28‏/02‏/2021

تاوانێکی دیکەی سعودیە لە یەمەن

هەواڵە تایبەتەکان: بە هۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سعودیە بۆ سەر گەڕەکی "الربصه"ی شاری "الحدیده"ی یەمەن، ٥ کەسی سڤیل کە لە نێوانیان منداڵێک و ئافرەتێک دەبینرێت گیانیان لەدەست دا و ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.

27‏/02‏/2021

هێرشی مووشەکی کرایە سەر پایتەختی سعودیە + ڤیدیۆ

هەواڵە تایبەتەکان: سەرچاوەکانی سعودیە رایانگەیاند ئەنسارۆڵڵا چەندین مووشەکی بالستیکی ئاراستەی ریاز پایتەختی سعودیە کردووە کە پێش گەیشتن بە ئامانجەکانی تێکشکاون.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن خەڵکی سعودیە لە سۆشیال میدیا بڵاو کراوەتەوە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە ئاسمانی ریاز بیستراوە.



ڤیدیۆ | خۆپیشاندانی فراوانی خەڵکی یەمەن وەک ناڕەزایەتیەک بە گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتە لەلایەن هاوپەیمانی سعودیەوە + وێنە

هەواڵە تایبەتەکان: خەڵکی یەمەن خۆپیشاندانێکی گەورەیان لە شارەکانی ئەو وڵاتە وەک ناڕەزایەتیەک بە گەمارۆکانی هاوپەیمانی سعودیە بۆ سەر یەمەن ـیان ئەنجام دان.




26‏/02‏/2021

زیادبوونی هێرشەکانی داعش و بۆکۆحەرام لە باکوری نیجیریا

هەواڵە تایبەتەکان: هێرشەکانی گروپە تیرۆریستییەکانی داعش و بۆکۆحەرام بۆ سەر شارەکانی باکوری نیجیریا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بە ووتەی "زولومون" فەرمانداری ئەیالەتی برنۆ بە هۆی هاوێشتنی چەندین رۆکێت لەلایەن تیرۆریستانی بۆکۆحەرام ـەوە بۆ سەر شاری "مایدوگوری"، ١٠ کەسی سڤیل کوژران. دوای ئەم هێرشە هێزەکانی سوپا بە دۆزینەوەی شوێنی ئەو تیرۆریستانە بۆ چەندین کاتژمێر شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست بوو کە لە ئەنجام دا ژمارەیەکی زۆر لەو تیرۆریستانە کوژران.

لەلایەکی دیکەوە شاری مارتە لە ڕۆژهەڵاتی مایدوگوری و ناوچەکانی دەوروبەری کە لە ڕۆژانی ڕابردوو لەلایەن تیرۆریستانی بۆکۆحەرام داگیر کرا بوو، لەلایەن سوپای نیجیریا کۆنترۆل کرایەوە.

لە هێرشێکی دیکە لە ئەیالەتی کادونا هەروەها کە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە ئەنجام درا، بە لایەنی کەمەوە ١٩ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان خانوو سوتێنران.

هێرشی مووشەکی ئەنسارۆڵڵا بۆ سەر پێگەکانی هاوپەیمانی سعودیە لە مأرب

هەواڵە تایبەتەکان: هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا ڕۆژی رابردوو لە چواچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەیان دژ بە هاوپەیمانی سعودیە لە "مأرب"ی یەمەن، پێگەکانی ئەو هاوپەیمانیەیان لە ناوچەی سێیەمی سەربازی لە نزیک شاری مأرب بە مووشەک کردە ئامانج.

ئەمە لەکاتێکدایە سەرچاوەکانی نزیک لەم هاوپەیمانییە باس لە تێکشکاندنی دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تایبەت بە ئەنسارۆڵڵا لە ئاسمانی "خمیس" و فڕۆکەی "أبها" لە ناو خاکی سعودیە دەکەن.

تاقیکردنەوەی مووشەکی حەماس لە غەزە

هەواڵە تایبەتەکان: بزووتنەوەی حەماس لە چوارچێوەی پەرەپێدان بە توانا مووشەکییەکەی، ڕۆژی رابردوو بە هاوێشتنی ٤ مووشەک لە کەرتی غەززە بەرەو دەریا، تاقیکردنەوەیەکی مووشەکی ئەنجام دا.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن سەرچاوەیەک لە ناوچەکە دەستمان کەوتووە، دوای ئەم تاقیکردنەوەیە فڕۆکە سیخۆرییەکانی رژێمی ئیسرائیل لە جۆری بێ فڕۆکەوان لە ئاسمانی ناوچەکە دەستیان بە فڕین کردووە.

دەسبەسەرکردنی ٤٥٠ فەلەستینی لە ماوەی مانگی رابردوو

ناوەندی دیموکراتی و مافی مرۆڤ "الانسان" لە راپۆرتێکدا راگەیاند کە رژێمی زایۆنیستی لە مانگی رابردوو (کانوونی دووەم) ٤٥٠ فەلەستینی لە قودس و کەنارەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن لە فەلەستین دەستبەسەر کردووە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە لە نێوان دەسبەسەر کراوان ٢٠ منداڵ و ٣ ئافرەت دەبینرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە مانگی رابردوو هەروەها ٢٢ خانوو و ٣٦ دامەزراوە تایبەت بە فەلەستینیەکان لەلایەن ئەو رژێمەوە رووخێنراون و هەروەها فەرمانی دەسبەسەر کردنی کاتی بۆ ٩٢ کەسی فەلەستینی دەرکراوە.

تەقینەوە لە سەرێ کانی کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

هەواڵە تایبەتەکان: بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری سەرێ کانی، ژمارەیەک کەسی سڤیل گیانیان لەدەست دا.

لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری سەرێ کانی لە باکوری پارێزگای حەسەکە، ٤ کەسی سڤیل کە لە نێوانیان ٢ منداڵ دەبینرێت، گیانیان لە دەست دا.

