەکانی "خب" و" الشعف" لەم ئۆپەراسیۆنە کۆنترۆل کراوە.
- گرنگی بیابانەکانی "الجوف"، تێکشکانی داعش و ئەلقاعده بوو کە بە پاڵپشتی ئەمریکا و سەعودیا و ئێمارات لەو ناوچەیە پێک هێنرا بوون.
- بنکەی "اللبنات" وەک دوایین پێگەی خۆفرۆشان لە "الجوف" و کلیلی چوونە ناو پارێزگای "مأرب" ـە.
- ئێمە چەندین هەڵبژاردەی ستراتیژیمان لەبەر دەست دایە کە دەبێتە هۆی پەشیمانی دۆژمنان لە درێژ کردنی شەڕ و ئەوان بەرپرس دەبن لە ئەنجامەکەی.
- فڕۆکە جەنگییەکانی دۆژمن ٢٥٦ جار لە کۆتایی مانگی ئازار تا سەرەتای مانگی نیسان هێرشیان لە پارێزگای "الجوف" ئەنجام داوە.»



29‏/04‏/2020

پەیامی حزبۆڵڵا بۆ ئەمریکا لە ڕێگای فەرەنساوە؛ دەستەوەستان نابین



سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە کە حزبۆڵڵای لوبنان لە ڕێگای فەرەنساوە پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا کردووە و سەبارەت بە پیلانەکانی ئەو وڵاتە بۆ هەڵوەشانەوەی کەرتی ئابوری لوبنان هۆشداریی داوە.

حزبۆڵڵای لوبنان لە ڕێگای فەرەنساوە پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە بەرامبەر پیلانگێڕییەکانی دژ بە کەرتی ئابوری لوبنان دەستەوەستان نابێت و ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ئەوەی کە لە شەڕی دژ بە داعش و لە ڕێگای تەکفیرییەکانەوە بە دەستیان نەهێنا لە ڕێگای ئابوریشەوە بە دەستی ناهێنن.
حزبۆڵڵا بە فەرەنسای ڕاگەیاندووە کە لە بەرامبەر ئەو پیلانگێڕییەی ئەمریکا کە دژ بە کەرتی ئابوری لوبنان بە هاوکاری چەند لایەنێکی ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت بێدەنگ نابێت و لوبنان ڕادەستی دوژمنان و پیلانگێڕان ناکرێت.
حزبۆڵڵا هۆشداریشی بەوانە داوە کە هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتەکەی حەسان دەیاب دەدەن.

جام کوردی

وێنە | داعش و ئەلقاعیدە هاوکاری هاوپەیمانی سەعودیا لە یەمەن دەکەن


ئەم وێنانە تایبەتن بە ناوچەی "الخسف" لە ڕۆژهەڵاتی "مديرية الحزم" دوای کۆنترۆل کردنی لەلایەن هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا و یەکینەکانی خەڵکی کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانی سەعودیا دا بووە.
ئەم بەڵگانە کە دوای کۆنترۆل کردنی لەم ناوچەیە دۆزراوەتەوە دەیسەلمێنێت کە داعش و ئەلقاعیدە هاوکاری هاوپەیمانی سەعودیا لە شەڕی یەمەن دژ بە ئەنسارۆڵڵا دەکەن.
 

28‏/04‏/2020

ڤیدیۆی ئۆپەراسیۆنی ئەنسارۆڵڵا و یەکینەکانی خەڵکی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی "اللبنات" و ڕۆژهەڵاتی "الحزم" لە یەمەن


ئەم ڤیدیۆیە تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا و یەکینەکانی خەڵکی لە ڕۆژهەڵاتی شاری "الحزم" و بنکەی سەربازی "اللبنات" لە ٣١-٣-٢٠٢٠ کە لەلایەن ئەو هێزانە وە لە ٨-٤-٢٠٢٠ بە تەواوی کۆنترۆل کرانەوە.
هاوپەیمانی سەعودیا چەندین جار ئەم ناوچانەی بۆ کۆنترۆل کردنەوەی بۆردومان کردووە کە تا ئێستا هەوڵەکانی شکستی هێناوە.

27‏/04‏/2020

ڤیدیۆ | هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر دیمەشق


هەواڵە تایبەتەکان: بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی ئیسرائیل چەندین ئامانجیان لە باشوری رۆژئاوای دیمەشق پایتەختی سووریا بۆردومان کرد.

بە پێی هەواڵەکان سیستەمی بەرگری ئاسمانی سووریا توانی چەند موشەکێک تێکبشکێنێت کە بە هۆی کەوتنە خوارەوەی پارچەکانی ئەو مووشەکانە لە ناوچەکانی نیشتەجێ بوونی "الحجیرە" و "العادلیە" ٣ کەسی سڤیل کوژران و ٤ی دیکەش بریندار بوون.

هێرشی موشەکی هێزەکانی حەفتەر بۆ سەر فڕۆکەخانەی "معیتیقە"



هەواڵە تایبەتەکان: سوپای نیشتمانی سەر بە خەلیفە حەفتەر بە موشەک هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی "معیتیقە" لە ڕۆژهەڵاتی تەرابلس پایتەختی لیبیا.

