30‏/06‏/2020

مەهاتیر محەممەد: ئەو ئیسرائیلەی کە لە سەر بنەمای دزی خاکی فەڵەستین بونیاد نراوە، بە فەرمی ناناسین

سەرۆک وەزیرانی پێشووی مالیزیا وتی کە ئیسرائیل لە سەر دزی خاکی فەڵەستین بونیاد نراوە و لە لایەن ئێمەوە هیچ کات بە فەرمی ناناسرێت.

مەهاتیر محەممەد جەختیکردەوە کە مالیزیا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ڕەتدەکاتەوە و ڕاگەیاندنی قودس وەک پایتەختی ئەو ڕژێمە بە هەوڵێکی نایاسایی دەزانێت.
ناوبراو وتی: پرسی فەڵەستین دەبێت لە ڕێگای دانوستانەوە یەکلایی بکرێتەوە بەڵام ئەوەی کە ئیسرائیل دەیکات دژی یاسای نێودەوڵەتییە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ئەم پرسە بباتە دادگای نێودەوڵەتی تا ڕوون ببێتەوە کە ئەو ڕژێمە مافی خۆیە یان زوڵمی بە خەڵکی فەڵەستین کردووە.
مەهاتیر محەممەد وتی: هەر لە سەرەتاوە ئێمە لە مالیزیا ناسینی ئیسرائیلمان ڕەتکردووەتەوە و تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسیمان لە گەڵ ئەو ڕژێمە نییە و هەموو کات ئیدانەی تاوانەکانیمان کردووە بەڵام بەداخەوە کە ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکە سیاسەتێکی جیاوازیان پەیرەو کردووە.
جام کوردی

کۆنفڕانسی ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن دەربارەی ئۆپەراسیۆنی باکوری "البیضاء" + نەخشە

هەواڵە تایبەتەکان : یەحیا سەریع ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە ئەنسارۆڵڵا ووردەکاری ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی ئەنسارۆڵڵا لە باکوری پارێزگای "البیضاء" و باشوری پارێزگای "مأرب" لە یەمەن خستە ڕوو.

یەحیا سەریع ووتی :
-بە پێی ئەم ئۆپەراسیۆنە "ردمان" لە باکوری پارێزگای "البیضاء" و هەندێک ناوچە لە "ماهلیه" و "العبدیه" لە باشوری پارێزگای "مأرب" بە رووبەری ٤٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە کۆنترۆل کران و ئۆپەراسیۆنەکە هێشتا بەردەوامە.

- گەورەکان و بەرپرسانی خۆجێی "ردمان"، "یاسر العواضی"یان لەسەر پڕ چەک کردنی تەکفیریەکان و هێرشەکانیان دژ بە هێزە چەکداران (ئەنسارۆڵڵا) و یەکینەکانی خەڵکی ئامۆژگاری کردووە بەڵام ناوبراو بە پارە و چەکی دوژمن خەریکی کۆکردنەوەی بەکرێ گیراوانە. 

- دوژمنان (هاوپەیمانی سەعودیا) دوو لیوای پڕ چەک بە رێبەرایەتی "عبدالرب الاصبحی" و "سیف الشدادی" لەگەڵ بە کرێ گیراوانی ئەلقاعیدە و داعش بۆ پاڵپشتی لە "العواضی" بۆ ناوچەکە ناردووە.

- فڕۆکە جەنگییەکانی دوژمن لە ماوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە زیاتر لە ٢٠٠ جار هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی ئێمە.
- ئۆپەراسیۆنی دژ بە فیتنەی "العواضی" لە چوار میحوەری "القرشیه، السوادیه، الملاجم و السودیه" بەردەوامە.

- لە ٣ ڕۆژی سەرەتای ئەم ئۆپەراسیۆنە، زیاتر لە ٢٥٠ کەس لە هێزەکانی دوژمن کوژراو و بریندار و بەدیل گیراون و بە لایەکی کەمەوە ٢٠ زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی دوژمن تێکشکاون و بەشێکی زۆر چەک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی ئیماراتی و سەعودی کەوتۆتە دەست ئێمەوە.

- لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی و مووشەکی ئێمە بەشداریان کردووە.

- ئێمە سوپاسی هەڵوێستی هۆزەکانی "البیضاء" لە پاڵپشتی لە ئاسایش و سەروەری وڵات و رەتکردنەوەی خۆفرۆش و بەکرێگیراوان دەکەین.

29‏/06‏/2020

زیاد بوونی ئاڵۆزیەکان لە باشوری سووریا و کوژراوی چەندین کەس لە سوپای ئەو وڵاتە


هەواڵە تایبەتەکان : دوای دروست بوونی ئاڵۆزی لە نێوان یەکێک لە یەکەکانی هێزەکانی سوپای پێنجەمی سووریا (چەکدارانی جاران) لەگەڵ هێزەکانی دیکەی سوپای ئەو وڵاتە لە نزیکی شاری درعا لە باشوری سووریا، دوو کەس لە سوپای پێنجەم و سێ کەس لە هێزەکانی سوپای سووریا کوژران.

لە ماوەی هەفتەی رابردوو کێشە و ئاڵۆزییەکان لە باشوری سووریا و لە پارێزگای درعا ڕووی لە زیادبوون کردووە و لە "بصرالشام" و شاری "درعا" و "سویدا" لەو ناوچەیە هەندێک ناڕەزایەتی لەلایەن خەڵکەوە دژ بە رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە.

لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە هێزەکانی یەکەیەکی سوپای پێنجەم (بەشێکیان) کۆنترۆلی خاڵی پشکنینی سوپای سووریا لە ناوچەی "محجه" و هەروەها خاڵێکی پشکنینی دیکە لە رێگای" صیدا-کحیل" گرتوویانەتە دەست کە بووەتە هۆکاری پێکدادان و کوژرانی چەندین کەس لە هەر دوو لایەن.

هێزەکانی سوپای پێنجەم، چەکدارانی جارانی باشوری سووریان کە بە پێی رێککەوتن و ئاشتی نیشتمانی و بە چاودێری رووسیا هاتنە ناو سوپای سووریا و سوپای پێنجەمیان پێک هێنا.
لە ئێستا دا سوپای سووریا هەندێک لە لەشکەری چوارەمی بۆ ئەو ناوچەیە ناردووە و دۆخەکە کۆنترۆل کراوە.

27‏/06‏/2020

بەحرەین کوژرانی سەربازێکی لە یەمەن پشت راستکردەوە


وەزارەتی بەرگری بەحرەین لە کوژرانی سەربازێکی ئەو وڵاتە لە "مأرب"ی یەمەن هەواڵی دا.

دوو رۆژ پێش ئێستا هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا بە چەندین مووشەکی بالستیک بنکەی "تداوین" تایبەت بە هاوپەیمانی سەعودیا لە باکوری شاری مأرب لە یەمەنیان کرد بوو ئامانج.

بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە پارێزگای مأرب لە یەمەن بە تایبەت باکوری شاری مأرب، رۆژانە وەک وەڵامدانەوەیەک بە هێرشەکانی هاوپەیمانی سەعودیا، لەلایەن ئەنسارۆڵڵا دەکرێتە ئامانج.

26‏/06‏/2020

هۆشداری توندی ووتەبێژی سەربازی حەماس بە ڕژێمی زایۆنیستی؛ داگیر کردنی کەنارەکانی ڕۆژئاوا لە فەلەستین راگەیاندنی شەڕە دژ بە بەرخۆدان


هەواڵە تایبەتەکان : "ابو عبیده" ووتەبێژی تیپەکانی "شهید عزالدین القسام" سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامی حەماس لە ساڵڕۆژی ئۆپەراسیۆنی بە دیل گرتنی "گلعاد شالیط" سەربازی رژێمی زایۆنی لە ساڵی ٢٠٠٦، بە بڵاو کردنەوەی پەیامێک هۆشداری دایە رژێمی زایۆنی بۆ هەر هەوڵێکی ئەوان بۆ داگیر کردنی کەنارەکانی ڕۆژئاوا (الضفة الغربية) لە فەلەستین.