شاری سەرێ کانی لە پایزی ٢٠١٩ لەلایەن چەکدارانی سەر بە تورکیا داگیر کرا. ئەمە لەکاتێکدایە نائارامی و تیرۆر لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ڕووی لە زیادبوون دایە.

25‏/02‏/2021

بڵاو کردنەوەی وێنەی یەکێک لە هێزەکانی "سرايا القدس" ساتی چاندنی بۆمب

هەواڵە تایبەتەکان: باڵی سەربازی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین بۆ یەکەم جار وێنەی "الناعم" کە لە سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی خان یونس خەریکی چاندنی بۆمبە بڵاو کردەوە.
"محمد علی الناعم" لە هێزەکانی "سرايا القدس" بوو کە لە (٢٣-٢-٢٠٢٠) بە گوللەی هێزەکانی رژێمی ئیسرائیل لە خان یونس کوژرا.
دوای کوژرانی "الناعم"، ووتەبێژی جیهادی ئیسلامی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە رژێمی ئیسرائیل کردەوە. هێزەکانی بەرخۆدانی فەلەستینی ٢٠ رۆکێتیان وەک وەڵامدانەوە بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رژێمی ئیسرائیل هاوێشت.

24‏/02‏/2021

تیرۆریستێکی خۆکوژ لە تاران دەستبەسەر کرا

کەسێکی خۆکوژ کە ویستی کردەوەی تیرۆریستیی لە تاران هەبووە، لە نزیک ئەم شارە دەستبەسەر کرا.

لیوا حوسێن ڕەحیمی فەرماندەی پۆلیسی تاران ڕایگەیاند کە ئەو تیرۆریستیە پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی هەبووە.

ناوبراو وتی کە ئەو تیرۆریستە کاتێک کەوتە بۆسەی هێزە ئەمنییەکانەوە ویستی خۆتەقاندنەوەی هەبوو بەڵام بە ووشیاری هێزەکانی پۆلیسی تاران دەستبەسەر کرا.

جام کوردی 

هێرشی داعش بۆ سەر سوپای نیجیریا دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

هەواڵە تایبەتەکان: لە هێرشی قورسی داعش بۆ سەر سوپای نیجیریا لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی نیجیریا کوژران و برینداربوون.

لەم هێرشانەدا کە لەلایەن باڵی گروپی تیرۆریستی داعش لە ڕۆژئاوای ئەفریقا لە ئەیالەتی برنو ئەنجام دراوە، ١٠ کەس لە هێزەکانی سوپای نیجیریا کوژران و ٢٠ی دیکەش برینداربوون و هەروەها ٣ ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکاون. داعش یەکەم جار بە هێرشی ئینتحاری و دواجار بە هێرشی راستەوخۆ ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنجام داوە.

هەروەها لە هێرشێکی دیکە کە لە شاری دیکوا ئەنجام دراوە، ١٥ کەس لە هێزەکانی سوپای نیجیریا کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.

سنوورەکانی نیجیریا و دەریاچەی چاد لە ساڵەکانی ئەم دواییەدا ناوەندی هێرش و جموجۆڵەکانی گروپە تیرۆریستییەکان داعش و بۆکۆحەرام بوون.

20‏/02‏/2021

رووخاندن و دەسبەسەر داگرتنی ٨٩ خانووی فەلەستینیەکان لە ماوەی دوو هەفتە

هەواڵە تایبەتەکان: نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆڤایەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە فەلەستین لە راپۆرتێکدا راگەیاند کە رژێمی زایۆنیستی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو ٨٩ خانووی تایبەت بە فەلەستینیەکانی لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن لە فەلەستین، دەستبەسەر دا گرتووە یان رووخاندوویەتی.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە لە ئەنجامی ئەم کارە، ١٤٦ فەلەستینی کە لە نێویاندا ٨٣ منداڵ دان، ئاوارە بوون و ٣٣٠ کەسی دیکە زیانیان پێ گەیشتووە.

هێزەکانی رژێمی ئیسرائیل لە دوو هەفتەی رابردوو هەروەها ١٧٢ فەلەستینییان لەو ناوچەیە دەسبەسەر کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هێرشی یەهودیە توندڕەوەکان بۆ سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی فەلەستینیەکان، زیاتر لە هەزار داری ئەو زەویانە بڕدراون و هەروەها زیانێکی زۆر بەر ئۆتۆمبێلی فەلەستینیەکان گەیەندراوە.

ئەنسارۆڵڵا لە بەنداوی مأرب پاشەکشەی کرد + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان: لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا لە رۆژئاوای پارێزگای مأرب، ئەو هێزانە لە بەنداوی مأرب و چەندین ناوچەی دیکە پاشەکشەیان کردەوە. 

لە دوو رۆژی رابردوو میحوەری "طلعه الحمرا" و ڕۆژئاوای بەنداوی مأرب میحوەری سەرەکی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەنسارۆڵڵا و هاوپەیمانی سعودیە بوو. ئەنسارۆڵڵا دوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی سعودیە و چەکدارانی گروپی تیرۆریستی داعش و ئەلقاعیدە لە چەند ناوچەی دەوروبەری بەنداوی مأرب پاشەکشەی کردەوە.

ئەنسارۆڵڵای یەمەن داوایەکی بایدنی سەبارەت بە ئێران ڕەتکردەوە

بزوتنەوەی ئەنسارۆڵڵای یەمەن داوایەکی سەرۆک کۆماری ئەمریکای ڕەتکردەوە و جەختیکردووەتەوە کە پەیوەندییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام دەبێت.

