کاتێک ئامارەکانی فەرمی شەڕی یەمەن بڵاو دەبێتەوە، یەکەم پرسیار دوای تێچوو و زیانەکانی هاوپەیمانی سعودیە و یەمەن کە دەکرێت ئەوەیە، کە ئایا هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ سعودیە و ئیمارات چەند بووە؟ بە پێی راپۆرتەکانی دامەزراوەکانی ڕۆژئاوا، بودجەی سەربازی عەرەبستانی سعوودی دوای هێرشی بۆ سەر یەمەن لە ساڵی (٢٠١٥ تا ٢٠٢٠) ٦٠%ی بودجەی ساڵانەی ئەو وڵاتە بووە. ئەم داتا و ئامارانە وڵاتی سعودیەی بە گەورەترین وڵاتی هاوردەکاری چەک و کەلوپەلی سەربازی لە جیهان و کڕیاری ژمارە یەکی ئەمریکا دادەنرێت.
هەروەها لە راپۆرتی "دامەزراوەی توێژینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی ستۆکهۆلم" کڕیارەکانی سەربازی سعودیە لە ساڵانی (٢٠١٥-٢٠١٩) ٧٣% لە ئەمریکا و ١٣% لە بەریتانیا و ٤،٣% لە فەرەنسا ئاماژەی پێ دراوە کە پشتیوانی فراوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سیاسەتە شەڕخوازەکەی سعودیە و شەڕی یەمەن دیار دەکات.
ئاماری SIPRI (وێنەی بەشی سەرەوە) لە گەورەترین کڕیارەکانی چەک و کەلوپەلی سەربازی لە جیهان دەریدەخات کە وڵاتی سعودیە لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتە جیهانیەکان ل ڕووی کڕینی چەک و کەلوپەلی سەربازیە و (وێنەی بەشی خوارەوە) هەروەها ئاماری گەورەترین هەناردەکارانی چەک و کەلوپەلی سەربازی لە جیهان کە ئەمریکای وەک یەکەم وڵات هەژمار دەکرێت.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک لە دەربڕینی رەزامەندی بۆ فرۆشتنی ٣ هەزار بۆمب لە جۆری GBU-39 SDB I بە وڵاتی سعودیە بە بەهای ٢٩٠ ملیۆن دۆلار هەواڵی دایەوە.
ئەم جۆرە بۆمبە کە بە مانگی دەستکردەوە کۆنترۆل دەکرێت، بۆ مەبەستی بەکارهێنانی فڕۆکە جەنگییەکانی F-15E Strike Eagleی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای سعودیە کڕدراوە و بۆ بۆردومان کردنی ئامانجە جێگیرەکان وەک سیستەمی بەرگری و بنکەکان و... بە ووردی کەمتر لە ٦ مەتر و دووری ١١٠ کیلۆمەتر بەکار دێت.
لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم گرێبەستە بۆ مەبەستی بەهێز کردنی توانای وەڵامدانەوەی سعودیە بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئێستا و داهاتوو ئەنجام دراوە و هیچ بەرپرسیاریەتی بۆ ئەمریکا دوای فرۆشتنیان نابێت. ئەمریکا دوای ئەوە هەروەها لە گرێبەستی کڕینی ١٥٠ فڕۆکەی جەنگی F-15E Strike Eagle بە کوژمی ٩ ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دۆلار لەلایەن سعودیە هەواڵی دا بوویەوە.
راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەربارەی فرۆشتنی ٣ هەزار مووشەکی GBU-39 SDB I بە وڵاتی سعودیە
لە ساڵەکانی رابردوو هەروەها سەرەڕای هەبوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان تایبەت بە سنووردارکردنی فرۆشتنی چەک و کەلوپەلی سەربازی و هەروەها دانانی گەمارۆ لەلایەن ئەوروپاوە لەسەر سعودیە بۆ مەبەستی راگرتنی تەواوەتی فرۆشتنی چەک و کەلوپەلی سەربازی بەو وڵاتە، ئەم جۆرە گرێبەستانە واژۆ کراون و لە هەندێک جاریش ئەو کەلوپەلە سەربازییانە رادەستی سعودیەش کراون کە هەندێک لەو گرێبەستانە وەک خوارەوەیە:
١- گرێبەستی فرۆشتنی کەلوپەلی گواستنەوەی ئامێرە قورسەکانی کۆمپانیای فەڕەنسی-ئەلمانی "کاماگ" لەگەڵ وڵاتی سعودیە لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٩.
٢- گرێبەستی ١٤ ملیار دۆلاری کەنەدا لەگەڵ سعودیە تایبەت بە فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازی وەک ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی قورس و... کە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەنجامدانی کەوتنە بواری جێ بە جێ کردنەوە.
٣- گرێبەستی پەرەپێدان و هاوکاری کردن لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریوتی کۆمپانیای ریتونی ئەمریکی لەگەڵ سعودیە لە کانونی یەکەمی ٢٠١٩.
٤- گرێبەستی کۆمپانیای لاکهید مارتینی ئەمریکی لەگەڵ سعودیە بۆ مەبەستی فرۆشتنی سیستەمی تاد بە بەهای ٥ ملیار و ٣٦٠ ملیۆن دۆلار لە تەموزی ٢٠١٩.
٥- گرێبەستی کۆمپانیای بوئینگی ئەمریکی لەگەڵ سعودیە بۆ مەبەستی فرۆشتنی هەزار مووشەکی هەوا بۆ زەوی و مووشەکی دژە کەشتی هارپون بە بەهای ملیارێک و ٩٧٢ ملیۆن دۆلار لە ئەیاری ٢٠٢٠.
٦- گرێبەستی فرۆشتنی ٤٨ فڕۆکەی جەنگی تایفونی بەریتانی لەگەڵ سعودیە بە بەهای ١٠ ملیار پاوەند لە مانگی ئازاری ٢٠١٨.
٧- گرێبەستی فرۆشتنی ٥٠ فڕۆکەی جەنگی F-35 و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی MQ_9 B و مووشەکی ئەمریکی لەگەڵ ئیمارات بە بەهای ٢٣ ملیار دۆلار.
بە بەرچاو وەرگرتنی رابردووی سعودیە لە پێشێل کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ و... و هەروەها شەڕی ئێستای لەگەڵ یەمەن، فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازی بە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی سعودیە بە تایبەت سعودیە و ئیمارات هەمیشە جێی سەرنجە؛ بەڵام وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا بە بێ بەرچاو وەرگرتنی ئەم بابەتانە بەردەوامیان بە فرۆشتنی چەک و کەلوپەلی سەربازیان بە سعودیە داوە و لە ڕێگای دروست کردنی شەڕی جۆراوجۆر، پەرەیان بە کاریگەری و بوونی خۆیان لە ناوچەی جەزیرەی عەرەبستان داوەتەوە.
بەو گرێبەستە سەربازییانەی ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەتوانین بزانین کە بۆ دەبێت شەڕی یەمەن بەردەوامی هەبێت و بۆ دەبێت ئەنسارۆڵڵا لەلایەن ئەمریکاوە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.
زیاد کردنی ناوی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە لیستی تیرۆر لەلایەن ئەمریکاوە ئەویش دوای چەندین ساڵ لە دەستێوەردانی و تاوانەکانی سعودیە بەرامبەر بە خەڵکی یەمەن و بۆردومانی ڕۆژانە و کوژرانی خەڵکی ئەو وڵاتە و بەردەوامی دابین کردنی پێداویستییە سەربازییەکانی سعودیە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، درۆی دیمۆکراسی لەلایەن ئەو وڵاتانەوە ئاشکرا دەکات.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.