فڕۆکەخانە و بنکەی ئاسمانی "معیتیقە"، دوای داخرانی فڕۆکەخانەی تەرابلس تەنیا رێگای ئاسمانی حکومەتی ویفاق لەگەڵ وڵاتان بە تایبەت تورکیا بووە.
سوپای نیشتمانی ئەم فڕۆکەخانەیە بە شوێنی بەکارهێنانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ هێرشەکانیان دەزانن، هەر بۆیە چەندین جار بە چڕی بۆردومانی کردووە.

26‏/04‏/2020

تورکیا چەکداری سووری زیاتری بۆ لیبیا نارد + ژمارەی ئەو چەکدارانە

هەواڵە تایبەتەکان: بە پێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە سووریا، تورکیا گروپێکی تازە لە چەکدارانی سووریای بۆ وڵاتی لیبیا ناردووە.

ژمارەی ئەو چەکدارانە کە لەم دواییەدا لەلایەن دەزگای هەواڵگری و فڕۆکەوانی تورکیا بۆ لیبیا نێردراون، بەلایەنی کەمەوە ٢١٠٠ کەس دەبن کە رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا ژمارەی کوژراوانی ئەو تیرۆریستانەی لە لیبیا ٢٢٣ کەس راگەیاندووە.

بە پێی راپۆرتی ناوەندی "لەندەن مانیتورینگ", ژمارەی ئەو چەکدارانەی سووریا کە لەلایەن تورکیا بۆ لیبیا نێردراون و بۆ حکومەتی ویفاق لەو وڵاتە شەڕ دەکەن ٧٤٠٠ کەس دەبێت و ٢٥٠٠ کەسی دیکەش ئامادەکاری بۆ جێگیر بوونیان لە لیبیا دەکرێت.

ئەو چەکدارانە زۆربەیان لە گروپەکانی "حرار الشرقیه" و "جیش الشرقیه" و لەشکری "سلطان مراد" پێکهاتوون. 
وەک دەوترێت لە نێوان گروپە سووریەکان کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، گروپی "فیلق الرحمن" رەزامەندی دەرنەبڕیوە بۆ ناردنی چەکدار بۆ لیبیا، هەر بۆیە تورکیا هاوکاری دارایی بۆ ئەو گروپەی لە دوو مانگی رابردووەوە راگرتووە.

شەڕ و پێکدادانی دوبارەی چەکدارانی "ئەنجومەنی گواستنەوەی باشور" و هێزەکانی مەنسوور هادی / راگەیاندنی سەربەخۆیی لە باشوری یەمەن

هەواڵە تایبەتەکان: بە پێی راگەیاندنی سەربەخۆیی "ئەنجومەنی گواستنەوەی باشور" بارودۆخی بەپەلە لە ناوچەکانی باشوری یەمەن راگەیێندرا.

دوای گەشتی "عیدروس الزبیدی" سەرۆکی گروپی "ئەنجومەنی گواستنەوەی باشور" بۆ ئیمارات، ئەو گروپە بڕیاری راگەیاندنی سەربەخۆیی پارێزگاکانی باشوری یەمەن و بارودۆخی بەپەلەی راگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی دەست لەکارکێشاوەی مەنسوور هادی لەگەڵ ڕاگەیاندنی ناڕەزایەتی، ئەم هەنگاوەی پاشەکشە کردنی ئەو گروپە لە ڕێککەوتی ریاز ناو برد و داوای راگەیاندنی هەڵوێست لەلایەن سەعودیای کرد.
لە چەند کاتژمێری رابردوو تا ئێستا پارێزگاکانی "شبوە" و "ابین" و "المهرە" و "حضرموت" و دورگەی "سقطری" ناڕەزایەتی خۆیان بە بڕیارەی "ئەنجومەنی گواستنەوەی باشور" راگەیاندووە.

پێشتریش هەروەها گروپی "ئەنجومەنی گواستنەوەی باشور" و حکومەتی دەست لەکارکێشاوەی مەنسوور هادی لەبەر هەبوونی کێشە و ناکۆکی چەندین جار شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست بووە کە لەلایەن ئیمارات و سەعودیا ئەو شەڕە راگیرا بوو و لە کۆتاییدا لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لە ریاز پایتەختی سەعودیا رێککەوتن، بەڵام  لە ئێستادا هەر دوو لایەن یەکتر بە جێ بەجێ نەکردنی ئەو رێککەوتنە تۆمەتبار دەکەن.

شایانی باسە گروپی "ئەنجومەنی گواستنەوەی باشور" لەلایەن ئیمارات و هێزەکانی مەنسوور هادی لەلایەن سەعودیاوە پاڵپشتی دەکڕن. 

هێزەکانی سوریای دیموکرات پارێزەرانی نەوتی سووریا بۆ ئەمریکا

هەواڵە تایبەتەکان: سەرچاوەکانی نزیک لە چەکدارانی سووریا لە دانانی باشترین و شارەزاترین هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ پاراستنی بیرە نەوتییەکانی باکوری سووریا لەلایەن ئەمریکا هەواڵی دەدەن.
بە پێی ئەم زانیاریانە، ئەمریکا لە رێگای هێز و بە بەکارهێنانی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەوڵ دەدات کاریگەری و دەسەڵاتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات و سەرچاوەکانی نەوتی و غازی بە نرخی سووریا لەو ناوچانە بپارێزێت.