 پاش ئەوەی کە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە لێدوانێکدا جەختی لە سەر کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن کردەوە، نێردەیەکی تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان کرد و ئەویش لە پەیوەندیی لە گەڵ بەرپرسانی بزوتنەوەی ئەنسارۆڵڵا ڕایگەیاند کە لە بەرامبەر کۆتایی هێنان بە شەڕ و هەڵگرتنی سزاکان، پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران ڕابگرن و لە چوارچێوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە ناوچەکە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

بەرپرسانی بزوتنەوەی ئەنسارۆڵڵای یەمەن ئەو داوایەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دەستێوەردان لە کاروباری یەمەن هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ شەڕی دژ بە خەڵکی ئەم وڵاتە نییە و ئەم دەستێوەردانە ڕەتدەکەینەوە.

بەرپرسانی ئەنسارۆڵڵای یەمەن بەرامبەر بە ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە، ئەوەی کە یەمەن لە کام بەرەی ناوچەکە بێت، یان لە ئاستی نێودەوڵەتی چ سیاسەتێکی هەبێت، پرسێکی ناوخۆیی یەمەنە و هەر بڕیارێک لەم بوارەدا تەنیا لای خەڵکی یەمەنە و دەستێوەردانی دەرەکیش بە واتای پێشێلکردنی سەربەخۆیی و سەروەری ئەم وڵاتەیە.

بەرپرسانی ئەنسارۆڵڵا هەروەها ئەوەیان بە نێردەی ئەمریکا ڕاگەیاندووە کە سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە شەڕ، بە بێ قبووڵکردنی مەرجی هیچ لایەنێک، ئامادەی هاوکارین لە گەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

جام کوردی

19‏/02‏/2021

ڤیدیۆ | حزبوڵڵای لوبنان شوێنی بنکە سەربازی و کۆگاکانی چەکی ئیسرائیل ئاشکرا کردەوە

هەواڵە تایبەتەکان: دوای ئەوەی سەرۆک ئەرکانی سوپای رژێمی ئیسرائیل راگەیاند، حزبوڵڵای لوبنان بنکە سەربازی و مووشەکییەکانی خۆی لە ناوچەکانی نیشتەجێ بوون دادەمەزرێنێت، حزبوڵڵا ڤیدیۆیەک لە بنکە سەربازییەکانی رژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکانی نیشتەجێ بوونی بڵاو کردەوە لە ژێر ناونیشانی "ئەی زایۆنیستەکان... ئێوە لە ناو شارەکانی خۆتان بنکەی سەربازی و ئەمنیەتی ـتان هەیە"



18‏/02‏/2021

بەنداوی مأرب لەلایەن هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا کۆنترۆل کرایەوە + نەخشەی ناوچەکە / داعش هاوکاریی سعودیە دەکات

هەواڵە تایبەتەکان: لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا (حوسییەکان) دژ بە هێزەکانی هاوپەیمانی سعودیە لە پارێزگای مأرب ـی یەمەن، بەرزاییەکانی باشوری بنکەی "کوفل" و بەنداوی مأرب و هەروەها "جبل البلق" لەلایەن ئەنسارۆڵڵاوە کۆنترۆل کران.

بە پێی دوایین هەواڵەکان لە میحوەری مأرب، دوای شەڕی سەختی ئەنسارۆڵڵا لەگەڵ هاوپەیمانی سعودیە و گروپە تیرۆریستییەکانی داعش و ئەلقاعیدە لە میحوەری رۆژئاوای شاری مأرب، هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا توانیەتی ناوچەکانی ئاماژە پێ کراو کۆنترۆل بکاتەوە. پێکدادان لە ناوچەکانی "طلعه الحمرا" و ڕۆژهەڵاتی "هیلان" بەردەوامە و تیرۆریستانی داعش و ئەلقاعیدە بۆ هاوکاری هاوپەیمانی سعودیە لەو میحوەرانە جێگیر کراونەتەوە.

بەنداوی مێژووی مأرب دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای شاری مأرب و لەبەر بەرزایی و شوێنی گرنگیی، ڕۆڵێکی ستراتیژی لە کۆنترۆل کردنی ناوچەکە هەیە. وەک دەوترێت مێژووی ئەو بەنداوە دەگەڕێتەوە بۆ ٤ هەزار ساڵ پێش زایین و لە ماوەی ساڵانی رابردوو نۆژەن کراوەتەوە. بەنداوی مأرب نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە ڕووبەری هەیە و توانای هەڵگرتنی ٤٠٠ ملیۆن مەتری چوارگۆشە ئاوی هەیە.

لە ماوەی شەڕ و پێکدادانەکانی ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان هاوپەیمانی سعودیە و هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا، زیان بەر دیواری ئەو بەنداوە گەیشتەوە. هەر دوای ئەوە ئەنسارۆڵڵا تا ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی "صرواح" پاشەکشەی کرد و لە ئێستادا دوای ٦ ساڵ دووبارە کۆنترۆڵی ئەو بەنداوەی کردەوە.

رۆژی رابردوو گروپی تیرۆریستی داعش بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک بە شێوەی فەرمی لە ئامادە بوونی چەکدارانی لە میحوەری مأرب بۆ شەڕ کردن دژ بە هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا هەواڵی دایەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر چەکدارانی داعش بۆ شەڕ کردن دژ بە هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا، هاوکاریی هاوپەیمانی سعودیە لە ناوچەکانی "صنعاء" و "صعده"یان کرد بوو.

17‏/02‏/2021

هێرش کرایە سەر کاروانێکی لۆجستیکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

هەواڵە تایبەتەکان: کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی ئەمریکا لە ناسریە لە عێراق کرایە ئامانج.

گروپی "اصحاب الکهف" کە گروپێکی بەرخۆدانی عێراقیە بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ.

