31‏/10‏/2020

ڤیدیۆ | ئایا ئازەربایجان چەکی قەدەغە کراوی بەکارهێناوە ؟

سەرچاوەکانی ناوچەی قەرەباغ (ئارتساخ) ڤیدیۆیەکیان بڵاو کردەوە کە تێدا یەکێک لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەرمینیا بە بۆمبی فۆسفۆڕی دەکرێتە ئامانج.

بە پێی ئەم ڤیدیۆیە، دەوترێت هێزەکانی ئازەربایجان لە شەڕی قەرەباغ چەکی قەدەغە کراوی بەکارهێناوە. ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی ئازەربایجان بەکارهێنانی چەکی قەدەغە کراوی رەتدەکاتەوە و راگەیاندووە سوپای ئەو وڵاتە هیچ چەکێکی قەدەغە کراوی نیە.

وەک دیارە سوپای ئازەربایجان ئەو ناوچە شاخاوی و دارستانەی کە هێزەکانی ئەرمینیا خۆیان لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا تێدا حەشارداوە بە بۆمبی ئاگرین دەکاتە ئامانج بۆ لە ناوبردنی ئەو دار و ناوچە سەوزانە.



بە دیل گرتنی چەکدارێکی سووری لەلایەن ئەرمینیاوە

هەواڵە تایبەتەکان : میدیاکانی ئەرمینیا ڤیدیۆیەکیان لە چەکدارێکی سووری بڵاوکردەوە کە لە شەڕی قەرەباغ لەلایەن هێزەکانی ئەرمینیا بە دیل گیراوە.

هەرچەندە لەگەڵ هەبوونی بەڵگە و ڤیدیۆ لە ناوچەی کێشە لەسەری قەرەباغ پێویستی بە بەڵگەی زیاتر بۆ سەلماندنی بوونی تیرویستانی بیانی لەو ناوچەیە لە پێناو یارمەتی دان بە حکومەتی ئازەربایجان نیە، بەڵام بینینی ئەم ڤیدیۆیە بە بێ سوود نابێت.

ئەم چەکدارەی سووری دوپاتی دەکاتەوە کە لەلایەن هێزەکانی تورکیا مەشقیان پێ کراوە و لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی دیکە بە بەڵێنی پێدانی ٢ هەزار دۆلار لەلایەن تورکیاوە بۆ قەرەباغ هێنراون و بە پێی قسەکانی ناوبراو، لەگەڵ نزیکەی ٢٠٠ تیرۆریستی دیکە لە یەک میحوەر خەریکی شەڕ کردن بەرامبەر بە هێزەکانی ئەرمینیا بوون.

بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی نزیک لە چەکداران، تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە ٢ هەزار بە کرێ گیراوی چەکدار لە سووریا بۆ ئازەربایجان گواستراونەتەوە.



30‏/10‏/2020

دوایین هەواڵەکان لە شەڕەکەی تالیبان لە پارێزگای "هلمند"ی ئەفغانستان تا ٣٠-١٠-٢٠٢٠

هەواڵە تایبەتەکان : سوپای ئەفغانستان توانی چەندین ناوچە لە ژێر دەسەڵاتی تالیبان دەربێنێت.

بە پێی ووتەکانی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان، هێزەکانی سوپای ئەو وڵاتە دوای چەند ڕۆژ شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی تالیبان توانیان ناوچەکانی" بشران و بولان و چاە انجیر و حوزە" لە پارێزگای "هلمند" لە ژێر کۆنترۆڵی تالیبان دەربێنن.

لەم پێکدادانە زیاتر لە ٣٠ کەس لە هێزەکانی تالیبان کوژراون کە لە نێوانیاندا فەرماندەیەکی تالیبان دەبینرێت.

بە ووتەی سەرچاوەکانی ئەو پارێزگایە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پێکدادانە تا ئێستا حەفتا هەزار کەسی سڤیل ئاوارە بوون.

شایانی باسە تالیبان لە ١١-١٠-٢٠٢٠ هێرشێکی فراوانی بۆ کۆنترۆل کردنی شاری "لشگرگاه" کە روولێکی گرنگی بۆ کۆنترۆل کردنی ناوچەکانی باشوری رۆژئاوای ئەفغانستان هەیە، دەست پێکردووە. حکومەتی ئەفغانستان ئەم هێرشانەی بە پێشێل کردنی رێککەوتنی ئاشتی دەزانن بەڵام هێزە بیانییەکان گرنگی بەم رووداوە نادەن.

ڕێوڕەسمی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە یەمەن

هەواڵە تایبەتەکان : خەڵکی یەمەن بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) و وەک وەڵامدانەوەیەک بە سووکایەتی کردن بە بەڕێزە لە شارەکانی ئەو وڵاتە گردبوونەوە.

لەم ڕێوڕەسمەدا سەید عەبدولمەلیک بەدرەدین حوسی رێبەری ئەنسارۆڵڵای یەمەن ووتارێکی پێشکەش کرد

ڕێبەری ئەنسارۆڵڵا : ماکرۆن یاری دەستی زایۆنیستیەکانە/ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، خیانەت بە موسڵمانان و دۆستی لەگەڵ دوژمنانی ئیسلامە

سەید عەبدولمەلیک بەدرەدین حوسی رێبەری ئەنسارۆڵڵای یەمەن ڕۆژی رابردوو لە ووتەکانی بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) ووتی: ئومەتی ئیسلام تووشی کێشەی زۆر بووتەوە و دەبێت بۆنەی لەدایکبووی پێغەمبەر (د.خ) وێستگەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کێشانە بێت.

ڕێبەری ئەنسارۆڵڵا سووکایەتی بێ شەرمانەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا بە پێغەمبەری ئیسلام ئیدانە کرد و دوپاتی کردەوە : " ماکرۆن بووکە شووشەیەکە لە بووکە شووشەکانی رژێمی زایۆنیستی کە بەرەو سووکایەتی کردن بە پێغەمبەر (د.خ)یان بردووە.

حوسی ووتی:" ئەو رژێم و میدیاکانی ڕۆژئاوایی کە سووکایەتی بە خوا و پێغەمبەرانی خوایان بە دروست دەزانن و رێگرن لە درکاندنی پیلانەکانی جوولەکانی زایۆنیست، لە ژێر دەسەڵاتی لۆبی زایۆنیسمی کافر دان".

ڕێبەری ئەنسارۆڵڵا یەمەن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ رژێمی زایۆنیستی دا و ئەم دیاردەیە، خیانەت بە موسڵمانان و دۆستی لەگەڵ دوژمنانی ئیسلام لە تەواوی بوارەکانی ناو برد.

ناوبراو ووتی: "رژێمی سەعودیا حەرەمە پیرۆزەکانی بەرەو زایۆنیستەکان کردۆتەوە و هاوکات خەڵکی یەمەنی بە تەواوی گەمارۆ داوە و بەردەوامە لە هێرشەکانی. رژێمی سەعودیا هەروەها فەلەستینیەکانی تەنیا لەبەر هەڵویستەکانیان بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنیستی خستۆتەوە ناو زیندانەوە".

حوسی لە کۆتایی دا ئاماژەی بە تیرۆر کردنی چەند ڕۆژی رابردووی " حسن زید" وەزیری وەرزش و لاوانی حکومەتی ڕزگاری یەمەنی کردەوە و ووتی :" هێزە داگیرکەران لە پشت ئەم تاوانە دڕندانە دان".

29‏/10‏/2020

چۆڵ کردنی بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە سووریا

هەواڵە تایبەتەکان : بە پێی هەواڵەکان لە ناوچەکە، هێزەکانی سوپای تورکیا کە لە بنکەی سەربازی "شیرمغار" لە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای "حماه"ی سووریا جێگیرن، خەریکی ئامادەکاری بۆ چۆڵ کردنی ئەو بنکەیە و رادەست کردنی بە سوپای سووریان.

١٠ ڕۆژ پێش ئێستا لە کارێکی هاوشێوە، بنکەی چاودێری مورک لە باکوری پارێزگای "حماه" دوای دوو ساڵ داگیر کردنی لەلایەن سوپای تورکیا چۆڵ کرا.

هەرچەندە لایەنگرانی گروپە تیرۆریستییەکان و چەکداران ئەم کارەی تورکیان پێ خۆش نیە بەڵام چۆڵ کردنی ئەو بنکانەی کە سوپای تورکیا تێدا جێگیرن و لە گەمارۆی هێزەکانی سوپای سووریا دان، بەردەوامن.

