16‏/08‏/2020

کاردانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی فه‌ڵه‌ستین به‌رامبه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی نێوان رژێمی ئیسرائیل و ئیمارات

ده‌سه‌ڵاتدارێتی فه‌ڵه‌ستین و هه‌ریه‌ك له‌ لایه‌نه‌كانی فه‌ڵه‌ستین فه‌تح، حه‌ماس، جیهادی ئیسلامی و به‌ره‌ی رزگاری گه‌لی فه‌ڵه‌ستین رێككه‌وتننامه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی رژێمی ئیسرائیل و ئیماراتیان به‌ ناپاكی له‌قه‌ڵه‌م دا. 

ده‌سه‌ڵاتدارێتی فه‌ڵه‌ستین به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ی كرد و ره‌تی كرده‌وه‌. وه‌ك كاردانه‌وه‌ش باڵیۆزی خۆی له‌ ئیمارات كێشایه‌وه‌.

ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی به‌ره‌ی رزگاری گه‌لی فه‌ڵه‌ستین، حه‌نان عه‌شراوی له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ توندی كاردانه‌وه‌ی خۆی نیشان دا به‌رامبه‌ر گوته‌كانی به‌رپرسانی ئیمارات كه‌ رایانگه‌یاندبوو "بۆ پێدانی شانس به‌ دامه‌زراندنی دوو ده‌وڵه‌ت له‌ فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل" گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و نووسیوویه‌تی: "تكایه‌ چاكه‌مان له‌گه‌ڵ مه‌كه‌. ئێمه‌ گه‌ڵای هه‌نجیری كه‌س نین. له‌وانه‌یه‌ تۆ (شازاده‌ی جێنشینی ئه‌بوزه‌بی، محه‌مه‌د بن زاید) ئازاری داگیركاریت نه‌چه‌شتبێت، خانووت نه‌رووخێندراوه‌ و ئازیزانت نه‌كوژراون و له‌لایه‌ن دۆسته‌كانته‌وه‌ نه‌فرشراوی".

لەلایەی خۆیەوە ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانی فه‌ڵه‌ستین (فه‌تح)، عه‌باس زه‌كی رێككه‌وتننامه‌كه‌ی به‌ دژایه‌تی ئیمارات بۆ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ناوبرد و به‌ وازهێنان له‌ ئه‌ركی نیشتمانی و مرۆڤیی و ئایینی له‌قه‌ڵه‌می دا.

هاوکات گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس،عه‌بدوللـە‌تیف كانو راگه‌یاند كه‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌كی ترسناكه‌ و وه‌ك خه‌نجه‌ر له‌ پشتدانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستینه.

لەلایەکی دیکەوە گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی، داود شیهاب رێككه‌وتننامه‌كه‌ی به‌ چۆكدادانی ئیمارات بۆ ئیسرائیل له‌قه‌ڵه‌م دا و گوتی: "ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌ك شه‌ڕوپێكدادانه‌كان راناگرێت، به‌ڵكو حكوومه‌تی داگیركه‌ر ده‌كاته‌ تیرۆریستتر".

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی بلۆكی لیستی هاوبه‌شی عه‌ره‌بی، ئه‌یمه‌ن عه‌وده‌ كه‌ لیسته‌كه‌ی نوێنه‌رایه‌تی فه‌ڵه‌ستینییه‌كانی ئیسرائیل ده‌كات ئیدانه‌ی رێككه‌وتننامه‌كه‌ی كرد و رایگه‌یاند كه‌ تاكو مافه‌ زه‌وتكراوه‌كان بۆ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین نه‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ نه‌ ئاشتی به‌دی دێ و نه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیش ئاسایی ده‌بنه‌وه‌.


- رێككه‌وتننامه‌ی ئاسایییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیمارات و ڕژێمی ئیسرائیل

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد، تره‌مپ رایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل و ئیمارات گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ "ئاساییكردنه‌وه‌ی ته‌واوی په‌یوه‌ندییه‌كانیان".

تره‌مپ له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تویته‌ر نووسیبووی: "رێككه‌وتننامه‌ی مێژووییی ئاشتی له‌نێوان ئیسرائیلی دۆستی ناوازه‌ و باشمان له‌گه‌ڵ ئیمارات، به‌ره‌وپێشچوونێكی مه‌زنه‌".

لای خۆیشیه‌وه‌ سه‌رۆكی وه‌زیرانی رژێمی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهۆ له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ شێركردنی تویته‌كه‌ی تره‌مپ له‌سه‌ری نووسیبوو "رۆژێكی مێژوویی".

ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی ئیماراتیش WAM بڵاوی كردبۆوه‌ كه‌ هه‌ردوو وڵات رێككه‌وتوون بۆ دیاریكردنی "نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی هاوبه‌ش" بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندیی نێوانیان و له‌ داهاتوودا به‌رپرسه‌ باڵاكانی هه‌ردوو وڵات به‌مه‌به‌ستی واژووكردنی چه‌ند رێككه‌وتننامه‌یه‌ك له‌ بواری جیاوازدا كۆده‌بنه‌وه‌.

ئیمارات بووه‌ سێیه‌مین وڵاتی عه‌ره‌بی كه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل واژوو كرد. پێشتریش له‌ ١٩٧٩دا میسر و له‌ ١٩٩٤یشدا ئوردن رێككه‌وتننامه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل واژوو كردبوو

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.