هەواڵە تایبەتەکان : هێرشەکانی قورسی تالیبان بۆ دەست بەسەر داگرتنی ناوەندی پارێزگای "هلمند" بەردەوامە.
بە پێی دوایین هەواڵەکان لە شاری "لشکرگاه" ناوەندی پارێزگای "هلمند"، تالیبان لە ١١-١٠-٢٠٢٠ چەندین هێرشی قورسی بۆ دەست بەسەر داگرتنی ئەم شارە و ناوچەکانی دەوروبەری وەک شارۆچکەکانی "نادعلی" و "ناوه" و "نهر سراج" دەست پێ کردووە.
تالیبان پێشتر لە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا بەڵێنی دابوو کە هێرش نەکاتە سەر شارە گەورەکانی پارێزگاکانی ئەفغانستان، هەر بۆیە حکومەتی ناوەندی، تالیبانی بە پێشێل کردنی رێککەوتن و ئەمریکای بە بێ هەڵوێستی بەرامبەر بە هێرشەکانی تالیبان تۆمەتبار دەکات.
بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە سەرچاوەکانی ناوچەکە بڵاوکراوەتەوە، لەم پێکدادانەدا تا ئێستا دەیان کەس لە هێزەکانی ئەمنی و خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەست داوە و برینداربوون و هەروەها زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە چەکدارانی تالیبان لە هێرشە ئاسمانییەکان و پێکدادانەکان کوژراون و برینداربوون. ئەم سەرچاوانە هەروەها باس لەوە دەکەن لەبەر هێرشەکانی تالیبان دەیان هەزار خانەوادە لە "هلمند" ئاوارە بوون و شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکە بەردەوامە.
بە پێی دوایین هەواڵەکان، تالیبان لە رۆژەکانی سەرەتایی هێرشەکانیدا توانی بوو دەست بەسەر ناوچەکانی "بابجی" و "بولان" و هەروەها بنکەکانی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی چوار و پێنجی شاری "لشگرگاه"دا بگرێت و لە ئێستادا پێکدادانەکان لە ناوچەکانی حەوت و هەشتی ئەو شارە بەردەوامە.
شایانی باسە پارێزگای "هلمند" یەکێک لە پارێزگاکانی باشوری ئەفغانستانە کە نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتووی هەیە و دوای هاتنی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ بۆ ئەو وڵاتە بووە بە یەکێک لە نائارام ترین ناوچەکانی ئەفغانستان. هێزەکانی بەریتانیا لەو پارێزگایە جێگیرن و وەک دەوترێت ٦٠% ئەفیونی ( ماددەی هۆشبەر) ئەفغانستان لەو پارێزگایە بەرهەم دێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.