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا جموجۆڵەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری شاری رەققە زیادی کردووە و سەدان کەس لە هێزەکانی سووریای دیموکرات دوبارە بانگێشت کراون. ئەگەری ئەوە هەیە ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا لەبەر زیاد بوونی هێزەکانی سوپای سووریا و رووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات بێت،،بە شێوەیەک ئەمریکا هەوڵ دەدات بە زیادکردنی بوونی خۆی لەو ناوچەیە لە کاریگەری حکومەتی سووریا و رووسیا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات کەم بکاتەوە.

25‏/04‏/2020

لێدانی دووەمی ئەنسارۆڵڵا بە هێزەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە "البیضاء"ی یەمەن

هەواڵە تایبەتەکان: هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا بە پاشەکشەیەکی تەکتیکی توانیان تیپێک لە هێزەکانی مەنسوور هادی لە بەرەکانی "مکیراس" لە باشوری پارێزگای "البیضاء" گەمارۆ بدەن.

بە پێی سەرچاوەکانی هاوپەیمانی سەعودیا، ئەنسارۆڵڵا توانیەتی یەکێک لە تیپەکانی سەر به مەنسوور هادی بە فەرماندەیی "ساڵح الشاجری" لە بەرەکانی "مکیراس" گەمارۆ بدات و زۆرێک لەوانە بکاتە ئامانج کە یەکێکیان "عمار عادل الجابری" لە فەرماندەکانی ئەو هێزانەیە.

پێشتریش هەروەها ئەنسارۆڵڵا لە ١٠ی ئەم مانگە لە هێرشێکی موشەکی بۆ سەر بنکەی "الشاجری" لە پارێزگای "ابین"ی یەمەن توانی بوو هێزەکانی مەنسوور هادی بکاتە ئامانج.

22‏/04‏/2020

ڤیدیۆ | هێرشی ئاسمانی حکومەتی ویفاق بۆ سەر هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەر



ئەم ڤیدیۆیە تایبەتە بە هێرشەکانی فڕۆکەکانی حکومەتی ویفاق بۆ سەر هێزەکانی سوپای نیشتمانی سەر بە خەلیفە حەفتەر لە شارەکانی "صبراته" و "صرمان" لە لیبیا.
شایانی باسە شارەکانی "صبراته" و "صرمان" لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ویفاق لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ئەو هێزانە وە کۆنترۆل کرا بوون کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر حەفتەرەوە بوون.



سوپای پاسدارانی ئێران یەکەمین مانگی دەستکردی سەربازی بۆ ئاسمان نارد

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە یەکەمین  مانگی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە نێردرایە بۆشایی ئاسمان.

 مانگی دەستکردی نوور وەک یەکەم مانگی دەستکردی سەربازی ئێران بە مانگیلە بەری قاسد و لە بیابانی ناوەندی ئێرانەوە بە سەرکەوتوویی هەناردەی ئاسمان کرا و لە سوووڕگەی ٤٢٥ کیلۆمەتری زەوی جێگیر بوو.

20‏/04‏/2020

پێشڕەوی ئەنسارۆڵڵا لە رۆژئاوای پارێزگای مأرب لە یەمەن + نەخشەی ناوچەکە



دوای چەندین رۆژ شەڕ و پێکدادان لە رۆژئاوای پارێزگای مأرب لە یەمەن، هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا ئەمڕۆ توانیان بنکەی "الجفرە" لەو ناوچەیە کۆنترۆل بکەن.

لە کاتێکدا هاوپەیمانی سەعودیا و هێزەکانی مەنسوور هادی هێرشێکیان بۆ کۆنترۆل کردنەوەی "الجفرە" دەست پێ کردووە، سەرچاوەکان لە هێرشێکی بەهێزی ئەنسارۆڵڵا بۆ سەر پێگەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە دوو میحوەری رۆژهەڵات و باکوور لە بنکەی ماس و وادی ماش لەو ناوچەیە هەواڵ دەدەن.

بنکەی ماس لە گرنگترین بنکەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە پارێزگای "مأرب"ە کە کۆنترۆل کردنی لەلایەن ئەنسارۆڵڵا دەبێتە هۆکارێک و ئاسانکارییەک بۆ پێشڕەویەکانی داهاتوویان لەو پارێزگایە.

هێرش کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە حەسەکە + وێنە


هەواڵە تایبەتەکان: چەندین کەسی نەناسراو هێرشان کردە سەر ئۆتۆمبێلی سەربازی ئەمریکا و هێزەکانی قسد لە نزیک گوندی "روشید" لە باشوری حەسەکە.

بە پێی ئەم هێرشە ئۆتۆمبێلی هێزەکانی ئەمریکا لە جۆری هەمەر وەرگەڕا و سەرنشینەکانیشی بریندار بوون.


ناردنی تیرویستان لە باکوری سووریا بۆ ئیدلب لەلایەن تورکیا


هەواڵە تایبەتەکان: سوپای تورکیا کاروانێکی چەکدارانی کە بە "سوپای نیشتمانی سوریا" ناسراون لە ناوچەکانی باکوری سوریا گواستەوە بۆ پارێزگای ئێدلبی ئەو وڵاتە.
وەک دەوترێت تورکیا لە پێناو کردنەوەی رێگای M4 لە پارێزگای ئیدلب و جێ بەجێ کردنی رێککەوتنی لەگەڵ رووسیا ئەو چەکدارانەی لە باکوری سووریا بۆ پارێزگای ئیدلب گواستووەتەوە.