28‏/10‏/2020

تاوانێکی جەنگی لە شاری "بردا"ی کۆماری ئازەربایجان

هەواڵە تایبەتەکان : سی و یەکەمین ڕۆژی شەڕ لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بە گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل وەک یەکێک لە خەمبارترین رۆژەکانی شەڕەکەی قەرەباغ تۆمار کرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە شاری "بردا" لە کۆماری ئازەربایجان لەلایەن ئەرمینیا بۆردومان کرا کە تا ئێستا ٢١ خەڵکی سڤیل کوژراون و ٦٩ کەسی دیکەش برینداربوون. بە پێی هەواڵەکان تەرمی کوژراوان پێش گەیشتنی هێزەکانی ئەمنی لەلایەن خەڵکەوە لە کوچەو کۆڵانەکان کۆکرانەوە.

ئەرمینیا پێشتریش شاری گەنجەی لە ئازەربایجان بە چەندین مووشەک کرد بوو ئامانج کە بەو هۆیەوە چەندین خەڵکی سڤیل کوژران و بریندار بوون.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەرمینیا هەروەها وڵاتی ئازەربایجان بە بۆردومان کردنی چەندین شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل لە ناوچەکانی قەرەباغ و ئیستپاناکرت و شوشا و هەندێک لە گوندەکان تۆمەتبار دەکات. وەک دەوترێت کەسێک لە شوشا لەم هێرشانەدا گیانی لەدەستداوە.

هەر دوو لایەن یەکتر بە پێشێل کردنی ئاگربەسی مرۆیی تۆمەتبار دەکەن و پێکدادانەکان لە هێڵی پێشەوەی شەڕەکەی بەردەوامە.

هێرشی فرۆکەیی ئەنسارۆڵڵا بۆ سەر پێگەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە قوڵایی خاکی سەعودیا

هەواڵە تایبەتەکان : فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەنسارۆڵڵا پێگەکانی هاوپەیمانی سەعودیان لە "خمیس مشیط" لە قوڵایی خاکی سەعودیا کردنە ئامانج.

سیستەمی بەرگری سەعودیا توانیەتی یەکێک لەو فڕۆکانە لە ئاسمانی "خمیس مشیط" تێکبشکێنێت بەڵام دەربارەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی دیکە هیچ هەواڵێک لەبەر دەست نیە.

بە ووتەی سەرچاوەکانی تایبەت بە هاوپەیمانی سەعودیا ئەمە حەوتەمین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەنسارۆڵڵایە کە لەم چەند ڕۆژە لە کاتی هێرش کردنە سەر پێگەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە باشوری وڵاتی سەعودیا لەلایەن ئەو هاوپەیمانیەوە تێکدەشکێندرێت.

27‏/10‏/2020

کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای چەکدارانی سووریا لە ناوچەی قەرەباغ

هەواڵە تایبەتەکان : تیپی "حمزه" یەکێک لەو گروپانە کە لەلایەن تورکیاوە لە سووریا پاڵپشتی دەکرێت لە بەیاننامەیەکدا لە کوژرانی "عادل الشاهر" فەرماندەیەکی باڵای ئەو گروپە لە پێکدادانەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ناوچەی کێشە لەسەری قەرەباغ هەواڵی دایەوە.


"عادل الشاهر" ناسراو بە "ابوشاهر" یەکێک لە گرنگترین فەرماندەکانی تیپی حەمزە (فرقه الحمزه) بوو کە لە مێژووی شەڕ کردنی لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا، شەڕ کردن لە بەرامبەر هێزە کوردییەکان و داعش و حکومەتی سووریای دەبینرێت.

کوژرانی ئەم فەرماندە باڵایەی چەکداران لە شەڕەکەی قەرەباغ، بوونی ئەوان بە شێوەی باڵا و رێکخراو لە وڵاتی ئازەربایجان کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، پشتڕاست دەکاتەوە.

کوژرانی ناوبراو هەروەها یەکێک لە نیشانەکانی سەختی شەڕەکەی قەرەباغ و ژمارەی زۆری کوژاوانی چەکداران لەو ناوچەیە.

تیرۆر کردن لە سەنعا دەستی پێ کردەوە

هەواڵە تایبەتەکان : "حسن زید" وەزیری وەرزش و لاوانی حکومەتی ڕزگاری یەمەن سەر بە ئەنسارۆڵڵا لە هێرشێکی چەکداری لە سەنعا پایتەختی ئەو وڵاتە کوژرا.

"حسن محمد زید" لە سیاسەتمەدارانی خەڵکی سەنعا بوو کە سەرەڕای وەزارەتی وەرزش و لاوان لە حکومەتی ڕزگاری، یەکێک لە دامەزرێنەران و سکرتێری گشتی حیزبی "الحق" بوو.

ناوبراو لە هێرشێکدا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو لە ناو ئۆتۆمبێلی تایبەتی لە شاری سەنعا گیانی لەدەستدا.

26‏/10‏/2020

هێرشێکی کوشندەی رووسیا بۆ سەر بارەگای سەرکردایەتی چەکدارانی "فیلق الشام" لە سووریا

هەواڵە تایبەتەکان : بە هۆی هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆ سەر بارەگای سەرکردایەتی گروپی تیرۆریستی "فیلق الشام" لە ناوچەی " الدویله" لە پارێزگای ئیدلبی سووریا زیاتر لە ٨٠ کەسی ئەو گروپە کوژران.

هەر وەک لە وێنەکەدا دیارە، تیرۆریستانی "فیلق الشام" کاتێک لە گۆڕەپانی ئەو شوێنە بۆ مەشقی سەربازی بە ریز وەستاون دەکرێنە ئامانج کە دیارە ژمارەی کوژراوانی زۆرە.

گروپی تیرۆرستی "فیلق الشام" لەو گروپانەیە کە نزیکە لە تورکیا و لەلایەن ئەو وڵاتەوە پاڵپشتی دەکرێت. لەگەڵ گۆڕانکارییانەی ئەم دواییەی ناوچەی کێشە لەسەری قەرەباغ لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کە تورکیا پاڵپشتی لە ئازەربایجان دەکات، ئەم هێرشە ئاسمانیە و هێرشی مووشەکی چەند ڕۆژی رابردووی سوپای رووسیا بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی سەر بە تورکیا لە جەرابلوس لە باکوری سووریا، هۆشدارییەکی دیار دەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا.

ئاگربەسی تازە لە قەرەباغ ئەمجار بە نێوەندگیری ئەمریکا

هەواڵە تایبەتەکان : وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی هاوبەش لەگەڵ فەرەنسا و رووسیا، لە ڕێکەوتنی ئاگربەسی مرۆیی لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە کاتژمێر ٨ بەیانی ٢٦ی تشرینی یەکەم هەواڵی دایەوە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە : لە دیداری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا، هەر دوو لایەن جارێکی تر پابەندی خۆیان لەسەر جێ بە جێ کردنی ئاگربەسی مرۆیی کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم لە مۆسکۆ لەسەری ڕێکەوت بوون، دوپات کردەوە.

بە پێی ئەم بەیاننامەیەدا، ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەی قەرەباغ لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە گفتوگۆکانی وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات و گروپی هاریکاری ئەوروپا "مینسک" نێوەندگیری دەکات.

25‏/10‏/2020

کەسی دووەمی ئەلقاعیدە کوژرا

ئه‌بوو موحسین میسڕی، فه‌رمانده‌ی باڵای رێكخراوی ئەلقاعیدە و كه‌سی دووەمی ئه‌و رێكخراوه لە ئەفغانستان کوژرا.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌فغانستان ڕایانگه‌یاند: ئه‌بوو موحسین میسڕی، فه‌رمانده‌ی باڵای رێكخراوی ئەلقاعیدە و كه‌سی دووەمی ئه‌و رێكخراوه‌، كه‌ له‌ لیستی داواكراوترین تیرۆریستیی ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی ئه‌مریكا بوو، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌فغانستانه‌وه‌ كوژرا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌فغانستان ڕایگەیاندووە کە ئه‌بو مووحسن میسڕی له‌ ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تدا له‌ هه‌رێمی غه‌زنه‌ كوژراوه‌.

مێهر

هێرشی تالیبان بۆ سەر پارێزگای "هلمند"ی ئەفغانستان

هەواڵە تایبەتەکان : هێرشەکانی قورسی تالیبان بۆ دەست بەسەر داگرتنی ناوەندی پارێزگای "هلمند" بەردەوامە.

