هەواڵە تایبەتەکان : دوای دوو هەفتە لە دەستپێکردنی پێکدادان لە ناوچەی "قەرەباغ"، شەڕی زەمینی و ئاسمانی لەلایەن ئازەربایجان و ئەرمینیا تا ئێستا بەردەوامە.
بەردەوامی ئەم پێکدادانە لە کاتێکدایە کە بە پێی ڕێکەوتنی ئەنجام دراو لە مۆسکۆ دەبوایە لە نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ۱۰ی ئەم مانگە پێکدادانەکان رابگیرێت؛ بەڵام هەر دوو لایەن تا ئێستا بە رێکەوتنەکە پابەند نەبوون و شەڕ لە نێوانیاندا بەردەوامە. ئەمە لەکاتێکدایە ئازەربایجان و ئەرمینیا یەکتر بە پێشێل کردنی ئاگربەس تۆمەتبار دەکەن.
هەواڵەکانی میحوەرەکانی شەڕەکە وەک لە خوارەوەیە:
- لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو هێڵی پێشەوەی شەڕەکە لە میحوەرەکانی قەرەباغ گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و زیاتر پێکدادانی زەمینی لە میحوەری "هادروت" ڕوودەدات.
"هادروت" ئەو گوندەیە کە بە کۆنترۆل کردنی، دەسەڵاتی هێزەکانی کۆماری ئازەربایجان لە باشوری ناوچەی قەرەباغ دەچەسپێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ڕۆژی هەینی ڕابردوو بە بڵاو کردنەوەی پەیامێک لە تویتەر راگەیاند بوو گوندەکانی"هادروت، چایلی، یوخاری گوزلک، گیشلگ، گرجلی، افندیلر، سلیمانی" کەوتۆنەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەو وڵاتە بەڵام دیار بوو هەندێک لەو ناوچانەی ئاماژە پێ کراو وەک "هادروت" هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئازەربایجان دا نین.
لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی ئەرمینیا بە چڕی بەرگری لەو ناوچەیە دەکەن. سەرچاوەکانی ئەرمینیا رایانگەیاند لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو ئازەربایجان هێز و کەلوپەلی سەربازی زۆری رەوانەی میحوەری هادروت کردووە کە ئەمە نیشانەی دیاری بڕیاری ئازەربایجانە بۆ پێشڕەوی لەو میحوەرە.
- هێزەکانی ئەرمینیا فڕۆکەیەکی سەربازیان لە جۆری An-2 لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی قەرەباغ خستە خوارەوە.
- تۆپ هاوێژەکانی هەر دوو لایەن بە بەردەوامی و چڕی یەکتر بۆردومان دەکەن. تۆپ هاوێژەکانی ئازەربایجان لە لایەکەوە شاری "استپاناکرت" لە ناوەندی ناوچەی خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو-قەرەباغ یان کردە ئامانج و لە لایەکی دیکەوە ئەرمینیا شاری گرنگی "گەنجە"ی بۆردومان کردەوە.
ئەم بۆردومانانە لەکاتێکدایە کە هەر دوو لایەن یەکتریان بە پێشێل کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و کردنە ئامانجی ئەو ناوچەکانە کە سەربازی نین تۆمەتبار دەکەن. بەڵام ئەوەی کە بە پێی بەڵگەکان بە روونی دیارە بە داخەوە هەر دوو لایەنی شەڕەکە لەم بارەیەوە راست ناکەن و هەر دوو لایەن یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.