دوای رێککەوتنی ئاگربەس لە نێوان تورکیا و رووسیا تایبەت بە پارێزگای ئێدلبی سووریا، تیرویستانی تەحریر شام و گروپە توندڕەوەکانی دیکە لەو پارێزگایە دەستیان بە داخستنی رێگای M4 و هێرشی ناو بەناو بۆ سەر کاروانی هاوبەشی تورکیا و رووسیا بۆ ڕێگری کردن لە جێ بەجێ کردنی ئەو رێککەوتنە کرد.
تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم هەنگاوانە تا ئێستا چەندین جار بە گازی فرمێسک ڕێژ و تەقەی هەوایی بەرامبەر بەو کەسانە وەستاوە.

لە کاتێکدا تورکیا نەتوانێت رووبەڕووی چەکدارانی ناوچەی ئیدلب کە لەلایەن ئەو وڵاتەشەوە پالپشتی دەکرێن ببێتەوە، بێ گومان چارەنووسی رێککەوتنی ئەم جارەی ئیدلب وەک رێککەوتنەکانی پێشتر دەبێتەوە و لەو کاتەشدا ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سووریا و هاوپەیمانەکانی دژ بەو تیرویستانە لەو ناوچەیە دوور نییە.

سوپای ئێران ڤیدیۆی ساتەکانی چاودێری کردنی کەشتی جەنگی ئەمریکای بڵاو کردەوە


سوپای ئێران ڤیدیۆی چاودێری کردنی کەشتی جەنگی ئەمریکای لەلایەن هێزەکانیەوە لە کەنداوی فارسی بڵاو کردەوە کە لە چەند دیمەنێک دا لە نزیکەوە تۆمار کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی رابردوو هەروەها ڤیدیۆیەک لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە ساتی نزیک بوونەوەی بەلەمە سەربازییەکانی ئێران لەو کەشتیە بڵاو کرایەوە کە وەک ئەو هێزانە باسییان کرد بوو و هەر وەک لە ڤیدیۆەکە دا دیار بوو دووری ئەو بەلەمانە لەو کەشتیە نزیکەی ٩ مەتر بووە.

19‏/04‏/2020

دوایین هەواڵەکان لە میحوەرەکانی شەڕ لە لیبیا تا ١٩-٤-٢٠٢٠


هەواڵە تایبەتەکان: هێزەکانی حکومەتی ویفاق بە هاوکاری تورکیا ئۆپەراسیونێکیان بۆ کۆنترۆل کردنی شاری "ترهونه" و ناوچەکانی باشوری تەرابلس دەست پێ کردووە.

بە پێی دوایین هەواڵەکان لە پێکدادانەکان، هێزەکانی ویفاق لە میحوەری "مسلاته"  لە ڕۆژهەڵات و "قره بوللی" لە باکوری "ترهونه" و "الطویشه" لە باشوری "السوانی" و "العربان" چەندین هێرشیان بۆ سەر پێگەکانی سوپای نیشتمانی سەر بە خەلیفە حەفتەریان ئەنجام داوە.

سەرچاوەکانی نزیک لە ویفاق باس لە کۆنترۆل کردنی "سوق الجمعه" و پێشرەوی تا ناوچەی "عین الشراره" لە باکوری شاری "ترهونه" و بە دیل گرتنی سەد کەس لە هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەر دەکەن بەڵام تا ئێستا بەڵگەی تەواو بۆ ئەم هەواڵە بەردەست نیە و تەنیا ناوچەی "سوق الجمعه" لە باکوری "ترهونه" و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی "الطویشه" لەلایەن ویفاقەوە کۆنترۆل کراوەتەوە.

میحوەرەکانی دیکە تا ئێستا هیچ گۆرانکارییەک تێدا ڕووی نەداوە و پێکدادانەکان بەردەوامە.

کوژرانی برازای رێبەری ئەنسارۆڵڵا



هەواڵە تایبەتەکان: "محمد احمد بدرالدین الحوثی" برازای رێبەری ئەنسارۆڵڵا لە میحوەری "صرواح" لە پارێزگای "مأرب"ی یەمەن کوژرا.
موحەمەد کۆڕی "احمد بدرالدین الحوثی" بووە کە وەک دەوترێت لە بۆردومانەکانی ڕۆژی ڕابردووی فڕۆکەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بە ڕێبەرانی سەعودیا لە میحوەری "صرواح" لە پارێزگای "مأرب"ی یەمەن کوژراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە سەرچاوەکانی نزیک لە ئەنسارۆڵڵا هۆکاری گیان لەدەستدانی موحەممەد، نەخۆشی و نەبوونی دەرمان ڕاگەیاندووە. 
باوکی موحەممەد هەروەها لە شەڕی یەکەمی" صعده" لە ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن هێزەکانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح کوژرا.

شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی سەر بە ئیمارات و سەعودیا لە باشوری یەمەن


هەواڵە تایبەتەکان: شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سەعودیا و هێزەکانی نزیک لە ئیمارات لە کێڵگە غازیەکانی "مدیریت رضوم" لە ناوچەی "بلحاف" لە باشووری یەمەن دروست بوو.
لەم پێکدادانە یەکێک لە هێزەکانی "نخبە الشبوانیە" نزیک لە ئیمارات بریندار بوو کە بە نێوەندگیری هێزەکانی مەنسوور هادی کۆتایی بە شەڕەکە هێنرا.

