31‏/08‏/2020

حکومەتی ویفاق : هێزەکانی حەفتەر ئاگربەسیان پێشێل کرد

هەواڵە تایبەتەکان : ووتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی "سرت-الجفرە" راگەیاند، هێزەکانی خەلیفە حەفتەر (LNA) بەیانی رۆژی پێنجشەممە بە هاوێشتنی ١٢ مووشەکی گراد بۆ پێگەکانی هێزەکانی حکومەتی ویفاق (GNA) لەو میحوەرە، ئاگربەسیان پێشێل کردووە.

هەینی رابردوو، سەرۆکی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی، "فائز سراج" و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیا، "عقیله صالح" ئاگربەسی سەرتاسەری لە لیبیا و بە تایبەت لە میحوەری "سرت" و "الجفرە"یان راگەیاند و لەلایەن زۆربەی وڵاتان لە نێوانیاندا لایەنگرانی حەفتەر پێشوازی لێ کرا.

لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی سوپای نیشتمانی لیبیا بە سەرکردایەتی خەلیفە حەفتەر ئاگربەسیان رەتکردەوە کە وەک دەبینرێت ئەو هێزانە بە ئاسانی و ئاشتیانە پاشەکشە لە "سرت" و "الحفره" ناکەن.

ئیسرائیل لە یەمەن بنکەی هەواڵگری دادەمەزرێنێت

هەواڵە تایبەتەکان : بە وەرگرتن لە سەرچاوەکانی یەمەن، رژێمی ئیسرائیل بە هاوکاری ئیمارات بە نیازی دامەزراندنی بنکەیەکی هەواڵگری لە دوورگەی "سقطری" لە باشوری کەنار ئاوییەکانی یەمەنە.

لە ئەگەری راستی و دروستبوونی ئەم هەواڵە ئامانجی سەرەکی رژێمی ئیسرائیل لە دامەزراندنی ئەم بنکەیە کۆنترۆل کردنی گەرووی "باب المندب" دەبێت لە ڕووی زانیارییەوە.

بە پێی دوایین زانیارییەکانی ئێمە لە بارودۆخی دوورگەی "سقطری"، لە ئێستا دا لەبەر کۆنترۆل کردنی ئەو دوورگەیە لەلایەن حکومەتی دەست لەکارکێشاوەی مەنسوور هادی و سەعودیا، هێزەکانی ئێمارات لەو دوورگەیە دا بوونیان نیە جگە لە چەند بنکەیەک کە لە کۆنترۆلی هێزەکانی لایەنگری ئیماراتە واتا "ئەنجومەنی گواستنەوەی باشور" کە لە ئەگەری هاتنی رژێمی ئیسرائیل بۆ ئەم دوورگەیە ئەم بنکانە لەلایەن ئەوانەوە بەکاردەهێنرێن.

دوورگەی "سقطری" بە ڕووبەری ٣٦٥٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە باشوری یەمەن دەکەوێتە زەریای هیندەوە کە بە شێوەی تەواو بەسەر گەرووی "باب المندب"ەوە زاله.

گەرووی "باب المندب" هەروەها شوێنی بەیەک گەیشتن و ڕێگای دەریایی سەرەکی لە نێوان ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە دەریای سوور بە گەرووی عەدەن و دەریای عەرەب دەبەستێتەوە. زیاترین نەوت و غازی سروشتی کە لە کەنداوی فارسەوە بۆ ئەوروپا و جیهان هەناردە دەکرێت لە ڕێگەی ئەم گەروویە تێدەپەڕێت.

ڤیدیۆ | هێرش کرایە سەر کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی ئەمریکی لە عێراق


شەوی رابردوو هێزەکانی بەرەی خۆڕاگری لە عێراق لە رێگای "حلە - دیوانیە" بە بۆمبێکی چێندراو هێرشیان کردە سەر کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی ئەمریکی لە عێراق.

لەم هێرشەدا بارهەڵگرێک و بارەکەی کە وەک دەوترێت مووشەک و کەلوپەلی فرۆکە بێ فڕۆکەوان لە جۆری MQ9 بووە بە تەواوی سووتاون.

هێزەکانی بەرەی خۆڕاگری هەروەها شەوی رابردوو ٤ مووشەکی کاتیۆشایان ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کران.

شایانی باسە بە کەوتنە خوارەوە ٣ مووشەکی کاتیۆشا لە هێرشەکانی چەند ڕۆژی رابردوو بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، بێ کەڵک بوونی سیستەمی بەرگری C-RAMی ئەمریکا کە لەو ناوچەیە دامەزراوە، سەلمێنرا.



28‏/08‏/2020

ئۆپەراسیۆنی "بیابانی سپی" لە بیابانەکانی سووریا / هێزە کوردییەکان داعشیان ئازاد کردووە

ووتەبێژی هێزە ڕووسییەکان لە سووریا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک راگەیاند جموجۆڵەکانی داعش لە کاتی ئازاد کردنی بەشێکی زۆریان لەلایەن ئیدارەی خۆسەری کە بە ناوی "لێ خۆش بوونی گشتی" ئەنجام درا، زیادبوونی بەرچاوی هەبووە.

ووتەبێژی هێزە ڕووسییەکان هەروەها ووتی، جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی داعش لە چەند مانگی رابردوو لە قولایی ناوچە بیابانییەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووی لە زیادبوون کردووە و بەشێکی زۆری ئەوان دوای ئەوەی لە زیندانەکانی ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە ئازاد کراون، لە بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا بینراون.

ووتەبێژی هێزە ڕووسییەکان زیاد کرد، ئۆپەراسیۆنێک بە ناوی "بیابانی سپی" بە هاوبەشی لەلایەن سوپای رووسیا و سووریا لە بیابانەکانی سووریا بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی داعش بەڕێوەدەچێت.

بە پێی لێدوانەکان، لە ئۆپەراسیۆنی "بیابانی سپی" تا ئێستا ٣٢٧ تیرۆریست کوژراون و ١٣٤ حەشارگە و ١٧ بنکەی چاودێری و ٧ کۆگای چەک و تەقەمەنی و ٥ کۆگای ژێرزەمینی هەڵگرتنی تەقەمەنی دۆزراوەتەوە و لە ناو بردراون.

لەم بەیاننامەیە هەروەها هاتووە لەبەر ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لەو ناوچانە کێشە لە پەیوەندییەکانی هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە و حکومەتی دیمەشق دروست بووە کە هۆکاری نەرێنی لەسەر ئابووری سووریا هەبووە کە ئەم بابەتەش لە بەرژەوەندی ئەمریکایە.

ئەمریکا بە بیانووی داعش بە دوای پاساوێک بۆ مانەوە و داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی سووریایە.

هەروەها سەلمێنراوە ئەو داعشانە لەو چەکدارانەن کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا بە تایبەتی لە ناوچەکانی "التنف" و ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات مەشقیان پێ کراوە.

27‏/08‏/2020

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، لە باشوری لوبنان چی ڕووی دا؟ + ڤیدیۆ

هەواڵە تایبەتەکان : سێشەممە شەو رژێمی ئیسرائیل بە چەندین بومبی فۆسفۆڕی و ئاگرین چەندین ناوچە لە باشووری لوبنان بۆردومان کرد و هێرشی کردە سەر بنکەیەکی چاودێری حزبوڵڵای لوبنان لە باکوری "میس الجبل".

وەزارەتی بەرگری رژێمی ئیسرائیل دەربارەی هۆکاری ئەم هێرشانە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک راگەیاند، هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە ناو خاکی لوبنانەوە بەرەو هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان کردووە و هێرشەکانی ئەوان وەک وەڵامدانەوەیەک بەو تەقە کردنەوەیە بوون.

سه‌ید حەسەن نەسروڵڵا لە ووتاری تەلەڤیزیۆنی خۆی بە بۆنەی شەوی حەوتەمی موحەڕەم لەسەر ئەم هێرشانە راگەیاند، بومبی فۆسفۆڕی و ئاگرین و دەست درێژییەکان بۆ سەر سنووری لوبنان کە رژێمی ئیسرائیل لە سێشەممە شەو ئەنجامی دا بۆ ئێمە زۆر گرنگ و هەستیار و مەترسیدارە بەڵام من بە ئەنقەست لەم بارەیەوە هیچ لێدوانێک نادەم و بۆ کات و ساتێکی باشتر دوای دەخەم و کاتەکەی دێت.

شایانی باسە دوای ئەوەی لە مانگی رابردوو چەندین کەس لە هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە هێرشێکی رژێمی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری سووریا کوژران، حزبوڵڵا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە رژێمی ئیسرائیل کردەوە، هەر بۆیە ئەو رژێمە لەو رۆژەوە لە باکوری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین لە حاڵەتی ئامادەباشی دایە.