بە پێی دوایین هەواڵەکان لە شاری "لشکرگاه" ناوەندی پارێزگای "هلمند"، تالیبان لە ١١-١٠-٢٠٢٠ چەندین هێرشی قورسی بۆ دەست بەسەر داگرتنی ئەم شارە و ناوچەکانی دەوروبەری وەک شارۆچکەکانی "نادعلی" و "ناوه" و "نهر سراج" دەست پێ کردووە.

تالیبان پێشتر لە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا بەڵێنی دابوو کە هێرش نەکاتە سەر شارە گەورەکانی پارێزگاکانی ئەفغانستان، هەر بۆیە حکومەتی ناوەندی، تالیبانی بە پێشێل کردنی رێککەوتن و ئەمریکای بە بێ هەڵوێستی بەرامبەر بە هێرشەکانی تالیبان تۆمەتبار دەکات.

بە پێی ئەو ئامارانەی کە لە سەرچاوەکانی ناوچەکە بڵاوکراوەتەوە، لەم پێکدادانەدا تا ئێستا دەیان کەس لە هێزەکانی ئەمنی و خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەست داوە و برینداربوون و هەروەها زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە چەکدارانی تالیبان لە هێرشە ئاسمانییەکان و پێکدادانەکان کوژراون و برینداربوون. ئەم سەرچاوانە هەروەها باس لەوە دەکەن لەبەر هێرشەکانی تالیبان دەیان هەزار خانەوادە لە "هلمند" ئاوارە بوون و شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکە بەردەوامە.

بە پێی دوایین هەواڵەکان، تالیبان لە رۆژەکانی سەرەتایی هێرشەکانیدا توانی بوو دەست بەسەر ناوچەکانی "بابجی" و "بولان" و هەروەها بنکەکانی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی چوار و پێنجی شاری "لشگرگاه"دا بگرێت و لە ئێستادا پێکدادانەکان لە ناوچەکانی حەوت و هەشتی ئەو شارە بەردەوامە.

شایانی باسە پارێزگای "هلمند" یەکێک لە پارێزگاکانی باشوری ئەفغانستانە کە نزیکەی یەک ملیۆن دانیشتووی هەیە و دوای هاتنی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ بۆ ئەو وڵاتە بووە بە یەکێک لە نائارام ترین ناوچەکانی ئەفغانستان. هێزەکانی بەریتانیا لەو پارێزگایە جێگیرن و وەک دەوترێت ٦٠% ئەفیونی ( ماددەی هۆشبەر) ئەفغانستان لەو پارێزگایە بەرهەم دێت.

هێرشی فرۆکەیی ئەنسارۆڵڵا بۆ چەندین ناوچە لە قوڵایی خاکی سەعودیا

هەواڵە تایبەتەکان : ئەنسارۆڵڵا لە دوو هێرشدا پێگەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە بنکەکانی "ملک خالد" لە "خمیس مشیط" و فڕۆکەخانەی "أبها" بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کردە ئامانج.

بە ووتەی ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە ئەنسارۆڵڵا، لەم هێرشانەدا بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی "قاصف2k" شوێنی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سەعودیای لە بنکەی "ملک خالد" و بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە جۆری "صماد۳" چەند پێگە لە فڕۆکەخانەی "أبها" کراوەتەوە ئامانج.

ئەم هێرشانە بوو هۆکاری ڕاگرتن و دواکەوتنی فڕینی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی سەعودیا لە فڕۆکەخانەکانی "أبها" و "جیزان" کە وا دیارە هێرشێکی کاریگەر بووە.

ڤیدیۆ | ناردنی هێز و کەلوپەلی سەربازی لەلایەن ئێرانەوە بۆ سنوورەکانی لەگەڵ ئازەربایجان

هەواڵە تایبەتەکان : لیوای "امام زمان"ی سوپای پاسدارانی ئێران لە سنوورەکانی لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان لە باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە جێگیر کران.

بە پێی زانیارییەکانی و بە ووتەی بەرپرسانی ئێرانی، کەلوپەلە سەربازییەکان کە لە ناوچەکانی "خداآفرین" و "جلفا" جێگیر کراون بۆ پاراستنی خەڵک و بەرپاکردنی ئاسایشە لە سنوورەکانی باکووی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە.




24‏/10‏/2020

هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر دامەزراوەیەکی نەوتی نایاسایی لە باشووری جەرابلوس لە سووریا

هەواڵە تایبەتەکان : لە دوایین کاتژمێرەکانی ٢٣ی ئەم مانگە، بە هۆی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر دامەزراوەیەکی نایاسایی تایبەت بە هەڵگرتن و قاچاخی نەوت لە باشووری شاری سنووری جەرابلوس لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی سەر بە تورکیا، چەندین کۆگای هەڵگرتنی نەوت تێکشکێنران.

ئەم دامەزراوەیە کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی "الدابیس" و "الکوسا"، بەشێکی زۆر لەو سووتەمەنیانەی تێدا هەڵگیرا بوو کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات SDF بۆ ئەو ناوچەیە گواستراو بوونەتەوە، لەگەڵ چەندین تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی کە لەو شوێنە بوون.

هەندێک لە سەرچاوەکانی ئەو چەکدارانە لەو بڕوایەدان ئەم هێرشە لەلایەن ڕووسیاوە ئەنجام دراوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی رابردوو سوپای سووریا لە هێرشێکی هاوشێوە کاروانێکی گواستنەوەی سووتەمەنی قاچاخ کە بەرەو تورکیا دەڕۆیشتن، کرد بوو ئامانج، کە پێ دەچێت ئەم هێرشەش لەلایەن سوپای سوریا یان لەسەر داوای ئەوان ئەنجام درا بێت.

وەک دەوترێت بەلایەنی کەمەوە ٥ کەس لەم هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە و ١٥ کەسیش بریندار بوون.

کوژرانی ١٥ کەس لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەی ئیدلبی سووریا

هەواڵە تایبەتەکان : لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر کۆبوونەوەیەک لە نزیک گوندی "سلقین" لە نزیک سنوری تورکیا لە ناوچەی ئیدلب لە سووریا، چەندین کەس کوژران کە لە نێوانیاندا فەرماندەی پێشووی "جبهةالنصره" و سەرۆک هۆز و قاچاخچی دەبینرێن.

ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە CENTCOM لە بەیاننامەیەکدا راگەیاند کە ئەم هێرشە توانای ئەلقاعیدە بۆ پیلان گێڕی و ئەنجام دانی هێرش بۆ سەر خەڵک و بەرژەوەندی و هاوبەشەکانی ئەمریکا کەم دەکاتەوە.

بە پێی هەواڵەکان لە ناوچەکە، لەم هێرشەدا قاچاخچی ناودار، ناسراوە بە "سمیر الحسن ابراهیم" و دوو برای و "حمود الصحاره" و "ابو طلحه الحدیدی" لە فەرماندەکانی پێشووی تەحریر شام ("جبهه النصره"ی جاران کە بە باڵی ئەلقاعیدە لە سووریا ناسراوە) و سێ کەس لە سەرۆک هۆزەکانی "حماه" و "عکیدات" کوژراون.

23‏/10‏/2020

ئازەربایجان تەواوی هێڵی سنووری لەگەڵ ئێرانی کۆنترۆل کردەوە + نەخشەی دوایین بارودۆخی ناوچەکە تا ٢٢-١٠-٢٠٢٠

هەواڵە تایبەتەکان : لەگەڵ بەردەوامی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەی کێشە لەسەری قەرەباغ لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، کۆماری ئازەربایجان توانی بەردەوامی بە پێشڕەوییەکانی بداتەوە و تەواوی ئەو ناوچانەی بە درێژایی سنووری لەگەڵ وڵاتی ئێران کۆنترۆل بکاتەوە.

ئیلهام عەلیف سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆنترۆل کردنی تەواوی ناوچەکانی هاوسنوور لەگەڵ وڵاتی ئێران، بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنە پیرۆزبای لە میللەتی ئازەربایجان و ئێران کردەوە. 

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن ئیلهام عەلیفەوە بڵاو کراوەتەوە، ٢٠ گوند و ناوچەی تازە لەم ئۆپەراسیۆنەدا کەوتۆنەتە ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە. ( ڕەنگی شین لە نەخشە)

بەم شێوەیە دا تەواوی ناوچەکانی باشوری ناوچەی کێشە لەسەری قەرەباغ لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئەرمینیا دەرهێنراونەتەوە.