سەرچاوەکانی نزیک لە مەنسوور هادی لەو باوەڕەدان ئەم کێڵگەیە لەلایەن ئیمارات وەک بنکەیەکی سەربازی بەکار دەهێنرێت.
"بلحاف" لەبەر هەبوونی نەوت و غازێکی زۆر یەکێک لە شوێنە گرنگەکانی یەمەن لە ڕووی ئابووریە کە توانیان هەناردە کردنی ساڵانە ٦.٧ ملیۆن تۆن غازی شلی تا ساڵی ٢٠٢٨ی هەیە. سەرەڕای ئەم گرنگیە بۆری غازی ناوچەی "مأرب" بەم ناوچەیەوە بەستراوە. 

18‏/04‏/2020

ڤیدیۆ | ساتی تیروری سەرنەکەوتووی هێزەکانی بەرخۆدان لەلایەن رژێمی ئیسرائیل

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی رژێمی زایۆنی ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە ناوچەی "جدیده یابوس" لە سنووری لوبنان و سووریای لە چەند ڕۆژی رابردوو کردە ئامانج کە لەبەر گەیشتنی زانیاری و دوور کەوتنی سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە ئەم هێرشە زیانی گیانی نەبوو.

ترس و دڵە ڕاوكێی شەوی رابردووی زایۆنییەکان + وێنە


هەواڵە تایبەتەکان: سوپای رژێمی ئیسرائیل شەوی رابردوو لە سنووری فەڵەستین لەگەڵ لوبنان کە لە کۆنترۆلی ئاوانەوەیە کەوتنە باری ئامادە باشییەوە.

بە پێی هەواڵەکان زایۆنیەکان بە گومانی تێپەربوونی هێزەکانی حزبوڵڵا ـی لوبنان بۆ دیوی ئەوانەوە، چەندین فیشەکی رووناک کردنەوەیان تەقاندووتەوە.
دوای چەندین کاتژمێر گەران لەلایەن ئەو هێزەکانەوە ٣ شوێن لە تەلی سەر سنوورەکە دۆزراونەوە کە بڕدراو بوون.

رژێمی ئیسرائیل بەرزترین ئاستی پاراستنی لە سنوورەکانی لوبنان هەیە و دەتوانین بڵێین نزیک بوونەوە بەم سنوورانە کارێکی ئەستەمە.

ئەم هەنگاوەی حزبوڵڵا وەک وەڵامدانەوەیەک بە هەوڵی ئەو رژێمە بۆ تیرور کردنی هێزەکانی حزبوڵڵا بوو کە لە چەند ڕۆژی رابردوو لە سووریا هێرشی مووشەکی کرایە سەر ئۆتۆمبێلەکەیان



.

17‏/04‏/2020

دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لەلایەن ڕووسیا لە رەقەی سووریا



هەواڵە تایبەتەکان: هێزەکانی سوپای سووریا و ڕووسیا خەریکی تاوتوێ کردن بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی ئاسمانی تایبەت بە هەلیکۆپتەر لە ناوچەی "معدان" لە باشوری پارێزگای رەقەن.
ئەم بنکەیە ئاسمانیە دەتوانێت وەک کۆگایەک بۆ چەک و کەل و پەلی سەربازی و لۆژیستیک و شوێنێک بۆ بوونی زیاتری هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا و سووریا بێت.
دامەزراندنی ئەم بنکەیە بە تایبەت پرۆسەی گواستنەوەی کەل و پەلی سەربازی بۆ پێگەکانی سوپای سووریا لە باکوری ئەو وڵاتە خێراتر دەکات کە خۆی هەنگاوێکە بۆ خێراتر وەڵام دانەوەی ئەو سوپایە بە هەر هێرشێکی سەربازی لەو ناوچانە.
شایانی باسە ناوچەی "معدان" کە لەلایەن داعشەوە داگیر کرا بوو لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن سوپای سووریا کۆنترۆل کرابوویەوە.

رژێمی زایۆنی لە ساڵی ١٩٦٧ تا ئێستا یەک ملیۆن فەڵەستینی دەستگیر کردووە + ئاماری بەندکراوان


ڕێکخراوی بەند کراوانی فەڵەستینی لە ساڵڕۆژی "بەندکراوانی فەڵەستینی" راگەیاند: ھێزەکانی رژێمی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧ـەوە تا ئێستا یەک ملیۆن فەڵەستینیان دەستگیر کردووە کە لە ئێستا دا پێنج ھەزار فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئەو رژێمە دان.

لە بەیاننامەی ئەو ڕێکخراوە ھاتووە؛
« لە نێوان بەند کراوانی فەڵەستینی ١٣٠ مناڵ، ٤١ ئافرەت، ٦ ئەندامی پەرلەمان دەبینرێن و ٥٠٠ کەسی دیکەش لە ژێر گرتنی ئیدارین.
ھەروەھا ٧٠٠ کەس لە بەند کراوان نەخۆشن و لە نێوانیان ٣٠ کەس نەخۆشی شێرپەنجەی ھەیە.

کۆن ترین بەندکراوی فەڵەستینی لە زیندانەکانی رژێمی ئیسرائیل، کەریم یونس و ماھر یونس ـن کە ٣٧ ساڵ پێش ئێستا گیراون. ھەروەھا ٥٦ فەڵەستینی زیاتر لە ٢٠ ساڵە کە لە زیندانەکانی ئەو رژێمە دان.