26‏/08‏/2020

جیهادی ئیسلامی فەڵەستین شەهیدبوونی ٤ ئەندامی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند

باڵی سەربازی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین ڕایگەیاند کە ٤ ئەندامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی شوجاعیەی کەرتی غەززە شەهید کراون.

کەتیبەکانی سەرایا قودس – باڵی سەربازی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین – ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی دووشەممە ٤ ئەندامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی شوجاعیەی کەرتی غەززە شەهید کراون.

جیهادی ئیسلامی هۆکاری شەهیدبوونی ئەو ٤ ئەندامەی ڕوون نەکردووەتەوە.

غەززە لەم ڕۆژانەدا دیسانەوە ڕەوشێکی ئاڵۆز بە خۆوە دەبینێت، خۆڕاگری فەڵەستین لە کاردانەوەی بەرامبەر بە پابەندنەبوونی تەل ئەبیب بە ڕێکەوتنەکانی پێشووی ئاگربەست، کۆلارە ئاگرینەکان هەڵدەدەنە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و ڕژێمی زایۆنیستیش تا ئێستا چەندین هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی غەززە.

جام کوردی 

ئۆپەراسیۆنی فراوانی سووریا لە بیابانی دێرەزووری ئەو وڵاتە

سوپای سوریا بە بەشداری هێزەکانی بەرگری نیشتمانی و لیوای فەلەستینی "القدس" ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بیابانی دێرەزوور لە نێوان "السخنه" تا "البوکمال" بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی داعش دەست پێ کردەوە.


لە چەند هەفتەی رابردوو جموجۆڵەکان و هێرشەکانی داعش بۆ سەر پێگەکان و کاروانەکانی سوپای سووریا لە ناوچە بیابانییەکانی دێرەزووری ئەو وڵاتە ڕووی لە زیادبوون کردووە.


وەک پێشبینی دەکرێت تا ئەو کاتەی بیابانەکانی باشوری سوریا و سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق و ناوچەکانی نزیک "التنف" لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەمریکا دا بێت، زۆر دوورە هەر ئۆپەراسیۆنێک بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە بیابانییەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا کارایی هەبێت و بە بەردەوامی جموجۆڵەکانی داعش لەو ناوچانە دەبینرێتەوە.

25‏/08‏/2020

موجتەهید مەرجی بن سەلمان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سەعودیا لەگەڵ ئیسرائیل ئاشکرا دەکات

چالاکوانێکی سەعوودیا ڕایگەیاندووە کە بن سەلمان جێنشینی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی داوایکردووە شوێنەکەی باوکی بگرێتەوە.

موجتەهید کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەتە نهێنی و هەستیارەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتداری پاشایەتی سەعوودیا بڵاو دەکاتەوە، ڕایگەیاندووە کە بن سەلمان و ئەمریکا لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەن چۆن لە سەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و تەل ئەبیب بگەنە ڕێکەوتن.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بن سەلمان داوایکردووە لە بەرامبەر ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیسرائیل بکرێتە شای سەعوودیا.

بە وتەی موجتەهید، کێشەکەی ئەمریکا و بن سەلمان ئەوەیە کە کام لە دوو بابەتە پێشتر جێبەجێ بکرێن، بن سەلمان دەڵێت پێش ڕاگەیاندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بکرێتە شای سەعوودیا و ئەمریکاش ئەوەی پێ باش نییە.

جام کوردی 

23‏/08‏/2020

بنکەی تاجی رادەستی هێزەکانی عێراق کرا

هەواڵە تایبەتەکان : بەیانی ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا بنکەی سەربازی تاجی لە باکوری بەغداد لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا رادەستی هێزەکانی عێراق کرا.

ئەم هاوپەیمانییە لە بەیاننامەیەک دا راگەیاند بەشەکانی مەشقی بنکەی تاجی بە بەهای ٣٤٧ ملیۆن دۆلار رادەستی هێزە عێراقییەکانەوە کراوە.

لە مەراسمی ئەمڕۆ ئەوەی جێی سەرنج بوو ڕێگری کردن لە پەیامنێرانی "العالم" و "نجبا" و "العهد" لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەم مەراسیمە بوو.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو رادەست کردنی بنکە سەربازییەکانی عێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستی پێ کردووە بە شێوەیەک تا ئێستا ٨ بنکەی سەربازی لەو بنکانە کە لە کۆنترۆلی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمریکا دا بوون چۆڵ و رادەستی هێزەکانی عێراق کراون.

22‏/08‏/2020

ڤیدیۆ (تایبەت) : چەندین دیمەنی شەڕ و پێکدادانەکانی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا لەگەڵ داعش و ئەلقاعیدە لە پارێزگای "البیضاء"ی یەمەن

لەم ڤیدیۆیە دەتوانن بینەری ئۆپەراسیۆنی ئەنسارۆڵڵا لە سەرەتای دەستپێکردنی تا کۆنترۆل کردنی ناوچەکە و بە دیل گرتنی ئەو تیرۆریستانە لە پارێزگای "البیضاء"ی یەمەن بن.


ووردەکاری ئۆپەراسیۆنی ئەنسارۆڵڵا دژ بە گروپە تیرۆریستییەکان داعش و ئەلقاعیدە لە باکوری "البیضاء"ی یەمەن + وێنە

هەواڵە تایبەتەکان : یەحیا سەریع ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە ئەنسارۆڵڵا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دیکەدا ووردەکاری زیاتر لە ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی ئەنسارۆڵڵا دژ بە تیرۆرستانی داعش و ئەلقاعیدە لە باکوری پارێزگای "البیضاء"ی یەمەن خستە ڕوو.


یەحیا سەریع لەم کۆنفرانسەدا ووتی: 

« ئۆپەراسیۆنی ئێمە لە "البیضاء" گەورەترین و گرنگترین ئەندامە تەکفیریەکانی سەر بە هاوپەیمانی دوژمن [سەعودیا]ی کردە ئامانج.

دەوڵەتانی دوژمن بە شێوەی دارایی و کەلوپەلی سەربازی و پزیشکی و ئاسمانی پشتیوانیان لە تەکفیریەکان لە "البیضاء" دەکرد.

ئێمە بەڵگەمان لایە کە بەشداری داعش و ئەلقاعیدە لەگەڵ هێزەکانی خۆفرۆشی حکومەتی دەست لەکارکێشاوەی مەنسوور هادی و باشورییەکان پشتڕاست دەکاتەوە.

لەم ئۆپەراسیۆنە کە بۆ ماوەی یەک هەفتە ئەنجام درا فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سەعودیا دەیان جار هێرشیان کردە سەر پێگەکانی ئێمە لەو ناوچەیە.

بە پێی ئەم ئۆپەراسیۆنە ناوچەیەک بە دووری هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە لە کۆنترۆلی داعش و ئەلقاعیدە دەرهێنران و چواردە بنکەی دوژمن کە هەشتیان تایبەت بە ئەلقاعیدە و شەشی دیکەیان تایبەت بە داعش بوون کۆنترۆل کراون.

بە پێی ئەم ئۆپەراسیۆنە هەروەها ٢٥٠ کەس لە تەکفیریەکان کە خەڵکی وڵاتە عەرەبییەکان و وڵاتانی دیکە بوون؛ کوژرا و بریندار و بە دیل گیراون. لە نێوان کوژراوان ٥ کەس لە فەرماندە باڵاکان و بەرپرسی ئەمنی و دارایی داعش دەبینرێت.

بەڵگەکانی ئێمە پەیوەندی و هەماهەنگی تیرۆریستان لەگەڵ سەعودیا و چەندین وڵاتی دیکە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیروریستی دەسەڵمێنێت.

ئەمریکا و سەعودیا و ئیمارات لەو وڵاتانەن کە گروپە تەکفیریەکان زیاترین پەیوەندیان لەگەڵ هەیە.

بە خانەوادەی قوربانییەکانی هێرشەکانی داعش و ئەلقاعیدە دەڵێین کە گورزێکی کوشندەمان لە گروپە تیرۆریستییەکان داوە و تۆڵەی شەهیدەکانمان لێ کردەوە.

"البیضاء" بە پیاوانی پاک و ئازادی خوازی، دڵسوزی تەواوی خۆی بۆ ئارمانجە نشتیمانییەکانی یەمەن و سەربەخۆیی و ئازادی دەربڕی و ئەم بابەتە لە مێژووی خەڵکی ئێمە دەنووسرێتەوە.»

بە پێی زانیارییەکانی "هەواڵە تایبەتەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەزگای هەواڵگری ئەنسارۆڵڵا پێش دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ساڵی ٢٠١٨وە چەندین ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری لەسەر گروپە تیرۆریستییەکانی داعش و ئەلقاعیدە دەستی پێکرد بوو.