لە ئێستادا هێزەکانی ئازەربایجان خەریکی پێشڕەوی بەرەو ناوچەی "قبادلی"ن. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە دەست ئێمە کەوتووە، هێزەکانی ئازەربایجان گەیشتوونەتە گوندی "کلبیرد" لە قولایی "قبادلی" وخەریکی نزیکبوونەوە بە ناوچەی گرنگی "لاچین"ن و تەنیا چەند کیلۆمەتریان ماونەتەوە بگەنە ئەو ناوچەیە.


تێبینی : لەم نەخشەیە پێشڕەوییەکانی ئازەربایجان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە لە ٢٧ مانگی رابردوو تا ۲۱ی ئەم مانگە بە ڕەنگی زەرد و پێشڕەوییەکانی یەک ڕۆژی رابردووش بە ڕەنگی شین دیاری کراوە.

22‏/10‏/2020

هێرشی مووشەکی ئەنسارۆڵڵا بۆ سەر پێگەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە "مأرب"ی یەمەن

هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا چەند خولەکێک پێش ئێستا پێگەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە شاری "مأرب"ی یەمەنیان کردە ئامانج.

بە پێی سەرچاوەکانی سەر بە هاوپەیمانی سەعودیا، لەم هێرشەدا ئەنسارۆڵڵا سەربازگەی "تداوین" لە باکوری شاری "مأرب"ی بە چەندین مووشەک کردووەتەوە ئامانج.

ساتی تاقیکردنەوەی سیستەمی گرنگی باوەڕ٣٧٣ لەلایەن ئێران

ساتی تاقیکردنەوەی ئەمڕۆی سیستەمی بەرگری دوورهاوێژی ئێران بە ناوی باوەڕ٣٧٣ کە لەلایەن ئەو وڵاتە بە گرنگترین سیستەمی بەرگری ئێران ناو دەبرێت.

باوەڕ٣٧٣ سیستەمێکی بەرگری دوور هاوێژە کە لەلایەن پسپۆڕانی ئەو وڵاتە دروست کراوە.





بۆ یەکەم جار؛ ئێران گرنگترین سیستەمی بەرگری دوورهاوێژی دروست کراوی ئەو وڵاتەی تاقیکردەوە

لە مانۆڕی هاوبەشی پسپۆڕیی سیستەمی ئاسمانی "پارێزەرانی ئاسمانی ویلایەت ٩٩" کە ئەمە دوو ڕۆژە دەستی پێکردووە، گرنگترین سیستەمی بەرگری دوورهاوێژی بەرهەمی ئێران بە ناوی باوەڕ٣٧٣ لە بیابانەکانی ناوەڕاستی ئەو وڵاتە تاقیکرایەوە. 

باوەڕ٣٧٣ سیستەمێکی بەرگری دوور هاوێژە کە لەلایەن پسپۆڕانی ئەو وڵاتە دروست کراوە.

لەم مانۆڕە سەربازی یەدا هەروەها رادارەکانی "بشیر" و "مراقب" و "غدیر" تاقیکرانەوە.



21‏/10‏/2020

ئاگربەس دوبارە شکستی هێنا / ئازەربایجان چەندین گوندی دیکەشی کۆنترۆل کردەوە + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان :سوپای ئازەربایجان لەگەڵ بەردەوامی پێشڕەوییەکانی لە باشوری ناوچەی قەرەباغ، توانی چەندین گوندی دیکە لەو ناوچەیە و شارۆچکەی گرنگی "زنگیلان" کۆنترۆل بکاتەوە.

ئیلهام عەلیف سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا بە هێنانەوەی ناوی چەندین گوند و ناوچە لە کۆنترۆل کردنیان لەلایەن هێزەکانی ئەو وڵاتە هەواڵی دایەوە.

دەربارەی ئەو ناوانەی کە لەلایەن سەرۆک کۆماری ئازەربایجان راگەیەندرا، ئەوەی جێگەی سەرنجە چەندین لەو گوند و ناوچانە لە ئۆپەراسیۆنی ڕۆژی رابردووی سوپای ئازەربایجان کۆنترۆل کرا بوون و دوبارە هێنانەوەی ناوەکانیان وەک شەڕی سایکۆلۆژی هەژمار دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا پێشڕەوییەکانی ٢٤ کاتژمێری رابردووی ئازەربایجان وەک گرنگترین و زیاترین پێشڕەوییەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی هەفتەی رابردوویە و دەتوانین بڵێین تەواوی باشوری ناوچەی قەرەباغ کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی کۆماری ئازەربایجانەوە.

لەم نەخشەیە پێشڕەوییەکانی ئازەربایجان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە لە ٢٧ مانگی رابردوو تا ١٧ی ئەم مانگە بە ڕەنگی زەرد و پێشڕەوییەکانی یەک ڕۆژی رابردووش بە ڕەنگی شین دیاری کراوە.

20‏/10‏/2020

ڤیدیۆ | چۆڵ کردنی بنکەی "مورک" لە سووریا لەلایەن تورکیا

لە بەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا دەست بە پرۆسەی چۆڵ کردنی بنکەی چاودێری "مورک" لە باکوری پارێزگای "حماه"ی سووریا کردووە.



ناردنی ٢ هەزار بە کرێ گیراوی سووری بۆ ئازەربایجان لەلایەن تورکیاوە

هەواڵە تایبەتەکان : تا ئێستا نزیکەی ٢ هەزار بە کرێ گیراوی سووری لەلایەن تورکیاوە بۆ وڵاتی ئازەربایجان نێردراون کە لە نێوانیاندا ١٤٣ کەس لە شەڕەکەی قەرەباغ کوژراون.

بە پێی زانیارییەکانی وەرگیراو لە سەرچاوەکانی چەکدارانەوە، تورکیا لەم دواییە گروپێکی ٤٠٠ کەسی لە چەکدارانی "سلطان مراد" و "فرقه الحمزه" لە سووریا بۆ ئازەربایجان گواستۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە چەکداران لەبەر سەختی پێکدادانەکان لە قەرەباغ یان وازیان هێناوە یان بۆ سووریا گەڕاونەتەوە. 

هەرچەندە تا ئێستا بەڵگەی زۆر لەسەر بوونی بە کرێ گیراوانی سووری کە لەلایەن تورکیاوە بۆ ئازەربایجان نێردراون هەیە، بەڵام ئەم بابەتە لەلایەن ئازەربایجانەوە رەتدەکرێتەوە.

بە شێوەی گشتی چەکدارانی سووریا لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیا و ئازەربایجان بە نهێنی بە کرێ دەگیرێن بۆ ئەوەی کەمتر رووبەڕووی ڕەخنە نێودەوڵەتیەکان ببنەوە. ئەم چەکدارانە بەزۆری بۆ هێڵی پێشەوەی شەڕەکەی قەرەباغ دەنێردرێن بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشبەرانە ڕۆڵی زیاتریان هەبێت. یەکێک لە هۆکارەکانی ماندووبوون و وازهێنانی ئەو چەکدارانە لە شەڕەکەی قەرەباغ هەر بۆ ئەم بابەتە و زۆری ژمارەی کوژراوانیان لەو شەڕە دەگەڕێتەوە.

پاشەکشەی تورکیا لە چەندین بنکەی چاودێری لە ناوچەی ئیدلب لە سووریا + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان : بە پێی هەواڵەکان لە ناوچەکە، هێزەکانی سوپای تورکیا خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەل و ئامادەکاری بۆ چۆڵ کردنی بنکەی چاودێری "مورک" لە باکوری "حماه" و چەندین بنکەی دیکە لە "ئیدلب" ی سووریایە.

بنکەی "مورک" گەورەترین بنکەی چاودێری تورکیا لە باکوری "حماه"یە کە دوو ساڵ پێش ئێستا لە گوندی "مورک" دامەزراوە. بەڵام لە دوای ئۆپەراسیۆنی سوپای سووریا و هاوپەیمانانی کە بەو هۆیەوە باکوری "حماه" و بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵات و باشووری ئیدلب و هەروەها ڕۆژئاوای حەلەب کۆنترۆل کران؛ ئەم بنکەیەی تورکیا و چەندین بنکەی دیکەی ئەو وڵاتە بە تەواوی لەلایەن هێزەکانی سوپای سووریا گەمارۆ دران. لەو کاتە بە دواوە سوپای تورکیا ئامادە بە پاشەکشە کردن لەو ناوچانە و بە جێ هێشتنی ئەو بنکانە نەبوو.