لە نێوان بەندکراوان ٥٤١ کەس بڕیاری به‌ندكردنی هه‌میشه‌ییان لەسەر دراوە.

لە ساڵی ١٩٦٧ تا ئێستا ٢٢٢ فەڵەستینی کە لە نێوانیان ٧٣ کەس بە ئەشکەنجە، ٦٧ کەس لەبەر كه‌مته‌رخه‌می پزیشکی و ٧ کەسی دیکەش بە تەقەی سەربازەکانی رژێمی ئیسرائیل گیانیان لەدەست داوە. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ٧٨ بەندکراوی دیکە راستەوخۆ دوای گرتنیان، شەھید کراون»

ئەمە لە کاتێک دایە بەرپرسانی فەڵەستینی چەندین جار نیگەرانی و ناڕەزایی خۆیان لەسەر بارودۆخی بەندکراوانی فەڵەستینی بە تایبەت دوای بڵاو بوونی ڤایروسی کۆرۆنا دەربڕیون.

"محمد اشتیە" سەرۆک وەزیرانی دەسەڵاتی فەڵەستین لە كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ڕۆژی دووشەممەی رابردوو بە مەبەستی رێگری کردن لە بڵاو بوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا داوا لە بەرپرسانی رژێمی ئیسرائیل کرد،  به‌ساڵاچووەکان، مناڵان، ئافرەتان و نەخۆشە فەڵەستینیەکان کە لە زیندانەکانی ئەو رژێمەن ئازاد بکرن.

شایانی باسە ھێزەکانی رژێمی ئیسرائیل ڕۆژانە بە بیانوویێکی تازە ھێرش دەکەنە سەر خانووی فەڵەستینیەکان لە قودس و کەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن و دەستگیریان دەکەن.

ھەموو ساڵێک لە ١٧ نیسان وەک «ڕۆژی بەندکراوانی فەڵەستینی» بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی رای گشتی لەسەر بارودۆخی سەختی زیندانیە فەڵەستینیەکان، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی بەرێوەدەچێت.

16‏/04‏/2020

تێکشکانی فڕۆکەیەکی سوپای نیشتمانی سەر بە حەفتەر لەلایەن حکومەتی ویفاق


هەواڵە تایبەتەکان: سەرچاوەکانی حکومەتی ویفاق رایانگەیاند فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سوپای نیشتمانی سەر بە خەلیفە حەفتەریان لە فڕۆکەخانەی "ترهونه" بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ـیان تێکشکاندووە.
بە پێی وێنە ئاسمانیەکان کە بڵاو کراوەتەوە، ئەم فڕۆکەیە لە جۆری "AN-32"ـیه کە بۆ گواستنەوەی کەل و پەلی سەربازی بەکار دەهێنرێت.
بە پێی سەرچاوەکانی لیبیا، سوپای ئەو وڵاتە لە سەردەمی موحەمەد قەزافی تەنیا یەک فڕۆکە لەم جۆرەیان کڕیوە.

ڤیدیۆ | نزیک بوونەوەی بەلەمە سەربازییەکانی ئێران لە کەشتی جەنگی ئەمریکا



ڕۆژی رابردوو وەک ئەمریکاییەکان دەڵێن ١١ بەلەمی سەربازی ئێران لە کەشتیە جەنگییەکەی ئەو وڵاتە لە دەریای عەرەب نزیک بوونەتەوە کە دووری یەکێکیان تەنیا ٩ مەتر لە کەشتیە جەنگیەکەی ئەمریکا بووە.



15‏/04‏/2020

هەوڵی تیرور کردنی هێزەکانی بەرخۆدان لە سووریا درا


هەواڵە تایبەتەکان: فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی رژێمی زایۆنی ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە ناوچەی "جدیده یابوس" لە سنووری لوبنان و سووریای کردە ئامانج.
بە پێی سەرچاوەکان شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کرایەوە ئامانج کە لەبەر بەرنەکەوتنی مووشەکی یەکەم، سەرنشینانی توانیان لە ئۆتۆمبێلەکە دوور بکەونەوە.
ئەم هێرشە زیانی گیانی نەبوو.

ڤیدیۆ | بەشێک لە چەکدارانی ناوچەی "التنف" خۆیان رادەستی هێزەکانی حکومەتی سووریا کرد + نەخشەی ناوچەکە


هەواڵە تایبەتەکان: بەشێک لەو چەکدارانەی کە لە ناوچەی "التنف" لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای "حمص"ـن بە چەکەوە خۆیان رادەستی حکومەتی سووریا کرد.

"التنف" دەکەوێتە ناوچە سنووریەکانی عێراق و ئوردن کە لەلایەن ئەمریکاوە داگیر کراوە و چەکدارانی "مغاویر الثوره" کە لەلایەن ئەمریکاوە مەشقیان پێ کراوە لەو ناوچەیە جێگیرن.

13‏/04‏/2020

پێشرەوی هێزەکانی ویفاق لە باکوری ڕۆژئاوای لیبیا + تازەترین نەخشە


هەواڵە تایبەتەکان: هێزەکانی حکومەتی ویفاق لە بەردەوامی ئۆپەراسیونەکەی بە ناوی "رەشەبای ئاشتی" کە بە هاوکاری تورکیا لە ٢٦ی مانگی رابردوو دژ بە هێزەکانی سوپای نیشتمانی سەر بە خەلیفە حەفتەر دەستی پێ کردووە، ئەمڕۆ توانی شارەکانی صرمان، صبراته، العجیلات، الجمیل و زلطن لە باکوری ڕۆژئاوای لیبیا کۆنترۆل بکاتەوە.