حەسەن نەسروڵڵا: ئیدارەی نوێی ئەمریکا هەوڵی زیندووکردنەوەی داعش دەدات

هەواڵە تایبەتەکان: حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان بە بۆنەی ساڵۆگەڕی کوژرانی عیماد موغنیە فەرماندەیەکی هێزەکانی حزبوڵڵا وتارێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانی خۆیدا بە ئاماژە بە چالاکییەکانی داعش لە وڵاتانی سوریا و عێراق، وتی: حکومەتی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆبایدن دەیەوێت بە چالاککردنەوەی ئەم گرووپە تیرۆریستییە پاساوێکی بۆ مانەوەی هێزەکانی لەم دوو وڵاتە هەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە داواکارییەکانی خەڵک بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا زیاتر بووە و دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی لە ڕێگای داعشەوە دەیانەوێت بەردەوامی بە بوونی سەربازی لە سوریا و عێراق بدەن.

جام کوردی

یەکەم وێنەی ناو بنکەی ئەمریکا دوای هێرشەکەی هەولێر بڵاو کرایەوە

کەناڵی ئەلعەرەبییە وێنەی ناو بنکەی سەربازی ئەمریکای لە هەولێر دوای هێرشەکەی دووشەممەی بڵاو کردەوە کە هەر وەک گروپی "سرايا اولياء الدم" لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی پێ دا بوو، زیانێکی زۆر بەر ئەو بنکە سەربازییەی ئەمریکا کەوتووە.


16‏/02‏/2021

گروپی "سرايا اولياء الدم" لەسەر هێرشەکەی هەولێر بەیاننامەیەک بڵاو کردەوە

هەواڵە تایبەتەکان: گروپی "سرايا اولياء الدم" لەسەر هێرشەکەی هەولێر بەیاننامەیەک بڵاو کردەوە و تێدا هاتووە:

١- داگیرکەرە ئەمریکییەکان تەنانەت ئەگەر بنکە سەربازییەکانیان بۆ حکومەتێکی بەکرێگیراو [حکومەتی هەرێمی کوردستان] بگوازرێنەوە هەر پارێزراو نابن.

٢- هێرشەکەی هەولێر هەڵگری پەیامێکی ئێمە بۆ هەندێک لە سیاسەتمەدارانی کورد بوو کە رێگای هەڵەیان گرتوەتە بەر و ئەگەر رێگای دروست هەڵنەبژێرن بەو مووشەکانەی کە هێشتا لە کوردستان و بە تایبەتی لە هەولێر هەمانە، دەیانکەینە ئامانج.

٣- ئێوە ڕێبەرانی کورد هێشتا لە داگیر کردنی خاکی عێراق لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکەن و مەسعود بارزانی پێشەنگی هاتنی سوپای تورکیا بۆ عێراقە.

٤- دوپاتی دەکەینەوە کە خەڵکی سڤیل و هێزە کوردییەکان برایان و ئازیزانی ئێمەن و ئێمە جگە لە بنکە ئەمریکییەکان و تورکییەکان و ئیسرائیلییەکان هیچ شوێنێکی دیکە ناکەینە ئامانج.

٥- ئێمە نامانەوێت زیان بە هیچ کەسێک لە کوردستان بگەیەنین و داوا لە هێزە کوردییەکان دەکەین لە بنکەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئیسرائیل دوور بکەونەوە.

٦- بێ بایەخ و بچووک هەژمار کردنی هێرشەکانی ئێمە لەلایەن سەرچاوەکانی دوژمن و بەکرێگیراوان بۆمان بووەتە شتێکی ئاسایی. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە هێرشە مووشەکییەکی ڕۆژی رابردوو ئەفسەران و سەربازە ئەمریکییەکان کوژراون و بیناکان و کۆگای چەک و تەقەمەنییەکان و فڕۆکەکانی داگیرکەران [ئەمریکییەکان] لە ئاگر سووتان و تەقینەوەکان تا بەیانی بەردەوام بوون.

٧- لە جۆری مووشەکەکان و چۆنییەتی هاوێشتنیان دوژمن تووشی ترس کرد.

٨- فڕۆکەخانەی هەولێر پارێزراو دەبێت و ئێمە هیچ کاتێک ناکەینە ئامانج و ئەگەر نیازی ئەوەمان هەبایە بۆ ئێمە زۆر ئاسانە.

ئەنسارۆڵڵا گەیشتە دەروازەکانی شاری مأرب + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان: لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا (حوسییەکان) لە رۆژئاوای پارێزگای مأرب لە یەمەن، دووری ئەو هێزانە تا شاری مأرب گەیشتە ١١ کیلۆمەتر.

لە دوایین ڕووداوەکان لە میحوەرەکانی ڕۆژئاوای شاری مأرب، هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا و یەکینەکانی خەڵکی یەمەن گوندەکانی "الزور" و "الحماجره" لەسەر رێگای "صرواح-مأرب" و هەروەها ناوچەی شاخاوی "حمار"یان کۆنترۆل کردەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانی سعودیە دا بوون.

لەگەڵ ئەم پێشڕەوییانە دووری هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا تا شاری مأرب گەیشتە ١١ کیلۆمەتر.

لە ئێستادا پێکدادانەکان بە چڕی لە ناوچەکانی "طلعه الحمرا" و بەنداوی مأرب لە نێوان هەر دوو لایەن بەردەوامە.

شایانی باسە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە و دوای پاشەکشە کردنی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا لە مارب، ئەمە یەکەم جارە ئەو هێزانە ئەوەندە نزیکی دەبن لە کۆنترۆل کردنەوەی ئەو شارە.

گروپی "سرايا اولياء الدم" بەرپرسیارێتی هێرشەکەی هەولێر گرتە ئەستۆ

هەواڵە تایبەتەکان: گروپی "سرايا اولياء الدم" بەرپرسیارێتی هێرشەکەی هەولێری گرتە ئەستۆ و لەم بارەیەوە بەیاننامەیەکدا بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەی ئەم گروپە هاتووە، لە کاتژمێر ٢١:١٥ توانیمان هێرشی مووشەکی بکەینە سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە هەولێر کە لەو هێرشەدا ٢٤ مووشەکمان ئاراستەی ئەو بنکەیە سەربازیە کردووە.