لە ئێستادا ٨ بنکەی چاودێری و ٤ بۆ ٥ بنکەی سەربازی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا و لە گەمارۆی تەواوی هێزەکانی سوپای ئەو وڵاتە دایە. ئەو بنکە چاودێری و سەربازیانەی سوپای تورکیا کە لە گەمارۆی تەواوی سوپای سووریا دان، بنکەکانی چاودێری "مورک" و "شئرمغار" و "صرمان" و "تل الطوقان" و "عندان" و "الراشدین" و "جبل شیخ عقیل" و بنکەکانی سەربازی "معرحطاط" و "سراقب" و "الزربه"یە.

هەرچەندە تورکیا تا ئێستا پاشەکشەکردنی لە بنکە سەربازی و چاودێرییەکانی لە سووریا رەتکردۆتەوە بەڵام هەندێک لەو باوەڕەدان، تورکیا بە زانینی ئەم بابەتە کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای سووریا و رووسیا لە ئیدلب نزیکە، لە مانەوەی بێسوودی هێزەکانی لە قولایی ئەو ناوچانە کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دان پاشگەز بووتەوە و خەریکی پاشەکشە کردن لەو ناوچانە و ئامادەکاری بۆ جێگیربوونی زیاتری لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی چەکداران لە ئیدلبە بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم مەترسییە. هەر وەک لە ١٧ی تشرینی یەکەم دەستی کرد بە دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی تازە لە گوندی "قوقفین" لە باشوری ئیدلب.

لە رابردوو تورکیا لەو باوەڕە دا بوو کە بە هەبوونی بنکە سەربازییەکانی لە قولایی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریا دەتوانێت وەک کارتێکی فشاری لە گفتوگۆکانی لەگەڵ رووسیا و حکومەتی سووریا بەکاری بهێنێت.

شایانی باسە لە ماوەی هەفتەکانی رابردوو چەندین خۆپیشاندان لەلایەن خەڵکەوە لە بەرامبەر بنکە چاودێرییەکانی تورکیا لە ناوچەکانی باکوری "حماه" و ڕۆژهەڵاتی "ئیدلب" بەڕێوە چوو کە دەکرێت هۆکارێک بوو بێت بۆ چۆڵ کردنی ئەو بنکانە لەلایەن تورکیاوە.

19‏/10‏/2020

چەندین گوندی دیکە لەلایەن ئازەربایجانەوە کۆنترۆل کران + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان : سوپای کۆماری ئازەربایجان توانی ١٣ گوندی دیکە لە ناوچەی (ریوان) "جبرائیل" لە باشوری ناوچەی قەرەباغی شاخاوی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

ئیلهام عەلیف سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا لە کۆنترۆل کردنی گوندەکانی "سلطانلی، امیروارلی، ماشانلی، حسنلی، علی کیخانلی، قوملاق، حاجیلی، گویرچین ویسعلی، عشقلی، نیاز قوللار، کچل ممدلی، شاه وللی، حاجی اسماعیللی" لە باشوری ناوچەی قەرەباغ لەلایەن هێزەکانی ئەو وڵاتە هەواڵی دایەوە.

لە ئێستادا پێکدادانەکان لە میحوەری باشوری ئەو ناوچەیە بەردەوامە. سەرۆک کۆماری ئازەربایجان رایگەیاند ئەم پێشڕەوییانە وەک وەڵامدانەوەیەک بە پێشێلکردنی ئاگربەس لەلایەن ئەرمینیا بووە. ئەم لێدوانانەی ئیلهام عەلیف لەکاتێکدایە کە ئەو وڵاتە دەستی باڵای لەم شەڕەدا هەیە و ئەستەمە بچێتە ژێر باری ئاگربەسەوە؛ هەر بۆیە لێدوانانەی ئیلهام دەربارەی پێشڕەوییەکانی ئەو وڵاتە زیاتر بە بیانوو دادەنرێت.

لە نەخشەی هاوپێچ پێشڕەوییەکانی ئازەربایجان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە لە ٢٧ی مانگی رابردوو تا ١٧ی ئەم مانگە بە ڕەنگی زەرد و پێشڕەوییەکانی دوایین رۆژەکەش بە ڕەنگی شین دیاری کراوە.



هەسەدە ٦٣٠ زیندانی ئازاد کرد کە پەیوەندی لەگەڵ داعش هەبووە

هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە ٦٣٠ زیندانییان ئازاد کرد کە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە ڕێکخراوی داعشەوە دەستگیرکرابوون.

هەسەدە لە چوارچێوەیەی "لێبوردنێکی گشتی" بۆ ئەو کەسانەی بە دۆسیەکانی "تیرۆر" دەستگیرکرابوون بڕیاری دا بە ئازاد کردنیان. 

لە هەواڵەکاندا هاتووە کە بەو شێوەیە، هەندێک فشاری سەر زیندانە قەرەباڵغەکانی ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کەم دەبێتەوە کە لە ئێستادا هەزاران کەسی تێدایە.

ئامینە عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتبووی: "ئەوانەی ئازاد کراون خەڵکی سوریان، ئەوانە ڕاستە مامەڵەیان لەگەڵ داعش کردووە بەڵام هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە." 

باسی لەوەش کرد، "ئەوانە لەسەر داوای سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەکە ئازاد کراون کە زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەکە پێک دەهێنن." 

ڕونیشیکردەوە کە "ژمارەى ئەو سوورییانەى کە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیرکراون نزیکەى ٤ هەزار و ٤٠٠ کەسن."

مێهر

17‏/10‏/2020

ئاگربەس لە قەرەباغ راگەیێندرا / دوایین نەخشەی ناوچەکە لەگەڵ پێشڕەوییەکانی ئازەربایجان

هەواڵە تایبەتەکان : چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا حکومەتی ئەرمینیا راگەیاند : ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئازه‌ربایجان گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن له‌باره‌ی راگه‌یاندنی ئاگربه‌س و بڕیاره‌كه‌ش له‌كاتژمێر ۱۲:۰۰ ئه‌مشه‌وه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا راشیگەیاند، رێککەوتنەکەیان جێبەجێکردنی رێککەوتنی پێشویانە کە ۱۰-ی ئەم مانگە لەسەر داوای سەرۆکی روسیا، ئەمریکا، فڕەنسا و سەرکردایەتی گروپی هاریکاری ئەوروپا (مینسک) بووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان هەروەها راگەیەنراوێکی هاوشێوەی بڵاوکردۆتەوە و رێککەوتنەکەی پشتڕاستکردۆتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لە بەیاننامەیەکدا لە کۆنترۆل کردنی گوندەکانی "خرمانجیق، آخولو، گوچمدلی، چمن، چوارلی، پیرهمدلی، موسابیلی، عشقلی، دادلی" و شارۆچکەی گرنگی "فضولی" لە باشوری ناوچەی قەرەباغ هەواڵی دا بوویەوە.

لەم نەخشەیە پێشڕەوییەکانی ئازەربایجان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکە لە ٢٧ مانگی رابردوو تا ١٣ی ئەم مانگە بە ڕەنگی زەرد و پێشڕەوییەکانی ئەم سێ ڕۆژە بە ڕەنگی شین دیاریمان کردووە.




ڤیدیۆ | تێکشکانی سیستەمی بەرگری S-300ی ئەرمینیا لەلایەن ئازەربایجان

هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی ئازەربایجان ڤیدیۆی ساتی تێکشکانی سیستەمی بەرگری S-300ی ئەرمینیا لە ناوچەی کێشە لەسەری قەرەباغی بڵاو کردەوە.

بە ووتەی سەرچاوەکانی نزیک لە ئازەربایجان، ئەمە سێیەم سیستەمی S-300ی ئەرمینیایە کە لە لایەن ئازەربایجانەوە بە مووشەک دەکرێتە ئامانج و تێکدەشکێندرێت؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا هیچ وێنەیەک لەو دوو سیستەمەکەی دیکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بڵاونەکراوەتەوە.

وەک پێشبینی دەکرێت شوێنی کردنە ئامانجی ئەم سیستەمە لە فڕۆکەخانەی "ئێستپاناکرت" لە باشوری گوندی "خوجالی" بێت.

شایانی باسە ئەرمینیا خاوەنی چەندین سیستەمی بەرگری ئاسمانیە لە جۆرەکانی S-300PS و S-300PT کە لەگەڵ ئەم هێرشانەی ئازەربایجان کاریگەری ئەوتۆیان لەم شەڕانەدا نابن.