بە کۆنترۆل کردنی ئەم ناوچانە، تەرابلس پایتەختی لیبیا کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ویفاقە جارێکی تر لە رێگای زەمینییەوە گەیشتە سنوورەکانی وڵاتی تونس.

دەوترێت هێزەکانی ئەنجومەنی شۆڕشگێرانی بنغازی سەر بە ئەلقاعده بە رێبەرایەتی "فرج شکو" لە هێرشەکانی بۆ سەر شارەکانی "صرمان و صبراته" هاوکاری حکومەتی ویفاقیان کردووە.
حکومەتی ویفاق لە لیبیا بەردەوام لەلایەن نەیارانی بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە هاوکاری ئەو گرووپانە دەکات کە پەیوەندیان لەگەڵ ئەلقاعده و داعش هەیە.

حکومەتی ویفاقی لیبیا شاری "صرمان"ـی کۆنترۆل کرد + نەخشەی ناوچەکە


هەواڵە تەیبەتەکان: بە پێی پێکدادانەکانی حکومەتی ویفاق و سوپای نیشتیمانی سەر بە خەلیفە حەفتەر، ئەمڕۆ شاری "صرمان" (بازنەی شین) لە ڕۆژهەڵاتی تەرابلس پایتەختی لیبیا لەلایەن حکومەتی ویفاق کۆنترۆل کرا.
لە ئێستا دا شەڕ و پێکدادانەکان لە میحوەری باشوری "صرمان" و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شاری "صبراته" بەردەوامە.

ڕۆژی رابردوو بە پێی هێرشی هێزەکانی نیشتیمانی سەر بە خەلیفە حەفتەر بۆ سەر پێگەکانی حکومەتی ویفاق لە "ابوقرین" (بازنەی رەش) لە  ڕۆژهەڵاتی "سرت"ی لیبیا، شەڕێکی قورس لەو ناوچەیە لە نێوانیان دروست بوو.
بە پێی دوایین هەواڵەکان، حکومەتی ویفاق توانیەتی بە خستنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی سوپای نیشتیمانی لە جۆری (mi35) و بۆردومانی ناوچەکە رێگری لە هێرشەکانی هێزەکانی حەفتەر بکات.

بە پێی سەرچاوەکانی نزیک لە سوپای نیشتیمانی سەر بە حەفتەر، هێزەکانی حەفتەر وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی "صبراته"ی (بازنەی زەرد)بۆردومان کردووە  و بەو هۆیەوە ٣ کەس لە هێزەکانی تورکیا کوژران و ٤ی دیکەش بریندار بوون.

رەنگی سەوز= حکومەتی ویفاق
رەنگی سوور= سوپای نیشتیمانی سەر بە خەلیفە حەفتەر

ڤیدیۆ | شەڕ و پێکدادانەکانی هاوپەیمانی سەعودیا و ئەنسارۆڵڵا لە باکوری صەعده

ئەم ڤیدیۆ تایبەتە بە پێکدادانەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بە رێبەرایەتی سەعودیا و هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا لە  ناوچەی "رشاحه شرقی" لە پارێزگای صەعدەی یەمەن.

حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان چەندین زیندانی یەکتریان ئازاد کرد


"سهیل شاهین" ووتەبێژی مەکتەبی سیاسی تاڵیبان راگەیاند؛ ئەو گرووپە ٢٠ کەس لە هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستانیان ئازاد کردووە.

نووسینگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان ـیش هەروەها ڕایگەیاند کە سێهەم گرووپ لە زیندانییەکانی تاڵیبان بە پێی بڕیاری ئەشرەف غەنی و بە ڕەچاوکردنی تەندرووستی، تەمەن و ماوەی سزاکانیان ئازاد کراون که پێشتریش ٢٠٠ زیندانیی تاڵیبان لە دوو قۆناغدا ئازاد کرابوون.

جاوید فەیسەڵ وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە کە بە پێی بڕیاری حکومەتی کابوڵ تا کەمتر لە یەک مانگی دیکە ١٥٠٠ زیندانیی تاڵیبان وەک هەنگاوێک بۆ بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی ئاشتی ئازاد دەکرێن.

بە پێی رێکەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان، ٥ هەزار لە چەکدارانی گرووپی تاڵیبان دەبێت لەلایەن حکومەتی ئەفغانستانەوە و هەزار کەسیش لە هێزەکانی حکومەت دەبێت لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە تا پێش دەست پێ کردنی دانوستانەکانی نێوان گرووپە ئەفغانییەکان ئازاد بکرێن، بەڵام ئەم پرۆسەیە لەگەڵ بیانوەکانی حکومەتی ئەشرەف غەنی و پەسەند نەکردنی لیستی ئازاد کراوەکان لەلایەن تاڵیبانەوە، کێشەی تێ کەوتووە.