لەم بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە، لەم هێرشەدا زیانێکی زۆر بەر کەلوپەل و ئامێرە گواستنەوە و فڕۆکەکانی ئەمریکا کەوتووە و زیانی گیانی زۆریان پێ گەیشتووە.

سرایا هەروەها لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەو گوللانەی کە لە دەرەوەی بنکەی ئەمریکا کەوتوون گوللەی سیستەمی بەرگری ئەمریکا CRAM بووە کە هەوڵی داوە مووشەکەکانی ئێمە بپێکێت.

بە پێی زانیارییەکان لە سەرچاوەکانی نزیک لەم گروپە، لەم هێرشەدا فڕۆکەیەکی هێزەکانی هەواڵگری ئەمریکا لە جۆری سوپەر کینگ ٣٥٠ و فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی MQ1C تێکشکاون و دوو ئەفسەری ئەو هێزانە بۆ بنکەی عەین عیسا گواستراونەتەوە.



15‏/02‏/2021

ڤیدیۆ | بنکەی تورکیا لە نزیک موسڵ لەلایەن گروپێکی عێراقی کرایە ئامانج

هەواڵە تایبەتەکان: بە پێی هەواڵەکان گروپی "اصحاب الکهف" کە گروپێکی بەرخۆدانی عێراقیە ئەمڕۆ رایگەیاند کە وەک کاردانەوە بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی تورکیا لە پارێزگای نەینەوا، بنکەیەکی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە موسڵ بە مووشەک کردووەتەوە ئامانج.

ئەو گروپە هەروەها رایانگەیاند کە گرتەی ڤیدیۆیی ئەو هێرشە دواتر بڵاو دەکرێتەوە.

شایانی باسە چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە موسڵ بیسترا.



ئەمریکا بەردەوامە لە گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق

 ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە زانیاری مەترسیدار و بەڵگەی پێویست لە سەر گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئەم وڵاتە هەیە و فەرماندە ئەمنییەکانیش ئەم زانیارییانە پشتڕاست دەکەنەوە.

بەدر زیادی لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی العهد وتی: گرتەی ڤیدیۆیی تەواو لە بەردەستدایە کە پیشان دەدات ئەمریکا بە فڕۆکە و کۆپتەر ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش دێنێتە خاکی عێراق، کاتێک ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بە دەستی ئێمە گەیشت لە لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان تاوتوێمان کرد و داوامان لە فەرماندە باڵا ئەمنییەکانیش کرد بە پێی ئەو بەڵگانە مامەڵە لە گەڵ دۆخەکەدا بکەن.

ناوبراو وتی: یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی عێراق ئەمەی پشتڕاست کردەوە و وتی کە بۆ ئێمە ڕوون بووەتەوە کە فڕۆکە ئەمریکییەکان ئەندامانی داعش بۆ ناوچە جیاجیاکانی عێراق دەگوازنەوە.

بە وتەی ئەم ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، ئەو فەرماندە باڵایە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆ هیچ هەنگاوێکی کرداریتان لە بەرامبەر جموجوڵەکانی ئەمریکا نییە، وتی کە ئێمە تەنیا دۆخەکە دەبینین و هیچ هێز و ئیرادەیەکمان لەم بوارەدا نییە.

بەدر زیادی وتی کە ناوی فەرماندە ئەمنییەکان ئاشکرا ناکەین کە هەر لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەیدر عەبادی تا ئێستا بەردەوام باسیان لەم پیلانەی ئەمریکا کردووە.

ناوبراو تەنیا ئاماژەی بەوەدا کە چەند کەسێک لەو فەرماندانە سەردەمێک وەزیریش بوون.

جام کوردی 

هێرشی ئاسمانی رژێمی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق

هەواڵە تایبەتەکان: فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەرزاییەکانی ناوچەی جۆلانەوە چەندین ناوچەیان لە دیمەشق پایتەختی سووریا کردە ئامانج.

بە پێی بەیاننامەی سوپای سوریا، هێرشەکە لە کاتژمێر ١:١٨ بە کاتی سوریا ئەنجام دراوە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە توانیوە زۆربەی ئەو مووشەکانە تێکبشکێنێت.

13‏/02‏/2021

هەڕەشەکانی تورکیا سەبارەت بە شنگال و کاردانەوەی عێراق

هەواڵە تایبەتەکان: بە پێی هەواڵەکان هێزەکانی حەشدی شەعبی گەڕاونەتەوە شنگال و ناوچەکانی رۆژئاوای موسڵ و پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەکەیان گرتۆتەوە ئەستۆ.

هێزەکانی حەشدی شەعبی بە سێ لیوای کە لە ٩ تا ١٠ هەزار کەس پێک دێت لە پێنجشەممەی رابردوو بە فەرمانی موستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ ناوچەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری نێردراون.

هەر بە پێی هەواڵەکان عەبدولعەزیز موحەمەداوی سوپاسالاری حەشدی شەعبی کە بە ئەبوفەدەک ناسراوە لەگەڵ شاندی یاوەری سەردانی ناوچەکەی کردووە و لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە دیدار و گفتوگۆی کردووە.

یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی رایگەیاند: " چەند ڕۆژی رابردوو لە بەغدا بە ئێمەیان رایگەیاند کە بۆ ڕێگری کردن لە هەر جۆرە هێرشێکی تورکیا بۆ سەر شنگال دەبێت ئامادە بن، هەر بۆیە نزیکەی ١٠ هەزار لە هێزەکانی ئێمە بۆ ناوچەکە نێردراون."

ئەم فەرماندەیە هەروەها رایگەیاند: "بە پێی زانیارییەکان کە پێمان گەیشتووە، تورکیا بە نیازە هێرش بکاتە سەر شنگال و دوای هێزەکانی پێشمەرگە [سەر بە پارتی] تێدا جێگیر بکات. "

دوای رێککەوتنی مانگی ١٠ی ساڵی رابردوو لە نێوان حکومەتی موستەفا کازمی و حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە شنگال، حەشدی شەعبی بە دوری ٥ کیلۆمەتر لەو ناوچەیە دوور خرایەوە و ئەمە یەکەم جارە دوای ئەو ماوەیە ئەو هێزانە بۆ ناوچەکە دەگەڕێنەوە.