داعش و ئەلقاعیدە بە هاوکاری ئەفسەرە هەواڵگرییەکانی سەعودیا و راکێشانی هێزی پسپۆر لە وڵاتی پاکستان و وڵاتانی دیکە لە چەندین میحوەرەوە بە نیازی داگیر کردنی تەواوی پارێزگای "البیضاء" لە یەمەن بوون کە ئەم هەنگاوە لەلایەن ئەنسارۆڵڵا و یەکینەکانی خەڵکی پوچەڵ کران.

وێنەکانی هاوپێچ تایبەتن بە ئۆپەراسیۆنی ئەنسارۆڵڵا دژ بە تیرۆرستانی داعش و ئەلقاعیدە کە هاوکارییەکانی ئەمریکا و سەعودیا لە تیروریزم دەسەڵمێنێت.


21‏/08‏/2020

ڤیدیۆ | ساتی گیان لەدەستدانی ئەفسەرێکی رووسیا بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە سووریا

هەواڵە تایبەتەکان : وەزارەتی بەرگری رووسیا چەند ڕۆژی رابردوو لە راگەیەندراوێکدا گیان لەدەستدانی راوێژکارێکی پلە باڵا و ٤ سەربازی دیکەی ئەو وڵاتەی بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە پارێزگای دێرەزووری سووریا راگەیاند بوو.


پێداویستی بەرەنگار بوونەوەی ئیسرائیل، ناسینی مێژووی فەلەستین و مێژووی ئەو داگیرکەرانەیە

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە لێدوانێکدا بە بۆنەی شەوی یەکەمی موحەڕەم، ئیسرائیلی وەکوو گەورەترین و گرینگترین هەڕەشە بۆ سەر ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا وەسف کرد.

سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان شەوی پێنجشەممە لە لێدوانێکدا بەبۆنەی هاتنی شەوی یەکەمی موحەڕەم، ئیسرائیلی وەکوو گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە وەسف کرد و جەختی کرد کە جیاوازی دانان لە نێوان سروشتی ئەو ڕژێمە و سروشتی ئەمریکا هەندێک جار زۆر ئەستەمە و ئەوەی کە هەر دوو لە درێژەی یەک ئامانجی دیاری کراو دەجووڵێن.

نەسروڵڵا داوا لە موسڵمانان و خەڵکی لوبنان کرد بە خوێندنی ووردی مێژوو و چۆنیەتی دروست بوونی رژێمی زایۆنیستی، هەروەها ووتیان نەخوێندنی دروستی مێژوو دەبێتە هۆی بە هەڵە تێگەیشتن. 

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان پێداویستی بەرەنگار بوونەوەی ئیسرائیل، ناسینی مێژووی فەلەستین و مێژووی ئەو داگیرکەرانە کە پێیان ناوەتە نێو نیشتمانی مێژوویی فەلەستینەوە ناو برد. ناوبراو لەو بارەوە وتی: بۆ ئەوەی کە بزانی چۆن بەرەوڕووی ئەو گرێیە شێرپەنجەییە واتا ئیسرائیل ببیتەوە، ئەبێ مێژووی چەند سەد ساڵەی فەلەستین بزانی و ئەبێ خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بناسی. ئەوان واتا زایۆنییەکان لەژێر ناوی دین نەخشەی داگیرکاری خۆیانیان بەڕێوە برد.

سەید حەسەن نەسروڵڵا هەروەها دەوڵەتی بەریتانیای نۆکەری زایۆنییەکان وەسف کرد و وتی دەوڵەتی بەریتانیا خۆی کردووەتە قوربانی بەدی هاتنی ئامانجەکانی ئیسرائیل.

هێرش کرایە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا/ "المقاومة الشعبیة" ئێمە بووین

گروپی "المقاومة الشعبیة" بەرپرسیارێتی هێرشی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکای گرتە ئەستۆ.

هەواڵە تایبەتەکان : لە ١٨ی ئەم مانگە لە نزیک مەیدانی غازی کونیکو لە باکوری دێرەزووری سووریا بە مووشەک هێرش کرا بوو سەر هێزەکانی ئەمریکا.

گروپی" المقاومة الشعبیة" ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ و وەک وەڵامدانەوەیەک بە هێرشەکەی چەند ڕۆژی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر خاڵی پشکنینی سوپای سووریا لە باشوری قامشلۆ راگەیاند.

ئەم گروپە سووریە دوو ساڵ پێش ئێستا دامەزراوە و ئامانجی خۆی بەرخۆدان بەرامبەر بە هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکی و هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیاندووە. لە کاتی دامەزراندنی "المقاومة الشعبیة" تا ئێستا ئەم گروپە چەندین جار هێرشی کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

20‏/08‏/2020

دوایین نەخشە لە بارودۆخی سەربازی پارێزگای "البیضاء"ی یەمەن تا ١٩-٨-٢٠٢٠

هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا و یەکینەکانی خەڵکی توانیان نزیکەی هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە لە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای "البیضاء"ی یەمەن لە ژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعش و ئەلقاعیدە دەربهێنن.

19‏/08‏/2020

بەیاننامەی ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن دەربارەی ئۆپەراسیۆنی باکوری ڕۆژئاوای "البیضاء"

هەواڵە تایبەتەکان : یەحیا سەریع ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە ئەنسارۆڵڵا لە بەیاننامەیەک دا ووردەکاری ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی ئەنسارۆڵڵا و یەکینەکانی خەڵکی دژ بە تیرۆرستانی داعش و ئەلقاعیدە لە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای "البیضاء"ی یەمەن بڵاو کردەوە.

یەحیا سەریع کۆنترۆل کردنی "ولد ربیع" دوپات کردەوە و ووتی : "ڕووبەرێک بە نزیکەی هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە لە کۆنترۆلی گروپە تیرۆریستییەکان دەرهێنراوە و دەست بەسەر چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازییەکانیان دا گیراوە.

زیاتر لە ٢٥٠ کەس لەو تیرۆریستانە لەم ئۆپەراسیۆنەدا کوژراو و بریندار و بە دیل گیراون و ١٢ بنکەیان لەناو براوە.

هاوپەیمانی سەعودیا سەرەڕای پاڵپشتی دارایی و سەربازی لەو تیرۆریستانە لە ماوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەیان جار هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا وەک پاڵپشتی لە داعش و ئەلقاعیدە ئەنجامی داوە.

لە رۆژانی داهاتوو ووردەکاری زیاتر دەربارەی ئەم ئۆپەراسیۆنە بڵاو دەکرێتەوە.

ئۆپەراسیۆنی ئێمە تا ئازاد کردنی تەواوی کۆماری یەمەن و سەربەخۆیی تەواوی بەردەوام دەبێت."

18‏/08‏/2020

مانۆڕی سەربازی چەکدارانی سەر بە تورکیا لە باکوری سووریا

هەواڵە تایبەتەکان : هێزە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بە ناوی "سوپای نیشتمانی سوریا" (SNA) مانۆڕێکی سەربازیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی چەکداران لە باکوری ڕۆژئاوای ئیدلب ئەنجام دان.

"سوپای نیشتمانی سوریا" لە ساڵی ٢٠١٧ بە کۆکردنەوەی چەکدارانی چەندین گروپی دیکە لە باکوری ڕۆژئاوای سووریا دامەزراوە. "سوپای نیشتمانی سوریا" لەبەر چاودێری و پاڵپشتی راستەوخۆی لەلایەن تورکیاوە بە (Turkish-backed Free Syrian Army) TFSA هەروەها بەناو بانگە.

ئەم گروپە توانای لاواز و دیاریکراوی سەربازی هەیە بۆیە بەگشتی بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە کە لەلایەن سوپای تورکیا لە باکوری سووریا داگیر کراون، جێگیر دەکرن.

لەو وێنانەی کە لە مەشقی سەربازی ئەو گروپە بڵاو کراوەتەوە ئاڵای تورکیا دەبینرێت.

ئەنجامدانی مانۆڕێکی سەربازی تازە لەلایەن "سوپای نیشتمانی سوریا" و هەروەها ئامادەکاری گروپە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچەی ئیدلب، دەتوانێت نیشانەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە سوپای سووریا بەم نزیکانە لە ئیدلب بێت.

هەفتەی رابردوو گروپی "الجهه الوطنية للتحریر(NFL)" کە ئەم گروپەش لەو گروپانەیە کە بە شێوەی راستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، هەستا بوو بە ئەنجامدانی مەشقی سەربازی و لە دەرچوونی بەشێک لە هێزە تازەکانی لە مەشقی سەربازی بەشی "ئەرکە تایبەتەکان" هەواڵی دا بوویەوە.

ڤیدیۆ | دوبارە هێرش کرایە سەر دەوریە هاوبەشەکەی تورکیا و رووسیا لە ئیدلب

هەواڵە تایبەتەکان : رۆژی رابردوو ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تورکیا لە کاتی دەوریەی هاوبەشەکەی ئەو هێزانە لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا لە رێگای M4ی پارێزگای ئیدلب ـی سووریا لە ڕێگری بۆمبێکی چێندراو کرایە ئامانج.