تاوانی جەنگی لە "گەنجە"ی ئازەربایجان + ڤیدیۆ

هەواڵە تایبەتەکان : بە پێی هێرشی مووشەکی ئەمڕۆ شەممەی هێزەکانی ئەرمینیا بۆ سەر شاری "گەنجە" لە باکوری وڵاتی ئازەربایجان، بە لایەنی کەمەوە ١٥ کەس کە مناڵ و ئافرەتیش لە ناویان داوە گیانیان لەدەست دا و ٥٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بە ووتەی خەڵکی ئەو شارە شەوی رابردوو دەنگی سێ تەقینەوە لە "گەنجە" بیستراوە. بەرپرسانی ئازەربایجان رایانگەیاندووە هێزەکانی ئەرمینیا مووشەکی بالستیکی "البروس"یان بۆ هێرشەکەی سەر "گەنجە" بەکارهێناوە.

بە پێی هەواڵەکان، شەوی رابردوو هەروەها شاری "مینگەچەڤیر" لە ئازەربایجان بە مووشەکی بالستیک کراوەتە ئامانج.

سەرۆک کۆماری کۆماری ئازەربایجان بە بڵاو کردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر راگەیاند : "رێبەرایەتی فاشیستی ئەرمینیا تاوانێکی جەنگی ئەنجام داوە و بە بەکارهێنانی سیستەمی مووشەکی تاکتیکی هێرشی کردووە سەر شارەکانی" گەنجە" و "مینگەچەڤیر". ئەوان دەبێت وەڵامی ئەم تاوانە بدەنەوە. تۆڵەسەندنەوەی ئێمە لە مەیدانی شەڕ دەبێت."

شاری "گەنجە" کە دووەمین شاری گرنگی ئازەربایجان دوای باکو پایتەختی ئەو وڵاتەیە، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی رابردوو چەندین جار لەلایەن تۆپخانەکانی ئەرمینیا کرا بوو ئامانج، بەڵام هێرشی ئەم جارەی ئەرمینیا بۆ سەر ئەو شارە کە بە هۆیەوە چەندین کەسی سڤیل گیانیان لەدەست دا بە تاوانی جەنگی هەژمار دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی ئەرمینیا لە قەرەباغ باس لەوە دەکەن کە شەوی رابردوو شاری "ئێستپاناکرت" لە ناوەندی ئەو ناوچەیە لەلایەن تۆپخانەکانی هێزەکانی ئازەربایجانەوە کرایە ئامانج و هێرشی سەر شاری "گەنجە" وەک وەڵامدانەوەیەک بە هێرشەکەی ئازەربایجان ئەنجام دراوە.



ڤیدیۆ | بارەگای پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی سووتێندرا.


بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی سووتێندرا.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ١٤ی ئەم مانگە قسەکانی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی حەشدی شەعبیەوە، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا گرژیی لەنێوان بەشێک لە پەرلەمانتاران و پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان دروستبوو.

حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی دەکرد گوتی، رێگەنادەین بێڕێزی بە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمیش بکرێت، لێدوانەکەی هۆشیار زێباری رەتدەکەنەوە. داواشی لە هۆشیار زێباری کرد کە داوای لێبووردن لە حەشدی شەعبی بکات. 




16‏/10‏/2020

ڤیدیۆ | هێزەکانی ئازەربایجان شارۆچکەی "هادروت"یان کۆنترۆل کردەوە

هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی ئازەربایجان وێنەکانی ناو شارۆچکەی "هادروت" لە باشوری ناوچەی قەرەباغیان بڵاو کردەوە.

دوای چەند ڕۆژ لە هەواڵی کۆنترۆل کردنەوەی شارۆچکەی "هادروت" لە باشوری ناوچەی قەرەباغ، هێزەکانی ئازەربایجان ڤیدیۆی ناو ئەو شارۆچکەیان بڵاو کردەوە کە دەسەڵمێنێت هێزەکانی ئەرمینیا لەو شارۆچکەیە پاشەکشەیان کردووە و لە ئێستادا "هادروت" لە ژێر کۆنترۆڵی ئازەربایجان دایە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوو شەڕ و پێکدادانەکان لە دەوروبەری "هادروت" بەردەوام بوو و هەواڵی جیاواز لە هەر دوو لایەنی شەڕەکە بڵاو دەکرایەوە کە بە پێی ئەو هەواڵانەی ئێستا و ئەم ڤیدیۆیە کە لەلایەن ئازەربایجانەوە بڵاو کراوەتەوە کۆنترۆل کردنی ئەو شارۆچکەیە لەلایەن ئەو وڵاتەوە پشتڕاست دەکرێتەوە.

هەر وەک پێشبینی دەکرێت دوای کۆنترۆل کردنی "هادروت" لەلایەن ئازەربایجانەوە، ئامانجەکانی رۆژانی داهاتووی ئەو وڵاتە گەمارۆ دانی "فضولی" و ناچار کردنی هێزەکانی ئەرمینیا بە پاشەکشە لەو ناوچەیە بێت.



15‏/10‏/2020

گەورەترین پرۆسەی دیل بە دیل کردنی ئەنسارۆڵڵا و هاوپەیمانی سەعودیا

هەواڵە تایبەتەکان : گەورەترین پرۆسەی دیل بە دیل کردن لە نێوان ئەنسارۆڵڵا و هاوپەیمانی سەعودیا ئەمڕۆ ئەنجام درا.

بە ووتەی "عبدالقادر مرتضی" سەرۆکی لیژنەی کاروباری دیلەکان لە حکومەتی ڕزگاری یەمەن، بە پێی ئەم ڕێکەوتنەی کە ئەنجام دراوە ٦٨٠ کەس لە هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا کە لەلایەن هاوپەیمانی سەعودیا بە دیل گیراون ئازاد دەکرن و لە بەرامبەریشدا ئەنسارۆڵڵا ٤٠٠ دیلی ئەو هاوپەیمانیە ئازاد دەکات کە لە ناویاندا ١٥ کەس بە رەگەز سەعودی و ٤ کەس بە رەگەز سودانی دەبینرێن.

ئەم پرۆسەیە ئەمڕۆ بە چوار فڕۆکە لە سەعودی و سیئون لە یەمەن کە لە ژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانی سەعودیا دایە بەرەو سەنعا پایتەختی یەمەن کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەنسارۆڵڵا دایە ئەنجام درا.

کەوتنە خوارەوەی مووشەکی شەڕەکەی قەرەباغ لە ناو خاکی ئێران

هەواڵە تایبەتەکان : بە هۆی کەوتنە خوارەوەی موشەکی شەڕەکەی قەرەباغ بە دوو گوندی سەر بە شاری "خداآفرین" لە ناو خاکی ئێران، زیان بەر خانوویەک کەوت و کەسێکیش بریندار بوو.

لەگەڵ بەردەوامی شەڕەکەی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو لە باکوری سنوورەکانی ئێران، تا ئێستا چەندین مووشەک بەر گوندەکانی سنووری ئێران لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان کەوتووە.

لەسەر ئەم بابەتە هیچ وەڵامدانەوەیەک تا ئێستا لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە نەبینراوە و تەنیا لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئیدانە کراوە.

ئەم مەترسیانە لە کاتێکدا بۆ سەر ئێران دروست دەبێت کە بە پێی ئەو بەڵگانەی کە هەیە ئەو چەکدارانەی کە تورکیا لە سووریا بۆ ئازەربایجان گواستۆتەوە لە نزیک سنوورەکانی ئێران جێگیر کراون.

ئاوارە بوونی هەزاران کەس لەبەر هێرشی تالیبان /ئەمریکا وەڵامی نیە!

هەواڵە تایبەتەکان : لەبەر هێرشی فراوانی تالیبان بۆ سەر ناوچەی "لشگرگاه" لە پارێزگای "هلمند" لە باشوری ئەفغانستان کە لە یەکشەممە شەوەوە دەستی پێ کردووە، هەزاران کەس ئاوارە بوون. 

ئەم هێرشە لەکاتێکدایە تالیبان لەگەڵ ئەمریکا ڕێکەوتنی کردووە و خەریکی گفتوگۆ کردنە لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان.

بە ووتەی بەرپرسانی "هلمند" زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە ترسی کۆنترۆل کردنی ناوچەی "لشگرگاه" لەلایەن تالیبانەوە ئەو ناوچەیان بە جێ هێشتووە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا وەڵامی سوپای ئەفغانستانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تالیبان نەداوەتەوە.