11‏/04‏/2020

خەڵاتی ١٠ ملیۆن دولاری ئەمریکا بۆ پێدانی زانیاری لەسەر فەرماندەی باڵای حزبوڵڵای لوبنان

هەواڵە تایبەتەکان: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ١٠ ملیۆن دولار بۆ پێدانی زانیاری دەربارەی "محمد الکوثرانی" یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حزبوڵڵای لوبنان دیاری کرد.

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن "محمد الکوثرانی" بەرپرسی دۆسییەی عێراق ـی حزبوڵڵای لوبنان بووە و بەرپرسیارێتی مەشق پێدان و دابین کردنی چەک بۆ گروپەکانی بەرخۆدانی عێراقی هەیە.

بەیاننامەی یەکینەکانی حزبوڵڵای عێراق لەسەر رووداوەکانی عێراق و دەستنیشانکردنی مستەفا کازمی


هەواڵە تایبەتەکان: یەکینەکانی حزبوڵڵای عێراق دەستنیشانکردنی "مستەفا کازمی" وەک ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی گەلی عێراق ناوبرد.

لە بەیاننامەکەی حزبوڵڵای عێراق هاتووە :

« جێگای داخە کە سیاسەت لە عێراق گەیشتووتە ئەم قوناغەی لاوازبوون و لایەنە سیاسییەکانی شیعە وەک زۆرینەی سیاسی لە عێراق لە پرسێکی هەستیاری وەهادا خۆیان بە دەستەوە بدەن.
رێکەوتن بۆ دەستنیشانکردنی کەسێکی گوماناوی، کەم تەرخەمی بە ماف و قوربانی دانی خەڵک و هەروەها خیانەت بە مێژووی عێراقە.
هێزە سیاسییەکانی بە خۆبەدەستەوە دان بەرامبەر بە گوشارەکانی دوژمنان، کەوتنە تەڵەی ئەوانەوە.
ئەم پیلانگێڕییە وەک ڕاگەیاندنی شەڕە لە دژی گەلی عێراق و داوا لە کەسانی نیشتمانپەروەر دەکەین بۆ هەڵوەشانەوەی ئەم بڕیارە هەوڵ بدەن. 
تا ڕادەستکردنی ئەوانەی دەستیان بە خوێنی شەهیدان (قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس) تێکەڵاوە ، بێدەنگ نابین.»

10‏/04‏/2020

دوایین هەواڵەکان لە میحوەری "الجوف"ی یەمەن/ بنکەیەکی سەربازی کۆنترۆل کرا + نەخشەی ناوچەکە


هەواڵە تایبەتەکان: دوای چەند ڕۆژ شەڕ و پێکدادان و هەوڵەکانی ئەنسارۆڵڵا و یەکینەکانی خەڵک بۆ کۆنترۆل کردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانی عەرەبی بە رێبەرایەتی سەعودیا، هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا توانیان بنکەی سەربازی "الخنجر" کۆنترۆل بکەنەوە.

هەوڵەکانی پێشتری ئەنسارۆڵڵا بۆ کۆنترۆل کردنی ئەم بنکەیە لەبەر بەرگری بەهێزی هاوپەیمانی عەرەبی بە بێ ئەنجام بوون کە ئەم جارە و بە ئەنجام دانی هێرش لە دوو میحوەری باشور و باکورەوە، لە کۆنترۆل کردنی ئەو بنکەیە سەرکەوتوو بوون.

شەڕ و پێکدادانەکان لە میحوەری "الحزم" لە باکوری "مارب" هیچ گۆرانکاریەکی بەسەر دا نەهاتووە و بنکەی "اللبنات" لەلایەن فڕۆکەکان هاوپەیمانی عەرەبی بۆردومان دەکرن.

کاریگەرییەکانی هێرشی ئەم دواییەی رژێمی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی "الشعیرات" ـی سووریا


وێنەی ئاسمانی بۆردومانی ئەم دواییەی رژێمی زایۆنی بۆ سەر بنکەی ئاسمانی "الشعیرات" ـی سووریا لە (٣١/٣/٢٠٢٠)، کە لەلایەن کۆمپانیای ImageSet International بڵاو کراوەتەوە ئامانجەکانی ئەو هێرشەی دیاری کردووە کە زیاتر لە ٨ شوێنی ئەو بنکە ئاسمانیە کراوەتە ئامانج.

شەش بۆ حەوت لەو شوێنانە تایبەتە بە راڕەوی فڕۆکەخانە و هەروەها دوو شوێنەکەی دیکە هەر وەک لە وێنەکە دا دیاری کراوە، شوێنی (Navigation system)ـە کە بۆ کۆنترۆل کردن و ناردنی زانیاری بۆ فڕۆکە بەکاردەهێنرێت.

بە پێی راپۆرتی سوپای سووریا هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی رژێمی زایۆنی بە رێگای ئاسمانی لوبنان ـەوە ئەنجام دراوە کە وەک لە راپۆرتەکە ئاماژەی پێ کراوە، سەرکەوتوو نەبووە.

لەگەڵ ئەم راپۆرتە و بەرچاو وەرگرتنی ئەم وێنەیە کە بڵاو کراوەتەوە، بنکەی ئاسمانی "الشعیرات" لە پارێزگای "حمص"ی سووریا زیانی بەر کەوتووە و دەتوانین بڵێین سەرەرای تێکشکانی چەندین  موشەک لەلایەن سووریاوە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە هێشتا بەو شێوەیە توانای بەرگری کردنی لەم جۆرە هێرشانەی نیە.