شایانی باسە مانگی رابردوو هەر لەم شوێنە هێرشێکی هاوشێوە کرا بوو سەر هێزەکانی ڕووسیا و تورکیا.

یەکەمین دەوریەی هاوبەشی ئەم دوو هێزانە لە ١٥ی مانگی ئازاری ئەم ساڵ ئەنجام درا بوو، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی موسکۆ و بۆ جێ بەجێ کردنی ئاگربەسی بەردەوام لە پارێزگای ئیدلب بووە. 

رووسیا و تورکیا سەرەڕای ئەم دەوریە هاوبەشە، رێککەوتوون بە دروست کردنی ناوچەیەکی ئەمنی بە درێژایی رێگای M4 بەڵام ئەم هەنگاوەش لەبەر ئەوەی ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستانی تەحریر شام و گروپەکانی دیکەی سەر بە ئەلقاعیدەیە، تا ئێستا بە تەواوی جێ بەجێ نەکراوە.

ئەو خاڵانەی کە لە مۆسکۆ رێکەوتنی لەسەری کراوە بە شێوەی خوارەوەیە:

یه‌كه‌م: سەرجەم چالاکییە سەربازییەکان بەدرێژایی ھێڵی پێکدادان لە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب لە کاتژمێر ٠٠:٠١ی ٦ی ئاداری ٢٠٢٠ـەوە راگیران.  

دووەم: لە باکووری رێگای سەرەکیی M4 بە قووڵایی شەش کیلۆمەتر و لە باشوورییەوە بە قووڵایی شەش کیلۆمەتر رێڕەوێکی ئارام دروستدەکرێت. لەماوەی حەوت رۆژدا بنەماکانی ئەو رێرەوە له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگریی كۆماری توركیا و رووسیای فیدراڵ بڕیاریان لێدەدرێت.

سێیه‌م: له‌ رۆژی ١٥ی ئاداره‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام گه‌ڕانی هاوبه‌شی هێزه‌كانی رووسیا و توركیا له‌سه‌ر رێگەی سه‌ره‌كیی M4 له‌ ناوچه‌ی نیشته‌جێبوونی ترومبا (دوو كیلۆمه‌تر بۆ رۆژئاوای سه‌راقیب) تاوه‌كو عه‌ین ئه‌لحه‌فار ئەنجامدەدرێت.


سەرۆکی ئەرکانی هێز چەکدارانی ئێران: تێڕوانینمان بەرامبەر بە ئیمارات دەگۆڕێت / ئاسایشی نیشتمانی خۆمان بە هەر شێوازێک دەپارێزین

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران وتی: ئەگەر هەرچی لە ناوچەی کەنداوی فارس ڕوو بدات و ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوبەڕوی کێشە ببێتەوە، هەرچەندە بچووکیش بێت ئێمە لە چاوی ئیماراتەوە دەیبینین و قبووڵی ناکەین.

لیوا محەممەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لەم کاتەدا کارەساتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و ڕژێمی منداڵکوژی زایۆنیستیمان بینی کە جێی داخێکی زۆرە.

ناوبراو وتی: ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکدا کە سەرجەم ئازادیخوازەکانی جیهان خۆیان لە پەیوەندی و دۆستایەتی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە دوور دەگرن، یەکێک لە دراوسێکانی ئێران بەوپەڕی شەرمەزارییەوە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی منداڵکوژی ئیسرائیل ڕادەگەێنێت کە ئەمەش جێی داخە، لە بەر ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات و بە بێ گرنگیدان بە ئامۆژەکانی ئائینی ئیسلام و جولەکە بەردەوامە لە تاوان و زوڵم بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین و گەلانی دیکە.

لیوا باقری وتی: بۆ وڵاتی ئیمارات وەک وڵاتێکی موسڵمان و عەرەبی، ئەم پەیوەندییە قبووڵکراو نییە کە لە گەڵ ڕژێمێک کە ڕووگەی یەکەمی موسڵمانانی داگیر کردووە و گەلی فەڵەستین بە هەموو شێوازێک ئازار دەدات، بە ئاشکرا باس لە بوونی پەیوەندی سیاسی و ئابوری بکات.

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە درێژەدا وتی: بە دڵنیاییەوە کە تێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بەم وڵاتە دراوسێیە بە شێوازی بنەڕەتی تووشی گۆڕانکاری دەبێت و هێزە چەکدارەکانی ئێران بە شێوازێکی دیکە لە هاوکێشەکانی ئەم وڵاتە دەڕوانن و ئەگەر هەر ڕووداوێک لە ناوچەی کەنداوی فارس ڕوو بدات تەنانەت ئەگەر بچووکیش بێت و کێشە بخاتە بەردەم ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ئێمە بە چاوی ئیماراتەوە دەیبینین و قبووڵی ناکەین.

وتیشی: ئامۆژگاری ئیمارات دەکەین کە تا زووە واز لەم کارەی بێنێت و درێژە بەو ڕێگایە نەدات کە زیانی بۆ ئەو وڵاتە و ناوچەکە بە گشتی دەبێت.

جام کوردی 

17‏/08‏/2020

ئەگەر دەست لە بەرخۆدان دژی ئیسرائیل هەڵگرین، ئەمریکا دەستبەجێ ئێمە لە لیستی تیرۆریزم دەردەهێنن / ئەگەر ئیسرائیل تەقینەوەکەی بەیرووتی ئەنجام دابێت بە هەمان شێوە تۆڵەی لێدەکەینەوە

بە بۆنەی ساڵیادی سەرکەوتنی شەڕی ٣٣ ڕۆژە؛ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان بە بۆنەی ساڵیادی سەرکەوتنی مێژوویی بەرخۆدان لە شەڕی ٣٣ ڕۆژە لێدوانێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.

سەید حەسەن نەسروڵڵا دوای ئاراستە کردنی پیرۆزبایی بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنە بە هەموو لوبنانییەکان و تەواوی ئازادی خوازەکانی جیهان وتی: ئەوەی کە لە شەڕی تەمووز لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیەوە بوو بە شەڕێک، بە بڕیاری ئەمریکا و لەلایەن دوژمنی زایۆنیەوە بە سەر لوبناندا سەپێندرا.

لوبنان لەکاتێکدا لە ڕووی سەربازیەوە تەنیا بوو، لەم شەڕەدا لە بەرانبەر سوپایەک کە خۆی بە بەهێزترین سوپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێک لە بەهێزەکانی جیهان دەزانێ ، شەڕی کرد و ڕاوەستا.

ئەم شەڕە لە ڕووی سەربازی، ئەمنی و فەرهەنگیەوە دەرئەنجامی گەورە و ستراتێژی بە دوای خۆیدا هێنا کە ئاماژە بە سێ دەرئەنجامی دەدەم.

دەرەنجامی یەکەم شکست هێنان بە پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بوو کە دەوڵەتی ئەمریکا لەو سەردەمەدا هەوڵی بۆ دەدا.گەڵاڵەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ کە بە داگیرکردنی ئەفغانستان و عێراق دەستیپێکرد بە تەواوەتی لە لوبنان داڕما.

سەید حەسەن نەسروڵڵا بە ئاماژە بەوەی کە ئیسرائیلییەکان بۆ یەکەم جارە کە لە دۆخی نیگەرانی لە بوون و مانەوەی ڕژێمی ناڕەوایان لە ناوچەکەدان، زیادی کرد: ئاسەواری شکستی سەربازی، سیاسی و دەروونی هێشتا لەم ڕژێمەدا دەبینرێت و لە بەرانبەریدا ئاسەواری سەرکەوتن و هیوا لە ئێمەدا زیندووە.   

ئەوەشی وت کە دوژمن لە شەڕی سەربازیدا شکستی هێنا و دەزانێ لە هیچ شەڕێکدا ناتوانێ حزبوڵڵا بتارێنێت بۆیە هەوڵ دەدات جۆرێکی تر شەڕ دروست بکات و ئەوەی لە لوبنان دەبینین بەشێکە لەم شەڕە.

 ڕاشیگەیاند کە بوونی هەیمەنەی حزبوڵڵا لە سەر ڕەوتی سیاسی لوبنان درۆیە و ئەگەر بە ئەمریکاییەکان بڵێین کە ئێمە ئامادەین دەست لە بەرخۆدان دژی ئیسرائیل هەڵگرین، ئەوان دەستبەجێ ئێمە لە لیستی تیرۆریزم دەردەهێنن.

کاردانەوە بە ڕێککەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا لە کاردانەوە بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی ئیمارات و ڕژێمی زایۆنی وتی: ئێمە لەم کارەی حاکمانی ئیمارات شۆک نەبووین بەڵکوو ئەم کارە لە پێناو ڕەوتی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان بوو کە کرا. ڕێکەوتی ئەم کارەش نیشانی دەدات کە هەندێ رژێمی عەرەبی خزمەتکاری ئەمریکان.