"ابو عبیده" هەروەها راگەیاند هێزەکانی بەرخۆدان پڕۆژەی رژێمی زایۆنی بۆ داگیر کردنی کەنارەکانی ڕۆژئاوا (الضفة الغربية) لە فەلەستین بە ڕاگەیاندنی شەڕ دژ بە ئەوان دەزانن و کارێک دەکەین کە دوژمن لەم بڕیارەی پەشیمان ببێتەوە. 

شایانی باسە لە ئۆپەراسیۆنێکی تیپەکانی "شهید عزالدین القسام" سەر بە بزووتنەوەی حەماس لە ساڵی ٢٠٠٦ "گلعاد شالیط" سەربازێکی رژێمی ئیسرائیل لەلایەن ئەو هێزانەوە بە دیل دەگیرێت کە دوای ٥ ساڵ و لە ساڵی ٢٠١١ بەرامبەر بە ئازاد کردنی ١٠٢٧ دیلی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی رژێمی ئیسرائیل دا بوون، ئازاد دەکرێت.

کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای ئەلقاعیدە لە سووریا


هەواڵە تایبەتەکان : گروپی تیرۆریستی "حراس الدین" لە سەرەکیترین باڵەکانی ئەلقاعیدە لە سووریا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کوژرانی "خالد العاروری" ناسراو بە "ابو القسام الاردنی" یاریدەدەری ئەو گروپەی پشت راستکردەوە.

بە پێی هەواڵەکان یانزە رۆژ پێش ئێستا "خالد العاروری" لە نزیک شاری ئیدلب لە سووریا لەلایەن فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا دەکرێت ئامانج کە دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دەدات.

خالد وەک یەکێک لە گرنگترین و بەناوبانگترین کەسایەتی ئەلقاعیدە لە ناوچەکە دادەنرا کە لە ئەفغانستان و عێراق و سووریا شەڕی کرد بوو و یەکێک لە هاوەڵانی "ابومصعب الزرقاوی" بوو.

ئەوەی جێگەی سەرنجە لە شێوازی کوژرانی "العاروری"، بە کارهێنانی مووشەکی AGM-114R9X لەلایەن ئەمریکایە. R9X کە لە ساڵانی رابردوو وەک مووشەکی نهێنی ئەمریکا باسی لێوە دەکرا، لە کاتی بەرکەوتن بە ئامانجەکەی بە بێ ئەوەی بتەقێتەوە باڵە ئاسنیەکانی دەکرێنەوە کە لە ئۆتۆمبێلی "العاروری" کە کراوەتەوە ئامانج بە باشی دیارە.

25‏/06‏/2020

بەردەوامی رووخاندنی خانووی فەلەستینیەکان لە قودس و کەنارەکانی ڕۆژئاوا


ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوامە لە رووخاندنی خانووی فەلەستینیەکان.
ئەمڕۆ چوارشەمە ٣ خانوو لە گوندی "بئر الحمام" له "النقب" و خانوویەک کە لە دەستی دروست کردن دا بوو لە شارۆچکەی "بیت سیرا" لە رۆژئاوای "رام الله" لەلایەن رژێمی زایۆنیستیەوە رووخێنران.

هەر بۆیە لەم دوو ناوچەیە ئالۆزی و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی رژێمی زایۆنی و خەڵکی ناوچەکە دروست بوو.
سەربازانی ئەو رژێمە هەروەها لە باکوری قودس خانووێکی دیکەشیان ڕووخاند.