14‏/10‏/2020

دیل بە دیل کردنی ئەنسارۆڵڵا و ئەمریکا

هەواڵە تایبەتەکان : لە ئەنجامی گفتوگۆکانی دیل بە دیل کردنی ئەنسارۆڵڵا و هاوپەیمانی سەعودیا، سێ ئەمریکی لەگەڵ دەیان نەفەر لە هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا دیل بە دیل کران.

بە ووتەی سەرچاوەکان، ئەم سێ ئەمریکییە کە یەکێکیان بازرگان و ئەوەی دیکەیان کارمەندێک بووە کە چالاکی مرۆیی لە یەمەن ئەنجام داوە، لە ساڵانی رابردوو لەلایەن ئەنسارۆڵڵاوە دەستگیر کرا بوون. 

ئەم دوو ئەمریکیە و لاشەی ئەمریکیەکی دیکە کە ئاماژە بە چۆنیەتی و هۆکاری کوژرانی نەکراوە، لەگەڵ ٢٤٠ کەس لە هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا کە بە دیل گیرا بوون، ئالوگۆڕ کران.

ئەم گفتوگۆیانە بە نێوەندگیری عومان و بە دوو فڕۆکەی ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە.

ئەنسارۆڵڵا دوای سوپاسی لە نێوەندگیری وڵاتی عومان، چالاکی خراپ و گۆمان لێ کراوی ئەمریکییەکانی بە هۆکاری دەستگیر کردنیان راگەیاند.

تاکتیکی شەڕی سەرنج ڕاکێشی ئازەربایجان/ ئایا ئەرمینیا توانیەتی رووبەڕووی ببێتەوە؟ + ڤیدیۆ

یەکێک لە زیرەکانەترین تاکتیکەکانی هێزەکانی ئاسمانی هاوپەیمانی ئازەربایجان-تورکیا لە شەڕەکەی ئەم دواییەی قەرەباغ، بەکارهێنانی فڕۆکە کۆنەکانی An-2sی سۆڤیەت وەک ئامرازێک بۆ فریودان و ناسینەوەی سیستەمی بەرگری ئەرمەنییەکان لە قەرەباغ و دوای کردە ئامانجی ئەو سیستەمە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئینتحاری یە.

ئەم تاکتیکە ئەوەندە کاریگەر بووە کە لە ڕۆژانی سەرەتای ئەم شەڕە، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئینتحاری ئازەربایجان توانی یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستەمە دژە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ڕووسی بە ناوی Repellent1 کە دروست کراوی ساڵی ٢٠١٦یە لە قەرەباغ بکاتە ئامانج.

لەگەڵ بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە ، توانای زرێیی و تۆپخانەکانی ئەرمینیا زەبرێکی کوشندەیان بەر کەوتووە و هێزەکانی هاوپەیمانی ئازەربایجان-تورکیا بە متمانە بە خۆ بوونی زۆرەوە توانیەتی کۆبوونەوەکانی هێزی پیادەی ئەرمینیا لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوو بکاتە ئامانج.

بەڵام لە رۆژی رابردوو وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا ڤیدیۆیەکی سەرنج راکێش لە کردنە ئامانجی هاوکاتی هەر دوو فڕۆکەی An-2s و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئینتحاری لە جۆری "هاروپ" کە دروست کراوی ئیسرائیلە بڵاو کردەوە.

ئەگەر بڵاو کردنەوەی ئەم ڤیدیۆیەی بە دەستکەوتنی ئەرمینیا بە تاکتیکی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم شێوازە هێرشانەی ئازەربایجان لە قەلەم بدرێت، ئەمە مانای ئەوەیە هێزەکانی ئازەربایجان ئەو تاکتیکە زێرینەی لە دەست داوە.

هەرچەندە تا ئێستا ئەرمینیا لەگەڵ بەکارهێنانی شەپۆلی مرۆیی و سوود وەرگرتن لە چەکی دژە زرێ و هێرشەکانی تایبەت لە شاخەکان، توانیەتی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی زەمینی هاوپەیمانی ئازەربایجان بکاتەوە.



13‏/10‏/2020

ڤیدیۆ | کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە ناو خاکی ئێران

هەواڵە تایبەتەکان : بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە جۆری "هاروپ" تایبەت بە کۆماری ئازەربایجان لە یەکێک لە گوندەکانی پارێزگای "اردبیل" لە باکوری ڕۆژئاوای ئێران کەوتە خوارەوە.

شایانی باسە ئەم جۆرە فڕۆکەیە دروست کراوی ئیسرائیلە کە لەلایەن کۆماری ئازەربایجانەوە بۆ کاروباری سەربازی و هێرشەکانی ئینتحاری بەکاردێت. لەماوەی شەڕەکەی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەم چەند رۆژە، ئەمە سێیەم فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە کە لە ناو خاکی ئێران دەکەوێتە خوارەوە.

لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئازەربایجان بە هاوکاری و هەماهەنگی تورکیا و چەکدارە سوورییەکان کە لەلایەن تورکیاوە بۆ ئەو وڵاتە هێنراون لە باکوری ڕووباری "ارس" بەڕێوەدەچێت کە چەندین جار بە فڕۆکە دەستدرێژیی کراوە سەر ئاسمانی ئێران کە ناڕەزایەتی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە. 

هەندێک لە هەوڵەکان باس لەوە دەکەن بەو هێزانەی ئازەربایجان کە لە نزیک ڕووباری "ارس" کە وەک سنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێران فەرمان دراوە لە ئەگەری شکستی ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ خۆپاراستن لە هێزەکانی ئەرمینیا، بۆ ناو خاکی ئێران هەڵبێن.

لە چەند ڕۆژی رابردوو ڤیدیۆیەک لە چەکدارە سورییەکان کە لەلایەن تورکیاوە بۆ ئازەربایجان هێنراون بڵاوکرایەوە کە ئاماژەیان بە داگیر کردنی ئێران دەدا.





دوایین هەواڵەکان لە شەڕەکەی ئازەربایجان و ئەرمەنستان تا ١٢-١٠-٢٠٢٠ + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان : دوای دوو هەفتە لە دەستپێکردنی پێکدادان لە ناوچەی "قەرەباغ"، شەڕی زەمینی و ئاسمانی لەلایەن ئازەربایجان و ئەرمینیا تا ئێستا بەردەوامە.

بەردەوامی ئەم پێکدادانە لە کاتێکدایە کە بە پێی ڕێکەوتنی ئەنجام دراو لە مۆسکۆ دەبوایە لە نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ۱۰ی ئەم مانگە پێکدادانەکان رابگیرێت؛ بەڵام هەر دوو لایەن تا ئێستا بە رێکەوتنەکە پابەند نەبوون و شەڕ لە نێوانیاندا بەردەوامە. ئەمە لەکاتێکدایە ئازەربایجان و ئەرمینیا یەکتر بە پێشێل کردنی ئاگربەس تۆمەتبار دەکەن.

هەواڵەکانی میحوەرەکانی شەڕەکە وەک لە خوارەوەیە:

- لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو هێڵی پێشەوەی شەڕەکە لە میحوەرەکانی قەرەباغ گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و زیاتر پێکدادانی زەمینی لە میحوەری "هادروت" ڕوودەدات. 

"هادروت" ئەو گوندەیە کە بە کۆنترۆل کردنی، دەسەڵاتی هێزەکانی کۆماری ئازەربایجان لە باشوری ناوچەی قەرەباغ دەچەسپێتەوە.

سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ڕۆژی هەینی ڕابردوو بە بڵاو کردنەوەی پەیامێک لە تویتەر راگەیاند بوو گوندەکانی"هادروت، چایلی، یوخاری گوزلک، گیشلگ، گرجلی، افندیلر، سلیمانی" کەوتۆنەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەو وڵاتە بەڵام دیار بوو هەندێک لەو ناوچانەی ئاماژە پێ کراو وەک "هادروت" هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئازەربایجان دا نین.

لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی ئەرمینیا بە چڕی بەرگری لەو ناوچەیە دەکەن. سەرچاوەکانی ئەرمینیا رایانگەیاند لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو ئازەربایجان هێز و کەلوپەلی سەربازی زۆری رەوانەی میحوەری هادروت کردووە کە ئەمە نیشانەی دیاری بڕیاری ئازەربایجانە بۆ پێشڕەوی لەو میحوەرە.