وتیشی: تا کاتی هەڵبژاردنی ئەمریکا ترامپ بەردەوام دەبێت لە دادۆشینی ڕژێمیەکانی دەڤەری کەنداوی فارس، ئێمە ئەم کارە ئیدانە دەکەین و بە خەیانەت بە ئیسلام ، عەرەبیەت، قودس و پیرۆزاییەکانی دەزانین.

تەقینەوەی بەیروت

سەبارەت بە تەقینەوەی بەیرووت سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: دوو ڕوانگەمان هەیە یان کاری تێکدەرانە بووە و یان بە ڕێکەوت و سوتفە بووە بەڵام چاوەڕوانی دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەبین.

جەختیشی کرد کە ئەگەر ئیسرائیل تەقینەوەکەی بەیرووتی ئەنجام دابێت بە هەمان شێوە تۆڵەی لێدەکەینەوە

ڤیدیۆ | شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و سوپای سوریا لە باشوری قامشلۆ روویدا

هەواڵە تایبەتەکان : بە پێی هەواڵەکان ئەمڕۆ دووشەممە لە ناوچەی "تل الذهب" لە باشوری قامشلۆ دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای سووریا لە خاڵێکی پشکنینی ئەو ناوچەیە رێگریان لە هێزەکانی ئەمریکا کرد، شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست بوو.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە فڕۆکەیەکی ئەمریکی ئەو خاڵە پشکنینەی بۆردومان کردووە کە لە ئەنجام دا سەربازێکی سوپای سووریا کوژراوە و چەند سەربازێکی دیکەش برینداربوون.


16‏/08‏/2020

ڤیدیۆ | ساتی کردنە ئامانجی کاروانێکی سەربازی ئەمریکا لە عێراق

هەواڵە تایبەتەکان : گروپی "اصحاب الکهف" ڤیدیۆی ساتی هێرشەکەی بۆ سەر کاروانێکی سەربازی ئەمریکا کە شەوی رابردوو لە پارێزگای ئەنباری عێراق ئەنجامیان دا بوو، بڵاو کردەوە.

شایانی باسە رۆژی رابردوو هێزەکانی بەرەی خۆڕاگری لە عێراق چەندین هێرشیان بۆ سەر پێگەکان ئەمریکا لە چەندین ناوچەی جیا لە عێراق ئەنجام دا بوو.


کاردانه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی فه‌ڵه‌ستین به‌رامبه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی نێوان رژێمی ئیسرائیل و ئیمارات

ده‌سه‌ڵاتدارێتی فه‌ڵه‌ستین و هه‌ریه‌ك له‌ لایه‌نه‌كانی فه‌ڵه‌ستین فه‌تح، حه‌ماس، جیهادی ئیسلامی و به‌ره‌ی رزگاری گه‌لی فه‌ڵه‌ستین رێككه‌وتننامه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی رژێمی ئیسرائیل و ئیماراتیان به‌ ناپاكی له‌قه‌ڵه‌م دا. 

ده‌سه‌ڵاتدارێتی فه‌ڵه‌ستین به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ی كرد و ره‌تی كرده‌وه‌. وه‌ك كاردانه‌وه‌ش باڵیۆزی خۆی له‌ ئیمارات كێشایه‌وه‌.

ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی به‌ره‌ی رزگاری گه‌لی فه‌ڵه‌ستین، حه‌نان عه‌شراوی له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ توندی كاردانه‌وه‌ی خۆی نیشان دا به‌رامبه‌ر گوته‌كانی به‌رپرسانی ئیمارات كه‌ رایانگه‌یاندبوو "بۆ پێدانی شانس به‌ دامه‌زراندنی دوو ده‌وڵه‌ت له‌ فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل" گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و نووسیوویه‌تی: "تكایه‌ چاكه‌مان له‌گه‌ڵ مه‌كه‌. ئێمه‌ گه‌ڵای هه‌نجیری كه‌س نین. له‌وانه‌یه‌ تۆ (شازاده‌ی جێنشینی ئه‌بوزه‌بی، محه‌مه‌د بن زاید) ئازاری داگیركاریت نه‌چه‌شتبێت، خانووت نه‌رووخێندراوه‌ و ئازیزانت نه‌كوژراون و له‌لایه‌ن دۆسته‌كانته‌وه‌ نه‌فرشراوی".

لەلایەی خۆیەوە ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بزووتنه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانی فه‌ڵه‌ستین (فه‌تح)، عه‌باس زه‌كی رێككه‌وتننامه‌كه‌ی به‌ دژایه‌تی ئیمارات بۆ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ناوبرد و به‌ وازهێنان له‌ ئه‌ركی نیشتمانی و مرۆڤیی و ئایینی له‌قه‌ڵه‌می دا.

هاوکات گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس،عه‌بدوللـە‌تیف كانو راگه‌یاند كه‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌كی ترسناكه‌ و وه‌ك خه‌نجه‌ر له‌ پشتدانی گه‌لی فه‌ڵه‌ستینه.

لەلایەکی دیکەوە گوته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی، داود شیهاب رێككه‌وتننامه‌كه‌ی به‌ چۆكدادانی ئیمارات بۆ ئیسرائیل له‌قه‌ڵه‌م دا و گوتی: "ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌ك شه‌ڕوپێكدادانه‌كان راناگرێت، به‌ڵكو حكوومه‌تی داگیركه‌ر ده‌كاته‌ تیرۆریستتر".

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی بلۆكی لیستی هاوبه‌شی عه‌ره‌بی، ئه‌یمه‌ن عه‌وده‌ كه‌ لیسته‌كه‌ی نوێنه‌رایه‌تی فه‌ڵه‌ستینییه‌كانی ئیسرائیل ده‌كات ئیدانه‌ی رێككه‌وتننامه‌كه‌ی كرد و رایگه‌یاند كه‌ تاكو مافه‌ زه‌وتكراوه‌كان بۆ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین نه‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ نه‌ ئاشتی به‌دی دێ و نه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیش ئاسایی ده‌بنه‌وه‌.


- رێككه‌وتننامه‌ی ئاسایییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیمارات و ڕژێمی ئیسرائیل

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد، تره‌مپ رایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل و ئیمارات گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ "ئاساییكردنه‌وه‌ی ته‌واوی په‌یوه‌ندییه‌كانیان".

تره‌مپ له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تویته‌ر نووسیبووی: "رێككه‌وتننامه‌ی مێژووییی ئاشتی له‌نێوان ئیسرائیلی دۆستی ناوازه‌ و باشمان له‌گه‌ڵ ئیمارات، به‌ره‌وپێشچوونێكی مه‌زنه‌".

لای خۆیشیه‌وه‌ سه‌رۆكی وه‌زیرانی رژێمی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهۆ له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ شێركردنی تویته‌كه‌ی تره‌مپ له‌سه‌ری نووسیبوو "رۆژێكی مێژوویی".

ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی ئیماراتیش WAM بڵاوی كردبۆوه‌ كه‌ هه‌ردوو وڵات رێككه‌وتوون بۆ دیاریكردنی "نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی هاوبه‌ش" بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندیی نێوانیان و له‌ داهاتوودا به‌رپرسه‌ باڵاكانی هه‌ردوو وڵات به‌مه‌به‌ستی واژووكردنی چه‌ند رێككه‌وتننامه‌یه‌ك له‌ بواری جیاوازدا كۆده‌بنه‌وه‌.

ئیمارات بووه‌ سێیه‌مین وڵاتی عه‌ره‌بی كه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل واژوو كرد. پێشتریش له‌ ١٩٧٩دا میسر و له‌ ١٩٩٤یشدا ئوردن رێككه‌وتننامه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل واژوو كردبوو

15‏/08‏/2020

لە چەند کاتژمێری رابردوودا چەندین هێرش کرایە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق

هەواڵە تایبەتەکان : گروپەکانی بەرەی خۆڕاگری لە عێراق چەندین هێرشیان بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی ئەمریکا و کاروانی لۆجستیکی تایبەت بە گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی ئەو هێزانە لە چەندین ناوچە لە عێراق ئەنجام دان.

چەند خولەکێک پێش ئێستا بنکەی تاجی لە نزیک بەغدا پایتەختی عێراق بە چەندین مووشەکی کاتیۆشا کرایە ئامانج.

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سێ هێرشی دیکە بە بەکارهێنانی بومبی چێندراو کاروانەکانی لۆجستیکی هێزەکانی ئەمریکا کە کەرستەی ئەو هێزانەی دەگواستنەوە لە "بصره" و "ناصریه" و "الانبار" کراونە ئامانج.

شایانی باسە لە ماوەی چەند ڕۆژە رابردوو ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕووی لە زیادبوون کردووە.