رووخاندنی خانووی فەلەستینیەکان سەرەڕای ناڕەزایەتی و کاردانەوەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی ئەو کارە، هێشتا لەلایەن رژێمی زایۆنیستیەوە بەردەوامە.




24‏/06‏/2020

دوایین نەخشە لە هێڵەکانی بەرگری لە تەواوی وڵاتی سووریا + زانیاری لەسەر رووداوەکانی ناوچە جیاجیاکانی سووریا

باکوری ڕۆژئاوای سووریا

لە بەردەوامی قوناغێکی دووەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای سووریا لە ناوچەی ئیدلب کە لە بەرواری ١٩-١٢-٢٠١٩ەوە دژ بە چەکداران و تیرۆریستانی ئەو پارێزگایە دەست پێ کرا بوو؛ سوپای سووریا لە کۆتایی دا توانی تا ٤-٣-٢٠٢٠ لە ماوەی دوو مانگ و دوو هەفتەدا، ناوچەیەک بە ڕووبەری نزیکەی ٢٣٤٥ کیلۆمەتری چوارگۆشە کە لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بوو، کۆنترۆل بکاتەوە. لەم ڕووبەرە نزیکەی ٧٦٣ کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە پارێزگای حەلەب و نزیکەی ١٥٨٢ کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە پارێزگای ئیدلب بوو.

هەرچەندە چەکدارانی سەر بە تورکیا لە دوو هەفتەی کۆتایی ئۆپەراسیۆنی سوپای سووریا لە ناوچەی ئیدلب زۆر هەوڵیان دا بە کۆنترۆل کردنی شارۆچکەی سراقب رێگای گرنگی M5 دابخەن و بەم شێوەیە بتوانن کارتێکی زێڕین بۆ ئەردۆغان لە گفتوگۆکانی ئاگربەسی ئیدلب بەدەست بهێنن؛ بەڵام هەواڵەکانیان بە بێ ئەنجام ماوەیە و ئەردۆغان بە دەستی بەتاڵەوە بۆ گفتوگۆ کردن بەرەو رووسیا بەڕێکەوت.
لە کۆتایی لە کۆبوونەوەی مۆسکۆ هەر دوو لایەن واتا پوتين و ئەردۆغان گەیشتە رێکەوتنێکی ئاگربەس و لە ٦-٣-٢٠٢٠ ئاگربەسەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە بەرواری ئاماژە پێ کراو و جێبەجێکردنی ئاگربەس لە ناوچەی ئیدلب تا ئێستادا، هەرچەندە پێشڕەویەکانی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی راگیراوە و تا ئەم ساتە نزیکەی ١٧ دەوریەی هاوبەشی سەربازی رووسیا و تورکیا لە رێگای M4 ئەنجام دراوە؛ بەڵام گروپە تیرۆریستییەکان لەو ناوچانەی کە لە رێکەوتنی ئاگربەسەکە دیاری کراوە پاشەکشەیان نەکردووە، دەوریە سەربازیە هاوبەشەکەی رووسیا و تورکیا هێشتا نەگەیشتۆتە "جسرالشغور" و تۆپ هاوێژەکان و پێکدادانی ڕۆژانەی هەر دوو لایەن واتا سوپای سووریا و تیرۆریستانی ئیدلب لەو ناوچانە بەردەوامە.

لە لایەکی دیکەوە، لە سێ مانگی رابردوودا سوپای سووریا و سوپای تورکیا پێگەکانی خۆیان لە هێڵەکانی بەرگری بەهێز کردووە و پێشبینی دەکرێت ئۆپەراسیۆنێک بەم نزیکانە لەو ناوچەیە دژ بە یەکتر ئەنجام بدرێت.

