باکوری ڕۆژئاوای سووریا
لە بەردەوامی قوناغێکی دووەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای سووریا لە ناوچەی ئیدلب کە لە بەرواری ١٩-١٢-٢٠١٩ەوە دژ بە چەکداران و تیرۆریستانی ئەو پارێزگایە دەست پێ کرا بوو؛ سوپای سووریا لە کۆتایی دا توانی تا ٤-٣-٢٠٢٠ لە ماوەی دوو مانگ و دوو هەفتەدا، ناوچەیەک بە ڕووبەری نزیکەی ٢٣٤٥ کیلۆمەتری چوارگۆشە کە لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بوو، کۆنترۆل بکاتەوە. لەم ڕووبەرە نزیکەی ٧٦٣ کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە پارێزگای حەلەب و نزیکەی ١٥٨٢ کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە پارێزگای ئیدلب بوو.
هەرچەندە چەکدارانی سەر بە تورکیا لە دوو هەفتەی کۆتایی ئۆپەراسیۆنی سوپای سووریا لە ناوچەی ئیدلب زۆر هەوڵیان دا بە کۆنترۆل کردنی شارۆچکەی سراقب رێگای گرنگی M5 دابخەن و بەم شێوەیە بتوانن کارتێکی زێڕین بۆ ئەردۆغان لە گفتوگۆکانی ئاگربەسی ئیدلب بەدەست بهێنن؛ بەڵام هەواڵەکانیان بە بێ ئەنجام ماوەیە و ئەردۆغان بە دەستی بەتاڵەوە بۆ گفتوگۆ کردن بەرەو رووسیا بەڕێکەوت.
لە کۆتایی لە کۆبوونەوەی مۆسکۆ هەر دوو لایەن واتا پوتين و ئەردۆغان گەیشتە رێکەوتنێکی ئاگربەس و لە ٦-٣-٢٠٢٠ ئاگربەسەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە بەرواری ئاماژە پێ کراو و جێبەجێکردنی ئاگربەس لە ناوچەی ئیدلب تا ئێستادا، هەرچەندە پێشڕەویەکانی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی راگیراوە و تا ئەم ساتە نزیکەی ١٧ دەوریەی هاوبەشی سەربازی رووسیا و تورکیا لە رێگای M4 ئەنجام دراوە؛ بەڵام گروپە تیرۆریستییەکان لەو ناوچانەی کە لە رێکەوتنی ئاگربەسەکە دیاری کراوە پاشەکشەیان نەکردووە، دەوریە سەربازیە هاوبەشەکەی رووسیا و تورکیا هێشتا نەگەیشتۆتە "جسرالشغور" و تۆپ هاوێژەکان و پێکدادانی ڕۆژانەی هەر دوو لایەن واتا سوپای سووریا و تیرۆریستانی ئیدلب لەو ناوچانە بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە، لە سێ مانگی رابردوودا سوپای سووریا و سوپای تورکیا پێگەکانی خۆیان لە هێڵەکانی بەرگری بەهێز کردووە و پێشبینی دەکرێت ئۆپەراسیۆنێک بەم نزیکانە لەو ناوچەیە دژ بە یەکتر ئەنجام بدرێت.
ڕۆژهەڵاتی سووریا
- دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات و کۆنترۆل کردنی ناوچەکانی نێوان سەرێ کانی و گرێ سپی تا قووڵایی ٣٢ کیلۆمەتر لە پاییزی ساڵی رابردوو، هێڵەکانی بەرگری لەم ناوچانە وەک خۆی ماوەتەوە و گورانکاری بەسەردا نەهاتووە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا دوای راگەیاندنی ئاگربەس راگیراوە. لە ئێستادا زیاترین هەواڵەکانی ئەو ناوچەیە تایبەتن بە پێکدادانەکانی ناوبەناوی هێزە کوردییەکان و چەکدارانی سەر بە تورکیا.
هەروەها لە مانگەکانی رابردوو دەوریە هاوبەشە سەربازییەکانی سوپای تورکیا و رووسیا چەندین جار لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوچەی ئاماژە پێ کراو و باکووری سووریا ئەنجام دراوە.
- سوپای رووسیا لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ جێگیر بووە و بەشێکی گەورەی ئەم فڕۆکەخانەیە بووەتە بنکەی ئاسمانی رووسیا.
لەلایەکی دیکەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەروەها ژمارەی فڕۆکەکانی رووسیا لە فڕۆکەخانەی دێرەزوور زیادی کردووە.
بە شێوەی گشتی بوونی هێزەکانی ڕووسیا و سووریا لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات ڕووی لە زیادبوون دایە.
هێزەکانی سوپای سووریا و رووسیا هەوڵ دەدەن بە زیادکردنی هێز و کەلوپەلە سەربازییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات، لە دەسەڵاتی ئەمریکا لەو ناوچەیە کەم بکەنەوە.
- هێزەکانی ئەمریکا هەروەها بیرە نەوتی و غازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕاتی بەدەستەوەیە. دوای پاشەکشەی ئەمریکا لە هەندێک ناوچە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەرچاوە نەوتی و غازییەکانی ئەو ناوچەیە هێشتا لە کۆنترۆلی هێزەکانی ئەمریکا دایە و هەر وەک دەبینرێت ئەمریکا بە نیازی رادەست یا چۆل کردنی ئەو ناوچانەدا نیە.
- بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی "حمص" و باشوری دێرەزوور ئەو ناوچانەن کە پاشماوەکانی گروپی تیرۆریستی داعش تێدا ماونەتەوە. زۆربەی جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچەکانی باشوری "سخنە" و "کباجب" و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی "المیادین"ن کە بە شێوەی رۆژانە و هەفتانە جموجۆڵە دژ بە پێگەکانی سوپای سوریا ئەنجام دەدەن. هەرچەندە سوپای سووریا لە چەند مانگی رابردوو چەندین ئۆپەراسیۆنی بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی داعش ئەنجام داوە، بەڵام ئەستەمە بە بێ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی گەورە کە هەموو ئەو ناوچانەی بە خویەوە بگرێتەوە، بتوانرێت ئەو ناوچانە لە پاشماوەکانی داعش پاک بکرێتەوە.
باشوری سووریا
هێڵەکانی بەرگری لە باشوری سووریا جێگیرن و تەواوی ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سوریا دایە. بەڵام جموجۆڵەکانی چەکدارانی بە جێ ماوە لە ساڵانی رابردوو و داعش بە شێوەی کردەوەی تەقینەوە دژ بە سوپای سووریا ناوبەناو بەردەوامە.
ئەم بابەتە لە دوو مانگی ڕابردوودا ڕووی لە زیاد بوون کردووە و سوپای سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کردەوانە هێزێکی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە.
هەروەها لە مانگەکانی رابردوو هەندێک جموجۆڵی سیاسی دژ بە رژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانی لە باشوری پارێزگای درعا لە باشوری ئەو وڵاتە ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
هەڵوێستی خۆت لەسەر ئەم بابەتە لە خوارەوە بنووسە.