هێرشی مووشەکی ئەنسارۆڵڵا بۆ سەر نجران لە سەعودیا

هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا چەند خولەکێک پێش ئێستا بە چەندین مووشەک پێگەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە شاری "نجران" لە باشوری وڵاتی سەعودیا کردە ئامانج.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەو هێزانە لە ١٣ی ئەم مانگە هەروەها بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کرد بوو سەر "خمیس مشیط" لە قولایی خاکی سەعودیا کە بە ووتەی سەرچاوەکان ئەو وڵاتە دوو لەو مووشەکانە و فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لەلایەن سیستەمی بەرگری سەعودیا تێکشکا بوون.

ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین: ئەمە عەیبەیەکی زۆر گەورەیە، کاریان گەیشتووەتە ئەوەی کە بوونەتە شوێن پێی ترەمپ و نتانیاهۆ

ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بڕیارەکەی ئیمارات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستی وتی کە کار گەیشتووەتە ئەوەی کە بوونەتە شوێن پێی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی.

زیاد نەخاڵە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی کە ڕێکەوتنی خیانەتی نێوان ئیمارات و ڕژێمی زایۆنیستی وەک کەوتنەخوارەوەی خشتێکی دیکەیە لە دیوارە پتورکاوەکەی عەرەبەکان.

ناوبراو وتی: نەفرەت لەوان، هەموو شتێک پێشێل دەکەن، ئەو کات ڕواڵەت و مێژووی خۆیان بە خوێنی فەڵەستینییەکان و گەلانی عەرەب ڕەنگین دەکەن، ئەوان بۆ ئەوەی کە خزمەتکاری ئەمریکا و ئیسرائیل بمێننەوە و دەسەڵات و حکومەتی خۆیان لە دەست نەدەن، قودس بۆ ئیهانەکەرەکان جێ دەهێڵن.

نەخاڵە وتی: ئەمە عەیبەیەکی زۆر گەورەیە، کاریان گەیشتووەتە ئەوەی کە بوونەتە شوێن پێی ترەمپ و نتانیاهۆ، خەڵکی فەڵەستین و لایەنە سیاسییەکانی نابێت چیدی لە ڕابردوو بڕوانن، بەرەو ئەوانەی کە کەوتوونەتە ئەم گێژاوە.

وتیشی: ئەوانەی کە وابیر دەکەنەوە ئەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دەگاتە ئاشتی لە فەڵەستین، تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون.

ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: خەڵکی فەڵەستین دەبێت بە تێڕوانینێکی ئاشکرا لە سەر بنەماکانی خۆڕاگری بڕوانن، پێش ئەوەی کە بمانەوێت کەسانێک واز لەم پیلانگێڕییەی خۆیان بێنن، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین دەبێت واز لە پرۆسەی بە ناو ئاشتی بێنێت.

جام کوردی 

هێرشەکانی بەرەی خۆڕاگری بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

هەواڵە تایبەتەکان : بە پێی هەواڵەکان چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا چەندین مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی ڤیکتۆریا لە نزیک بەغدا پایتەختی عێراق کران کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە.

بە پێی هەندێک لە سەرچاوەکان گروپی "عصبة الثائرين" بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی گرتۆتە ئەستۆ.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەم گروپە نیوەڕۆی رۆژی رابردوو لە رێگەی چەندین بۆمبێکی چێنراو لە دیوانیە هێرشی کرد بوو سەر کاروانێکی لۆجستیکی هێزەکانی ئەمریکا کە کەرستەی ئەو هێزانەی دەگواستەوە.

14‏/08‏/2020

ئەردۆغان : لەگەڵ فەلەستین دەبین! / ئایا ڕاست دەکات؟!

هەواڵە تایبەتەکان : رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە تازەترین لێدوانی لەسەر رێککەوتنی ئیمارات و رژێمی ئیسرائیل دەربارەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان بە توندی ئیدانەی ئەم ڕێکەوتنەی کرد و جه‌ختی له‌ سه‌ر پشتیوانی به‌رده‌وامیی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه‌ بۆ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین و ووتی دەشێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان لەگەل حکوومەتی ئەبو زەبی هەڵپەسێرین یاخود باڵیۆزخانەمان لەو وڵاتە بکشێنینەوە.

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە کە وڵاتەکەی بە شێوەی ئاشکرا و نهێنی پەیوەندی ئابووری و سیاسی لەگەڵ رژێمی ئیسرائیل هەیە، بە شێوەیەک تورکیا بە فەرمی دانی بە ئیسرائیل داوە و باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەنکەرە پایتەختی ئەو وڵاتە دامەزراوە و کار دەکات. 

وێنەی هاوپێچ باڵیۆزخانەی رژێمی ئیسرائیلە لە ئەنکەرە پایتەختی تورکیا.

بەشار ئەسەد: لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر دەیرەزۆر، زایۆنیستەکان دەیانویست ئاسانکاری بۆ داعش بکەن

سەرۆک کۆماری سوریا لە میانەی وتارێکی لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە وتی کە ئەمریکا پەیوەندییەکی بەهێزی لە گەڵ تیرۆریزم هەیە و ناتوانێت پێویستی پێی نەبێت.

بەشار ئەسەد وتی: ئەمریکا لە ناوچەکە پێویستی بە تیرۆریستان بە تایبەت داعش هەیە و گەمارۆکانی ئەو وڵاتە لە ڕاستیدا پاڵپشتییە لە تیرۆریستان.

ناوبراو وتی: هەر کات تیرۆریستان لەلایەن سوریاوە تووشی شکست دەبن، ئەمریکا ڕووی هێناوەتە زیاترکردنی گوشار و ئاڵۆزییەکان بۆ سەر سوریا.

سەرۆک کۆماری سوریا بە ئاماژە بە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی وتی کە سەرجەم ئەم پیلانگێڕییانە لە پێناو پاڵپشتی لە تیرۆر دەبێت، بۆ نموونە، لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر دەیرەزۆر، زایۆنیستەکان دەیانویست ئاسانکاری بۆ جموجوڵەکانی تیرۆریستانی داعش لەم پارێزگایە بکەن.

جام کوردی 

13‏/08‏/2020

ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و رژێمی ئیسرائیل

هەواڵە تایبەتەکان : رێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات و رژێمی ئیسرائیل لەلایەن مەحەمەد بن زاید جێگری میرنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی رژێمی ئیسرائیل واژۆ کرا.

بە پێی ئەم رێککەوتنە پرۆژەی داگیرکردنی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن لە فەلەستین لەلایەن رژێمی ئیسرائیلەوە دوا دەخرێت و هاوکارییەکانی هاوبەشی ئەو رژێمە لەگەڵ ئیمارات دەکەوێتە بواری جێ بە جێ کردنەوە.

بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەلەستین حەماس و رێکخراوی ئازادی فەلەستین ئیدانەی ئەم رێککەوتنیان کردووە.

وڵاتانی عەرەبی وەک ئیمارات و عومان و عەرەبستان و میسر و... "ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ رژێمی ئیسرائیل" بە رێگایەک بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران و گەشەی ئابووری و چاکسازی سیاسی و... دەزانن.

ڤیدیۆ | دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوت هەڵگر لەلایەن ئێرانەوە ؟!

هەواڵە تایبەتەکان : فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە CENTCOM بە بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیەک رایگەیاند هێزەکانی ئێران کەشتییەکی نەوت هەڵگریان بە ناوی Wila لە ئاوەکانی نێودەوڵەتی لە کەنداوی فارس دەست بەسەر کردووە.

ئەو فەرماندەییە لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند ئێران بە بەکارهێنانی دوو کەشتی و هەلیکۆپتەرێک هەستاوە بە دەست بەسەر داگرتنی کەشتی Wila لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.

لەو ڤیدیۆیە کە لەلایەن ئەو فەرماندەییە بڵاو کراوەتەوە هەلیکۆپتەرێک لە جۆری Sea King خەریکی دابەزاندنی هێز لەسەر کەشتیەک دەبینرێت.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاوکراوەتەوە کەشتییەکە بە ئاڵای لیبریا لە بەندەری "الحمریه"ی ئیمارات بەڕێکەوتووە.

تا ئێستا بەرپرسانی ئێران هیچ لێدوانێکیان لەسەر قسەکانی ئەمریکا لەسەر ئەم رووداوە نەبووە.


دوایین هەواڵەکان لە ئۆپەراسیۆنی ئەنسارۆڵڵا دژ بە داعش و ئەلقاعیدە لە یەمەن + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان : بە پێی دوایین هەواڵەکان لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا و هۆزەکانی هاوپەیمانی لە ناوچەی باکوری ڕۆژئاوای "البیضاء"ی یەمەن کە چەندین ڕۆژە دژ بە تیرۆرستانی داعش و ئەلقاعیدە لەو ناوچەیە دەستی پێ کردووە، ئەو هێزانە توانیانە ناوچەیەکی فراوان (ڕەنگی شین لە نەخشە) کە ژێر کۆنترۆڵی داعش و ئەلقاعیدە دا بوون، کۆنترۆڵی بکەنەوە.