- هێزەکانی ئەرمینیا فڕۆکەیەکی سەربازیان لە جۆری An-2 لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی قەرەباغ خستە خوارەوە.

- تۆپ هاوێژەکانی هەر دوو لایەن بە بەردەوامی و چڕی یەکتر بۆردومان دەکەن. تۆپ هاوێژەکانی ئازەربایجان لە لایەکەوە شاری "استپاناکرت" لە ناوەندی ناوچەی خۆبەڕێوەبەری ناگۆرنو-قەرەباغ یان کردە ئامانج و لە لایەکی دیکەوە ئەرمینیا شاری گرنگی "گەنجە"ی بۆردومان کردەوە.

ئەم بۆردومانانە لەکاتێکدایە کە هەر دوو لایەن یەکتریان بە پێشێل کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و کردنە ئامانجی ئەو ناوچەکانە کە سەربازی نین تۆمەتبار دەکەن. بەڵام ئەوەی کە بە پێی بەڵگەکان بە روونی دیارە بە داخەوە هەر دوو لایەنی شەڕەکە لەم بارەیەوە راست ناکەن و هەر دوو لایەن یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن.

12‏/10‏/2020

ناسینەوەی تەرمی ٧ کەس لە هێزەکانی ئێران دوای ٤ ساڵ لە سووریا

هەواڵە تایبەتەکان : تەرمی حەوت کەس لە هێزەکانی ئێران لە ناوچەی "خان طومان" لە سووریا دوای ٤ ساڵ لە دیارنەمانیان ناسرانەوە.

٤ ساڵ پێش ئێستا لە ناوچەی "خان طومان"ی سووریا هێزەکانی ئێران و چەندین گروپی دیکە لە ئەفغانستان (فاطمیون) و عێراق (نجباء) بۆ ڕێگری کردن لە گەیشتنی تیرۆریستان بۆ شاری حەلەب شەڕێکی سەختیان لەو ناوچەیە ئەنجام دان کە بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئێران و گروپەکانی دیکەی سەر بە ئەو وڵاتە کوژران و برینداربوون.

دوایین بارودۆخی شەڕەکەی باشوری ڕۆژئاوای "الجوف" لە یەمەن + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا و یەکینەکانی خەڵکی یەمەن توانیان بنکەی "الخنجر" لە باشوری ڕۆژئاوای پارێزگای "الجوف" کە لە چەند ڕۆژی رابردوو پاشەکشەیان لێ کرد بوو، کۆنترۆڵی بکەنەوە.

لە هەفتەکانی رابردوو هێزەکانی هاوپەیمانی سەعودیا هێرشەکانی فراوانیان بۆ کۆنترۆل کردنی "الخنجر" و هەروەها پێشڕەوی لە میحوەرەکانی "المرازیق" و "الصبرین" دەست پێ کرد بوو کە توانیان بوو بنکەی" الخنجر" بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر کۆنترۆل بکەنەوە، بەڵام لەبەر زاڵبوونی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا لەسەر ناوچەکە لە بەرزاییەکانی نزیک لەو بنکەیە، ئەو هێزانە توانیان جارێکیتر بنکەی "الخنجر" بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەنسارۆڵڵا توانی ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی هاوپەیمانی سەعودیا بەرەو ناوچەی "صبرین" و "جبل النسرین" بکاتەوە.

لە ئێستادا شەڕ و پێکدادان بە شێوەی پچڕ پچڕ لەو ناوچەیە بەردەوامە.

10‏/10‏/2020

گواستنەوەی ٢ هەزار جوولەکە لە ئەسیوپیا بۆ فەلەستین

هەواڵە تایبەتەکان : بە پێی هەواڵەکان سەرۆک وەزیرانی رژێمی زایۆنیستی بە نیازە ٢ هەزار جوولەکە لە وڵاتی ئەسیوپیا بۆ فەلەستین بگوازێتەوە.

نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند نەتانیاهۆ لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەسیوپیا لەگەڵ تاوتوێ کردنی باردۆخی ناوچەکە باس لە گواستنەوەی ٢ هەزار جوولەکە لەو وڵاتە بۆ فەلەستینیان کردووە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە سەرۆک وەزیرانی ئەسیوپیا رەزامەندی لەسەر ئەم داوایەی نەتانیاهۆ دەربڕیوە.

ژمارەی جوولەکە ئەسیوپیەکان لە ئیسرائیل کە بە دوژمنایەتی دژ بە فەلەستینیەکان ناسراون زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەسن کە نزیکەی ٨٠ هەزاریان لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ تا ١٩٩١ لە ئەسیوپیا بۆ فەلەستین گواستراونەتەوە.

ڤیدیۆ | کەناڵی ئەلجەزیرە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەیان هەزار زایۆنی لە تەلئەبیب هەواڵی دایەوە

زایۆنیەکان لەبەر خراپی بژێوی ژیانیان و لاوازبوونی حکومەتی تەلئەبیب بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها دۆسیەکانی گەندەڵی نتانیاهۆ داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت دەکەن.



ڕێکەوتنی ئاگربەس لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا

هەواڵە تایبەتەکان :وەزیری دەرەوەی روسیا راگەیاند ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەسەر ئاگربەس رێککەوتن.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا ووتی لە دوای ئەو گفتوگۆ درێژە کە ١٠ کاتژمێری خایاند، ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕێکەوتن لەسەر راگرتنی پێکدادانەکان لە ناوچەی قەرەباغ کە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم ڕێکەوتنە لە گفتوگۆکانی سێ قۆڵی نێوان وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئەرمینیا و ئازەربایجان کە ١٠ کاتژمێر درێژەی هەبوو و لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە کۆتایی پێ هات، بەدەست هات.

09‏/10‏/2020

ئەنسارۆڵڵا پاشەکشەی کرد

هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا لە بنکەی "الخنجر" لە "الجوف"ی یەمەن (بازنەی شین) پاشەکشەیان کرد و لە بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیە جێگیر بوون. 

لە ئێستادا ئەم بنکەیە لە کۆنترۆلی هێزەکانی مەنسوور هادی یە.

بە پێی هەواڵەکان لە شاری "الدریهمی" (بازنەی زەرد) بە هۆی بۆردومانی ئەو شارە لەلایەن هاوپەیمانی سەعودیا ٣ ئافرەتی سڤیل کوژراون و ٣ کەسی دیکەش برینداربوون.

نزیکەی ١٥ ملیۆن کەس لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن بەشداریان کرد

ئاماری ئەمساڵی بەشداربوانی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە کەربەلا راگەیێندرا و بە پێی ئەم ئامارە کە بە دانانی کامیرەی تایبەتەوە لە ٥ دەروازەی شاری کەربەلا هەژمار کراوە، ژمارەی بەشداربوانی ئەمساڵی لە ماوەی ١١ ڕۆژی رابردوو ١٤ ملیۆن و ٥٥٣ هەزار و ٣٠٨ کەس بووە.

هەر وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئەو رێژەیە بەراورد بە ساڵی رابردوو کە زیاتر لە ١٥ ملیۆن کەس بوو بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمی کردووە.

06‏/10‏/2020

دوایین هەواڵەکان لە شەڕەکەی ئازەربایجان و ئەرمەنستان تا ٦-١٠-٢٠٢٠ + دوایین نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان : "الهام علی‌اف" سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لە کۆنترۆل کردنی گوندەکانی "شیخلی آغالی، ساریجلی و مزره" لە باشوری ناوچەی "جبرائیل" لەلایەن هێزەکانی ئەو وڵاتە هەواڵی دایەوە.

- بە ووتەی هەندێ سەرچاوە لە ناوچەکە، گوندی "جبرائیل" لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە جارێکی تر کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەرمەنستانەوە.

- بۆردومان کردنی "استپاناکرت"(خانکندی) لەلایەن تۆپ هاوێژەکانی ئازەربایجانەوە.

- بۆردومان کردنی شاری "گنجە" و "یولاخ" لەلایەن تۆپ هاوێژەکانی ئەرمەنستانەوە. یەکەم جارە "یولاخ" لەلایەن ئەرمەنستانەوە بۆردومان دەکرێت.

- بۆردومان کردنی ناوچەی "ترتر" لەلایەن تۆپ هاوێژەکانی ئەرمەنستانەوە.

⚠️تێبینی : ئەو ناوچانەی کە بە ڕەنگی زەرد دیاری کراون لە سەرەتای شەڕەکە تا ئێستا لەلایەن ئازەربایجانەوە کۆنترۆل کراون