هەروەها لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و راگەیاندنی سەردانەکەی پاپی ڤاتیکان لە رۆژانی داهاتوو بۆ عێراق و ئەگەری سەردانی لە شاری قەرەقوش لە نزیک موسڵ، دەتوانێت یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی ناردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ شنگال و دەوروبەری، پاراستنی ئەمنیەتی ناوچە بێت.




هێرشی ئەنسارۆڵڵا بۆ قولایی خاکی سعودیە بۆ چوارەمین رۆژ

هەواڵە تایبەتەکان: بە ووتەی یەحیا سەریع ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە ئەنسارۆڵڵا، هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە جۆری "صماد۳" ئامانجێکی گرنگیان لە فڕۆکەخانەی "أبها" لە ناو خاکی سعودیە کردوەتەوە ئامانج.

شایانی باسە ئەمە چوارەمین ڕۆژە بە دوای یەکدا ئەنسارۆڵڵا هێرشی هاوشێوە دەکات بۆ ناو خاکی سعودیە.

لە هێرشی هاوشێوەی ئەنسارۆڵڵا لە ١٠ی ئەم مانگە شوێنی جێگیر کردنی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سعودیە لە فڕۆکەخانەی" أبها" کرابوو ئامانج. یەحیا سەریع ئەم هێرشانەی وەک وەڵامدانەوەیەک بە بۆردومانەکان و گەمارۆکانی سعودیە بۆ سەر یەمەن زانی بوو.

12‏/02‏/2021

ڤیدیۆ | ساتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی هاوپەیمانی سعودیە لەلایەن ئەنسارۆڵڵا

هەواڵە تایبەتەکان: هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا ساتی خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەی هاوپەیمانی سعودیە لە جۆری CH_4یان بڵاو کردەوە کە لەلایەن ئەو هێزانەوە لە ئاسمانی پارێزگای "مأرب"ی یەمەن خرایەوە خوارەوە.

ئەم فڕۆکەیە دروست کراوی وڵاتی چینە و هاوشێوەی فڕۆکەی MQ_9ی ئەمریکییە کە توانای هەڵگرتنی ٢٥٠ کیلۆگرام بۆمب و ٤٠ کاتژمێر فڕین بە دووری ٥ هەزار کیلۆمەتری هەیە.

ئەمە شەشەمین فڕۆکەی لەم جۆرەیە کە لەلایەن ئەنسارۆڵڵا دەخرێتە خوارەوە.



خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی هاوپەیمانی سعودیە لەلایەن ئەنسارۆڵڵا

هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی هاوپەیمانی سعودیە لە جۆری CH_4یان لە ئاسمانی پارێزگای "مأرب"ی یەمەن خستە خوارەوە.

ئەم فڕۆکەیە دروست کراوی وڵاتی چینە و هاوشێوەی فڕۆکەی MQ_9ی ئەمریکییە کە توانای هەڵگرتنی ٢٥٠ کیلۆگرام بۆمب و ٤٠ کاتژمێر فڕین بە دووری ٥ هەزار کیلۆمەتری هەیە.

ئەمە شەشەمین فڕۆکەی لەم جۆرەیە کە لەلایەن ئەنسارۆڵڵا دەخرێتە خوارەوە.

دوایین پێشڕەوییەکانی ئەنسارۆڵڵا لە "مأرب"ی یەمەن +نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان: پێکدادان لە نێوان ئەنسارۆڵڵا و هاوپەیمانی سعودیە لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی "صرواح"، لە ناوچەی "الزور" و "طلعمه الحمرا" بەردەوامە.

لە ماوەی سێ رۆژی رابردوو هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا و یەکینەکانی خەڵکی یەمەن توانیان چەند ناوچەی گرنگ لە میحوەری رۆژئاوای شاری مأرب و ڕۆژهەڵاتی "صرواح" کۆنترۆل بکەنەوە. ڕۆژی رابردوو هەروەها چیاکانی کوفل و ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن ئەنسارۆڵڵا لە ژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانی سعودیە دەرهێنراون. کۆنترۆل کردنەوەی ئەم ناوچانە ڕووڵێکی گرنگی دەبێت بۆ پێشڕەوییەکانی داهاتووی ئەنسارۆڵڵا لەو ناوچەیە.

هێزەکانی هاوپەیمانی سعودیە بۆ ناوچەکانی "طلعه الحمرا" و "الزور" پاشەکشەیان کردووە و لە ئێستادا شەڕ و پێکدادان لەو ناوچەیە بەردەوامە.

11‏/02‏/2021

سوپای سوریا چوویە ناو شاری "طفس"

هەواڵە تایبەتەکان: دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەکانی سوپای سوریا بۆ بەرپاکردنی ئاسایش چوونە ناو شاری "طفس" لە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای درعا لە باشوری ئەو وڵاتە.

هەواڵدەریی سانا لەو شارە راگەیاند: هێزەکانی سوپای سوریا لە ناوچەکانی "طفس" جێگیر بوون و خەریکی دامەزراندنی بنکەی چاودێری و بازگە بۆ مەبەستی بەرقەرارکردنی ئاسایش و زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی دامەزراوە حکومییەکان و دەست بەکار بوونیان لەو شارەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند کە یەکەی ئەندازیاری هێزەکانی سوپای سوریا لە چەند ڕۆژی رابردوو خەریکی بەدواداچوون و پاککردنەوەی شاری "طفس" و دەوروبەرین لە بۆمبە چێندراوەکان بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ ئەو شارە.