بە پێی ئەو هەواڵەی کە پێمان گەیشتووە ناوچەکانی" القیفه، وادی زعج، ذی کالب، الحمیضه، جوف النقبا، قوره، الظهره و المقلد" لەلایەن ئەنسارۆڵڵاوە کۆنترۆل کراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنی ئەنسارۆڵڵا لە میحوەری باشوری "مأرب" هەروەها دژ بە هێزەکانی هاوپەیمانی سەعودیا بەردەوامە.

فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەنسارۆڵڵا لە ماوەی حەوت ڕۆژی رابردوو تا ئێستا ٢٢ جار هێرشی ئاسمانیان لە میحوەرەکانی باکوری ڕۆژئاوای "البیضاء" و باشوری "مأرب" ئەنجام داون کە ١٧ لەو هێرشانە بۆ پشتیوانی لە تیرۆرستانی داعش و ئەلقاعیدە بووە.


12‏/08‏/2020

ڤیدیۆ | هەڵهاتنی وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی

وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، "مایڵز كاگینس" چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا لەکاتی قسه‌ کردنی بۆ كه‌ناڵی "التغییر"ی عێراقی، لە کاتی بیستنی زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کە بە هۆی ئاراستە کردنی سێ مووشەکی کاتیۆشا بەرەو ئەو باڵیۆزخانەیە لێدرا بوو، ناچار دەبێت پەخشی ڕاستەوخۆ بەجێ بهێڵێت و بۆ شوێنی پارێزراو هەڵبێت.

جیاوازی سەربازانی ئەمریکا کە لە فیلمەکانی هالیوود پیشان دەدرێن و ئەوەی لە ڕاستیدا هەیە، لەم ڤیدیۆیە دا دەردەکەوێت.

شایانی باسە گروپی "عصبة الثائرين" چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا سێ مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کرد بوو.


11‏/08‏/2020

بۆمبێکی چێنراوی دیکە بە کاروانێکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تەقییەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا لە ناوچەی تاجی لە باشوری بەغداد پایتەختی عێراق تەقییەوە، کە کەرستەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگواستەوە

گروپی "ثورة العشرین الثانیة" بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی گرتۆتە ئەستۆ.

شایانی باسە لە ماوەی حەوت رابردوو ئەمە چەندین هێرشی لەو شێوەیە بۆ سەر کاروانەکانی گواستنەوەی کەرەستەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمریکا لە عێراق دەکرن کە چەندین گروپی عێراقی بەرپرسیارێتیان گرتۆتە ئەستۆ.

هاوپەیمانی سەعودیا لە یەمەن هاوکاری داعش دەکات

هەواڵە تایبەتەکان : لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی ئەنسارۆڵڵا دژ بە تیرۆرستانی داعش و ئەلقاعیدە لە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای "البیضاء"ی یەمەن، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سەعودیا ڕۆژی رابردوو ٥ جار پێگەکانی ئەنسارۆڵڵایان لە هێڵی بەرگری لەو ناوچەیە بۆ پاڵپشتی لە داعش و ئەلقاعیدە بۆردومان کرد.


پاڵپشتی هاوپەیمانی سەعودیا لە تیرۆرستانی داعش و ئەلقاعیدە هەواڵێکی تازە نیە چونکە ئەم بابەتە لە سووریا و عێراق جارەهای جار بینراوە.

10‏/08‏/2020

هێرش کرایە سەر کاروانێکی هێزەکانی ئەمریکا لە سنووری عێراق

گروپی "اصحاب الکهف" کە گروپێکی نەناسراوی عێراقیە ڤیدیۆیەک بڵاو کردەوە کە تێدا لە هێرشێکی خۆیان بۆ سەر کاروانێکی سەربازی ئەمریکا لە خاڵێکی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتی کوەیت هەواڵی دایەوە.

شایانی باسە ئەم خاڵە سنووریە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەمریکایە کە بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی تایبەتی خۆیان بەکاری دەهێنن.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕۆژی رابردوو هەروەها گروپێکی دیکەی عێراقی بە ناوی  “سرایا الثوره العشرین الثانیه” بە بۆمبێکی چێندراو هێرشی کرد بوو سەر کاروانێکی گواستنەوەی کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سنووری پارێزگای زیقاری عێراق.



ئۆپەراسیۆنی ئەنسارۆڵڵا دژ بە تیرۆرستانی داعش و ئەلقاعیدە لە یەمەن + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا و هۆزە هاوپەیمانانی، ئۆپەراسیۆنێکیان دژ بە تیرۆرستانی داعش و ئەلقاعیدە لە "القریشیه" و "ولد ربیع" لە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای "البیضاء"ی یەمەن دەست پێ کردەوە.

بە پێی ئەم ئۆپەراسیۆنە تا ئێستا چەندین ناوچە لە ڕۆژئاوای "القیفه" لەلایەن ئەنسارۆڵڵاوە کۆنترۆل کراوە. شەڕ و پێکدادان بەردەوامە و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سەعودیا تا ئێستا هاوکاری داعش و ئەلقاعیدەیان لەو ناوچەیە نەکردووە.

تیرۆریستانی داعش و ئەلقاعیدە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بە بەردەوامی جموجۆڵیان دژ بە ئەنسارۆڵڵا و هۆزەکانی هاوپەیمانی لەو ناوچەیە ئەنجام داوە، تەنانەت لە هەندێک جار ئەو تیرۆریستانە دەستیان لە کوشتن و تاوان بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل ناوچەکە هەبووە.

09‏/08‏/2020

کوژرانی دایکێکی تەمەن ٢٣ ساڵەی فەلەستینی لەلایەن رژێمی ئیسرائیلەوە


هەواڵە تایبەتەکان : "دالیا سمودی" دایکێکی فەلەستینی لە شاری "جنین" بە گوللەی سەربازانی رژێمی زایۆنیستی کوژرا.

"دالیا سمودی" تەمەن ٢٣ ساڵ کە بۆ ڕێگری کردن لە هاتنە ژوورەوەی گازی فرمێسک ڕێژی سەربازانی رژێمی ئیسرائیل هەوڵی داخستنی پەنجەرەی ماڵەکەی دا بوو، بە گوللەی سەربازانی رژێمی زایۆنیستی شەهید کرا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم تاوانانەی رژێمی ئیسرائیل بە شێوەی بەردەوام ئەنجام دەدرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هیچ کاردانەوەیەکییان بەرامبەر بەم تاوانانە نییانە.

08‏/08‏/2020

سەید حەسەن نەسرووڵا: تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت پەیوەندی بە حزبۆڵڵاوە نییە

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە ووتاری ڕۆژی هەینی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتی وەک کارەساتێکی مرۆڤی ناو برد و داوای ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی کردووە.

سەید حەسەن نەسروڵڵا وتاری ئەمجارەی خۆیی بۆ کارەساتی تەقینەوە بەهێزەکەی بەندەری بەیروت و لێکەوتەکانی تەرخان کرد.

سەید حەسەن نەسروڵڵا ڕووداوەکەی شاری بەیروتی وەک کارەساتێکی مرۆڤی ناو برد و وتی: ئەم ڕووداوە گەورە و مەترسیدارە لێکەوتەی ئابوری، تەندرووستی و کۆمەڵایەتی زۆری بۆ لوبنان دەبێت. سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان دەکەم و داوای چاک بوونەوەی برینداران لە خوا دەخوازم.

ناوبراو وتی: دوژمنان بە هەموو شێوازێک هەوڵ دەدەن کە حزبوڵڵا بە تێوەگلاوی ڕووداوەکە بناسێنن، پاش ئەوەی کە ئەمریکا لە ڕێگای دوناڵد ترەمپەوە دەستی دەرەکیی لە تەقینەوەکەدا ڕەتکردەوە، نەیارانی بەرەی خۆڕاگری کەوتنە شێوازێکی دیکەی دوژمنایەتی و ڕایانگەیاند کە حزبوڵڵا بەندەری بەیروتی بە دەستەوە بووە و هۆکاری ئەم تەقینەوە بووە.

نەسرووڵا وتی: حزبۆڵڵا نە بەڕێوەبردنی بەندەری بەیروتی بە دەستەوە بووە و نە هیچ چالاکییەکیشی تێدا هەبووە.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە حزبوڵڵا ئامادەیە لە باسی جێگیر کردن و پەنادانی بنەماڵە بێ ماڵ و حاڵەکان و دابینی نشینگەی جێگرەوە بۆیان بەشداری و هاوکاری بکات.