شاری "طفس" لەگەڵ چەندین شاری دیکە وەک "داعل، مزیرب، تلشهاب، یادوده، صیدا" و …، بەشێک لەو ناوچانەن کە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی فراوانی سوپای سوریا بۆ کۆنترۆل کردنەوەی ناوچەکانی داگیر کراو لە باشوری ئەو وڵاتە ئامادە بە قبوڵ کردنی ئاشتی نیشتمانی بوونەوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو چەندین ڕووداوی تیرۆرکردن و تەقینەوە دژ بە هێزەکانی سوپای سوریا و چەکدارانی پێشوو کە ئاشتی نیشتمانیان قبوڵ کرد بوون، ڕووی دا بوویەوە، هەر بۆیە سوپای سوریا بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و رێگری کردن لە دروست بوونی فیتنە و نائارامی تازە، هەندێ هەنگاوی بە نێوەندگیری رووسیا لەو ناوچانە ئەنجام دا بوو.

10‏/02‏/2021

هەنیە پیرۆزبایی لە ڕێبەری باڵای ئێران کرد

هەواڵە تایبەتەکان: ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بە بۆنەی ٤٢یەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران پیرۆزبایی لە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.

بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا راگەیاند کە ئیسماعیل هەنیە لە پەیامێکدا بۆ ڕێبەری باڵای ئێران دووپاتیکردووە کە ئێمە لە بزووتنەوەی حەماس و میللەتی فەلەستین بە گشتی لەگەڵ پیرۆزبایی کردنی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران، بەم بۆنەیەوە سوپاسی ئێوە دەکەین بۆ پشتیوانی بەردەوامتان لە فەلەستین و ئامانجەکانی و بەرگری لە مافی یاسایی میللەتی فەلەستین.

هەنیە هەروەها رایگەیاندووە کە حەماس هیوادارە پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە فەلەستین و بەرخۆدانی فەلەستینی بە تایبەت لە مەترسی و کێشەکانی بەرەوڕووی فەلەستین بەردەوام بێت.

هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانی ئەنسارۆڵڵا بۆ قولایی خاکی سعودیە

هەواڵە تایبەتەکان: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا بە چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی "أبها" لە باشوری سعودیە.

یەحیا سەریع ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە ئەنسارۆڵڵا لە بەیاننامەیەکدا لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی ئەم هێرشە، راگەیاند: " ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆ شوێنی جێگیر کردنی فڕۆکە جەنگییەکانی دوژمن [هاوپەیمانی سعودیە] لە فڕۆکەخانەی" أبها" بە سەرکەوتوویی کردە ئامانج".

لەم بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە: "ئەم هێرشە بە ٤ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە جۆری "صماد۳" و "قاصف2k" ئەنجام دراوە کە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بە بۆردومانە ئاسمانییەکان و گەمارۆکانی سعودیە بۆ سەر یەمەن."

سەرچاوەکانی نزیک لە هاوپەیمانی سعودیە لە تێکشکاندنی ٢ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە ئاسمانی "خمیس" لە باشوری سعودیە هەواڵیان دا بوویەوە.

هێرشی مووشەکی بۆ سەر کۆگا نەوتییەکانی باکوری حەلەب

هەواڵە تایبەتەکان: رووسیا بە هاوێشتنی چەندین مووشەک لە بنکەی حەمیم لە لازقییەی سوریا، کۆگا نەوتییەکانی نایاسایی لە باکوری حەلەب لە نزیک گوندی ترحین لە باکوری ئەلباب کردە ئامانج.

لە چەند مانگی رابردوو هەروەها لە هێرشێکی هاوشێوە کۆگا نەوتییەکانی نایاسایی و قاچاخ لە باشوری شاری جەرابلوس لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی سەر بە تورکیا بە چەندین مووشەکەوە کرا بوو ئامانج.

پێشڕەوی ئەنسارۆڵڵا لە ڕۆژهەڵاتی "صرواح"

هەواڵە تایبەتەکان: لەگەڵ بەردەوامی پێکدادانەکانی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا و هاوپەیمانی سعودیە لە میحوەرەکانی مأرب لە یەمەن، وێستگەی نەوتی و چیای کوفل لەلایەن ئەنسارۆڵڵا کۆنترۆل کرایەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانی سعودیە دا بوون.

فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سعودیە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوو ٧ جار "صرواح"یان بۆردومان کردووە و پێکدادانەکان لەو میحوەرە بەردەوامە.

لە ئەگەری بەردەوامی پێشڕەوییەکانی ئەنسارۆڵڵا لە رێگای ڕۆژهەڵاتی "صرواح"، دەتوانین بڵێین جوڵەی ئەنسارۆڵڵا بۆ چوونە ناو مأرب دەستی پێکردووە. بەڵام وەک دەبینرێت بەنداوی مأرب ئامانجی سەرەتایی ئەنسارۆڵڵا لەو میحوەرە دەبێت.

09‏/02‏/2021

ئەمریکا پەرە بە بناغە سەربازییەکانی لە سوریا دەدات + وێنە

هەواڵە تایبەتەکان: سوپای ئەمریکا خەریکی دروست کردن و پەرە پێدان بە دوو ڕاڕەوی نیشتنەوەی فڕۆکە لە پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوريایە.

بە پێی هەواڵەکان هێزەکانی ئەمریکا خەریکی دروست کردنی ڕاڕەوێکی نیشتنەوەی فڕۆکە بە درێژایی ١٤٠٠ مەتر لە بنکەی سەربازی ئەمریکا لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەلعومەر لە پارێزگای دێرەزوور لە سوریایە و بە پێی زانیارییەکان، هێز و کەلوپەلی سەربازی تازە بۆ ئەو بنکەیە گواستراوەتەوە. ئەم ڕاڕەوە دەکەوێتە ناوەندی ناوچەیەکی بیابانی تەخت و تا دووری ١٠ میل هیچ بەرزاییەک لێی نزیک نیە.

لە پارێزگای حەسەکە هەروەها ڕاڕەوێکی نیشتنەوەی فڕۆکە دروست کراوە کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە چاککردنەوەی بۆ دەکرێت کە بەرەو تەواوی بوون دەچێت. درێژایی ئەم ڕاڕەوە ١٢٠٠ مەتر دەبێت و دەکەوێتە ناو بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمریکا لە باشوری شارۆچکەی "الشدادی". لە چەندین ڕۆژی رابردوو دوو هەلیکۆپتەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمریکا دوای پەرینەوە لە سنوورەکانی عێراق و چوونیان بۆ سوريا، لەو بنکەیە نیشتنەوە.

دوای دەست بەکاربوونی بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هاتوچۆی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ڕووی لە زیادبوون کردووە بە شێوەیەک کە لە هەفتەکانی رابردوو کەلوپەل و هێزی سەربازی زۆریان لە عێراق بۆ بنکە نایاساییەکانیان لە سوریا گواستووەتەوە.





06‏/02‏/2021

ڤیدیۆ | ساتی کردنە ئامانجی بارهەڵگرێک سەر بە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

هەواڵە تایبەتەکان: گروپی "سرايا اولیاء الدم" کە گروپێکی بەرخۆدانی عێراقیە، ڤیدیۆی ساتی هێرشێکی بۆ سەر بارهەڵگرێک لە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەی "اللحیس"ی پارێزگای بەسرەی عێراق بڵاو کردەوە کە لە ١ی ئەم مانگە ئەنجام دراوە.



05‏/02‏/2021

کوژرانی گەنجێکی فەلەستینی لە نزیک ڕام اللە

هەواڵە تایبەتەکان: گەنجێکی فەلەستینی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بە گوللەی کەسێکی زایۆنیست لە رۆژئاوای شاری ڕام اللە کوژرا.

خالد ماهر نوفل گەنجێکی فەلەستینی دانیشتووی گوندی "راس کرکر" کە پاسەوانی مەزرەعەیەک لە نزیک شارۆچکەی نیریا لە رۆژئاوای ڕام اللە بوو، بە گوللەی کەسێکی زایۆنیست کوژرا.

سوپای رژێمی زایۆنیستی راگەیاند، ئەم گەنجە فەلەستینییە نیازی ئەوەی هەبووە بچێتە ناو شارۆچکەی "سدیە افراییم" لە رۆژئاوای مەزرەعەی ئاماژە پێ کرا. ئەمە لەکاتێکدایە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان رایانگەیاندووە خالد هیچ چەکێکی پێ نەبووە.

04‏/02‏/2021

ڤیدیۆ | ئێران مووشەکی هەڵگری مانگی دەستکردی تاقیکردەوە

هەواڵە تایبەتەکان: ڕۆژی رابردوو ئێران مووشەکێکی هەڵگری مانگی دەستکردی بە ناوی "زوالجناح" بە سەرکەوتوویی تاقیکردەوە. 

لەم مووشەکەدا تەکنۆلۆژیای بەهێزترین ماتۆری سووتەمەنی ڕەق تێدا بەکارهاتووە کە بۆ یەکەم جار لە ئێران ئەنجام دەدرێت.

وەک دەوترێت ئەم هەڵگرە مانگە دەستکردە سێ قوناغیە، لە ڕووی تایبەتمەندیە تەكنیكیه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرانی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانی سه‌رده‌م دا ركابه‌ری ده‌كات و توانای هه‌ڵگرتنی مانگی ده‌ستكردی تا كێشی ٢٢٠ كیلۆگرام و له‌ مه‌داری ٥٠٠ كیلۆمه‌تری دا هه‌یه‌.



هێرشی رژێمی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا + ڤیدیۆ

هەواڵە تایبەتەکان: فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی ئیسرائیل چەند خولەکێک پێش ئێستا هێرشیان کردە سەر پێگەکانی سوپای سوریا لە باشوری ئەو وڵاتە.

ئامانجەکانی ئەم هێرشە پێگەکانی سوپای سوریا لە دیمەشق و ناوچەکانی باشوری ئەو وڵاتە بووە کە سیستەمی بەرگری سوریا توانیویەتی رووبەڕووی هەندێک لەو مووشەکانە ببێتەوە.

بە گوێرەی هەواڵەکان لەگەڵ ئەم هێرشەدا، چەکداران لە باشوری سوریا هێرشیان کردووەتە سەر سوپای سوریا.

شایانی باسە ماوەی چەند ڕۆژە گرژییەکان لە هەندێک لە ناوچەکانی باشوری سوریا لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هەندێک لە چەکداران دەستی پێ کردوەتەوە



02‏/02‏/2021

تورکیا بنکەیەکی دیکەی سەربازی لە نزیک عەین عیسا دامەزراندن

هەواڵە تایبەتەکان: سوپای تورکیا بنکەیەکی سەربازی لە باکوری گوندی "المشیرفه" بە دوری ٣ کیلۆمەتر لە شاری عەین عیسا دامەزراندن.

مانگی رابردوو هەروەها تورکیا هەستا بوو بە دانانی بورجێکی پەیوەندی کردن لە باکوری رێگای M4 لە نزیک عەین عیسا.

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا گرژییەکان لەنێوان چەکدارانی سەر بە تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF) لە دەوروبەری شاری عەین عیسا بە شێوەی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئەو چەکدارانە بە پێشێل کردنی ئاگربەس لەو ناوچەیە، لە ماوەی رابردوو چەندین جار هەوڵی کۆنترۆل کردنی هەندێک لەو گوندانەی دابوو کە تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.

هەروەها پۆلیسی سەربازی رووسیا بۆ ڕێگری کردن لە ئۆپەراسیۆنی چەکداران لە ناوچەی عەین عیسا چەندین بنکەی سەربازی تازە لە دەرەوە و ناو ئەو شار دامەزراندووە بەڵام پێکدادانەکان لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەکدارانی سەر بە تورکیا بەردەوامە.