وتیشی: پاش ئاشکرابوونی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، خەڵکی لوبنان بەو ڕاستییە دەگەن کە هۆکاری ئەم تەقینەوە چۆن بووە.



ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە تیرۆری قاسم سولێمانی

نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە تیرۆری قاسم سولێمانی لەلایەن ئەمریکاوە، ئەو کارەی واشنتۆنی نایاسایی وەسف کرد

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتە هاتووە:

بۆ یەکەم جار، لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی چەکدار بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتێکی بیانی لە خاکی وڵاتی سێیەم دەکاتە ئامانج کە ئەوە کارێکی گرنگ و ئاڵۆزکەرە.

کردنە ئامانجی ژنراڵ سولێمانی و دۆستانی، وەکوو کوژرانێکی تاک لایەنە بوو کە بە پێی یاساکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، ئەمریکا هۆکارەکەیەتی.

هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی کە ژنراڵ سولێمانی خەریکی ئامادەکاری بۆ هێرشێکی بەپەلە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق بووبێت و ئەو هێرشەش بۆ ڕێگری لەو هەوڵە بەپەلە بووە، بوونی نییە. 

07‏/08‏/2020

تاوانێکی دیکەی هاوپەیمانی سەعودیا لە یەمەن


هەواڵە تایبەتەکان : بە پێی بۆردومانەکانی ناوچەی "المعاطره" لە یەمەن لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سەعودیا زیاتر لە ٢٠ کەسی سڤیل کوژران و بریندار بوون.

05‏/08‏/2020

هێرش کرایە سەر کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی ئەمریکییەکان لە عێراق


ڕۆژی رابردوو لە رێگەی بۆمبێکی چێندراو هێرش کرایە سەر کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی ئەمریکی لە ناوچەی "تل اللحم" لە باکوری شاری "ناصریه"ی عێراق. 
گروپی "ثورة العشرين" کە گروپێکی نەناسراوی عێراقیە بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی گرتۆتە ئەستۆ.

شایانی باسە شەوی رابردوو هەروەها ٢ مووشەک لە جۆری کاتیۆشا ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا کران.

04‏/08‏/2020

ڤیدیۆ | ڕووخاندنی خانووی فەلەستینیەکان لەلایەن رژێمی زایۆنیستی بەردەوامە


هێزەکانی رژێمی زایۆنیستی خانووی دوو خانەوادەی فەلەستینیان لە شارۆچکەی "جبل المکبر" و "سلوان" لە نزیک قودسیان ڕووخاند.

شایانی باسە ڕووخاندنی خانووی فەلەستینیەکان و پەرەپێدان بە دروست کردنی شارۆچکە بۆ زایۆنیەکان، دوای قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ بۆ ناساندنی قودس وەک پایتەختی رژێمی زایۆنی ڕووی لە زیادبوون دایە.

رژێمی زایۆنیستی جارێکیتر هێرشی کردە سەر سووریا



هەواڵە تایبەتەکان : هەلیکۆپتەرێکی رژێمی ئیسرائیل درەنگانی شەوی رابردوو پێگەکانی سوپای سووریا لە ناوچەی "القحطانیه" لە پارێزگای "قنیطره"ی سووریای کردە ئامانج.

بە پێی هەواڵە نافەرمیەکان ئەم هێرشە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی بە دوای خۆیدا هێناوە.

سوپای رژێمی زایۆنیستی لە بەیاننامەیەکدا بە فەرمی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ و هێرشەکەی وەک وەڵامدانەوەیەک بە هەوڵی دانانی بومب و تەقەمەنی لە باشوری ناوچەی "جولان"ی داگیرکراو ناوی برد.

دوو رۆژ پێش ئێستا سوپای رژێمی زایۆنیستی بە بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیەک لە هەوڵی ٤ کەسی نەناسراو بۆ دادانی بومب و تەقەمەنی لە باشوری ناوچەی "جولان"ی داگیرکراو هەواڵی دا بوو. هەرچەندە ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەبوون بەڵام ئەمە بوو بە بیانوویەک بۆ هێرشی تازە ئەو رژێمە بۆ سەر سووریا.

03‏/08‏/2020

ئەنسارۆڵڵا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی هاوپەیمانی سەعودیای خستە خوارەوە



هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی هاوپەیمانی سەعودیا لە جۆری ئار کیو ٢٠ کە دروست کراوی ئەمریکایە لە ناوچەی "حرض" لە باکوری پارێزگای "الحجه"ی یەمەن لە نزیک سنوورەکانی سەعودیا خستە خوارەوە.
 

تورکیا لە عومان بنکەی سەربازی دادەمەزرێنێت





هەواڵە تایبەتەکان : بە پێی سەرچاوەکانی وڵاتانی کەنداوی فارس، تورکیا و عومان لەسەر دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لە وڵاتی عومان گەیشتوونەتە رێککەوتن.

ئاکار هاکان شارەزای سەربازی لە تورکیا لەم بارەیەوە دەڵێت: «دامەزراندنی بنکەی سەربازی تورکیا لە عومان بابەتێکە کە نزیکەی یەک بۆ دوو ساڵە باسی لێوە دەکرێت و هەندێک زانیاری هەیە کە تورکیا بۆ دامەزراندنی بنکەیەک لە نزیک سنووری یەمەن هەوڵی داوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵ و زانیاریەکی فەرمی لەم بارەیەوە نیە.»

سەرچاوەکانی عومان هەواڵی دامەزراندنی بنکەی سەربازی تورکیا لە عومان ڕەتدەکەنەوە بەڵام هاوکارییە سەربازییەکانی هەر دوو وڵات بە نزیک ناو دەبەن.
لەلایەکی دیکەشەوە مەولود چاویشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی نيجر لەسەر هاوکارییە سەربازییەکانی دوو وڵات هەواڵی داوە، ئەمەش ئامانج و بەرنامەکانی فراوانی تورکیا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت. 

تورکیا لە ئێستادا لە وڵاتانی قەتەر و سومالی و قوبرسی باکور و سوودان و عێراق و سووریا و لیبیا بنکەی سەربازی هەیە و دامەزراندنی بنکەی سەربازی تازە لە عومان بە هەڕەشە بۆ سەر عەرەبستان و ئیمارات و هەروەها دامەزراندنی بنکە لە نيجر بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا هەژمار دەکرێت.

02‏/08‏/2020

ڤیدیۆ | هێرشی هێزە ئەرمەنییەکان بە فڕۆکەی ئینتحاری بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی ئازەربایجان



وەزارەتی بەرگری ئەرمەنستان ڤیدیۆی تازە لە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی ئازەربایجان بڵاو کردەوە کە تێدا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئینتحاری پێگەکانی هێزەکانی ئازەربایجان دەکرێتە ئامانج.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە وەزارەتی بەرگری ئازەربایجان بڵاویکردۆتەوە، هێزە ئەرمەنییەکان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٣٦ جار ئاگربەسیان پێشێل کردووە.

شایانی باسە لە ئێستادا مانۆڕی سەربازی هاوبەشی هێزەکانی سوپای تورکیا و ئازەربایجان لە ناو خاکی کۆماری ئازەربایجان بەڕێوە دەچێت و بڕیار وایە تا ١٠ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.


رادەست کردنی فڕۆکەی سوخو٣٥ بە سوپای میسر


هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی سوپای میسر سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەمریکا ٥ فڕۆکەی جەنگی لە جۆری سوخو٣٥یان لە رووسیا وەرگرتەوە.

بە پێی رێککەوتنی ساڵی ٢٠١٩ی رووسیا و میسر بە نرخی ٢ ملیار دۆلار، سوپای میسر ٢٠ فڕۆکەی سوخو٣٥ لە رووسیا وەردەگرێت. ئەمریکا دوای واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆی لە میسر کردووە. 

میسر دوای رژێمی ئیسرائیل یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیاترین هاوکاری دارایی لە ئەمریکا وەردەگرێت. ئەمریکا لە ساڵەکانی رابردوو چەندین ملیار دۆلار لە بوارەکانی ئابووری و سەربازی هاوکاری وڵاتی میسری کردووە بەڵام میسر سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەمریکا لەسەر کڕین و وەرگرتنی فڕۆکە جەنگییەکان لە رووسیا، تا ئێستا بەردەوامە لەسەر بڕیاری خۆی لە کڕینی ئەو فڕۆکانە؛ پێ دەچێت بەشێکی گرنگی ئەم رەفتارەی میسر بگەڕێتەوە بۆ گرنگی ئەو وڵاتە بۆ رژێمی ئیسرائیل کە بە پشتیوانێکی باشی ئەو رژێمە هەژمار دەکرێت و میسر بە زانینی ئەم گرنگیە بە گوێ نەدان بە هەڕەشەکانی ئەمریکا بەردەوامە لەسەر بڕیارەکەی.