ڕۆژهەڵاتی سووریا

- دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات و کۆنترۆل کردنی ناوچەکانی نێوان سەرێ کانی و گرێ سپی تا قووڵایی ٣٢ کیلۆمەتر لە پاییزی ساڵی رابردوو، هێڵەکانی بەرگری لەم ناوچانە وەک خۆی ماوەتەوە و گورانکاری بەسەردا نەهاتووە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا دوای راگەیاندنی ئاگربەس راگیراوە. لە ئێستادا زیاترین هەواڵەکانی ئەو ناوچەیە تایبەتن بە پێکدادانەکانی ناوبەناوی هێزە کوردییەکان و چەکدارانی سەر بە تورکیا.
هەروەها لە مانگەکانی رابردوو دەوریە هاوبەشە سەربازییەکانی سوپای تورکیا و رووسیا چەندین جار لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوچەی ئاماژە پێ کراو و باکووری سووریا ئەنجام دراوە.

- سوپای رووسیا لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ جێگیر بووە و بەشێکی گەورەی ئەم فڕۆکەخانەیە بووەتە بنکەی ئاسمانی رووسیا.
لەلایەکی دیکەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەروەها ژمارەی فڕۆکەکانی رووسیا لە فڕۆکەخانەی دێرەزوور زیادی کردووە.
بە شێوەی گشتی بوونی هێزەکانی ڕووسیا و سووریا لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات ڕووی لە زیادبوون دایە.
هێزەکانی سوپای سووریا و رووسیا هەوڵ دەدەن بە زیادکردنی هێز و کەلوپەلە سەربازییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات، لە دەسەڵاتی ئەمریکا لەو ناوچەیە کەم بکەنەوە.

- هێزەکانی ئەمریکا هەروەها بیرە نەوتی و غازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕاتی بەدەستەوەیە. دوای پاشەکشەی ئەمریکا لە هەندێک ناوچە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەرچاوە نەوتی و غازییەکانی ئەو ناوچەیە هێشتا لە کۆنترۆلی هێزەکانی ئەمریکا دایە و هەر وەک دەبینرێت ئەمریکا بە نیازی رادەست یا چۆل کردنی ئەو ناوچانەدا نیە.

- بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی "حمص" و باشوری دێرەزوور ئەو ناوچانەن کە پاشماوەکانی گروپی تیرۆریستی داعش تێدا ماونەتەوە. زۆربەی جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچەکانی باشوری "سخنە" و "کباجب" و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی "المیادین"ن کە بە شێوەی رۆژانە و هەفتانە جموجۆڵە دژ بە پێگەکانی سوپای سوریا ئەنجام دەدەن. هەرچەندە سوپای سووریا لە چەند مانگی رابردوو چەندین ئۆپەراسیۆنی بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی داعش ئەنجام داوە، بەڵام ئەستەمە بە بێ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی گەورە کە هەموو ئەو ناوچانەی بە خویەوە بگرێتەوە، بتوانرێت ئەو ناوچانە لە پاشماوەکانی داعش پاک بکرێتەوە.

باشوری سووریا

هێڵەکانی بەرگری لە باشوری سووریا جێگیرن و تەواوی ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سوریا دایە. بەڵام جموجۆڵەکانی چەکدارانی بە جێ ماوە لە ساڵانی رابردوو و داعش بە شێوەی کردەوەی تەقینەوە دژ بە سوپای سووریا ناوبەناو بەردەوامە.
ئەم بابەتە لە دوو مانگی ڕابردوودا ڕووی لە زیاد بوون کردووە و سوپای سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کردەوانە هێزێکی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە.
هەروەها لە مانگەکانی رابردوو هەندێک جموجۆڵی سیاسی دژ بە رژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانی لە باشوری پارێزگای درعا لە باشوری ئەو وڵاتە ڕووی لە زیادبوون کردووە.

ڤیدیۆ | هێرشی مووشەکی شەوی رابردووی رژێمی زایۆنیستی بۆ سەر سووریا


هەواڵە تایبەتەکان : شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی زایۆنیستی چەندین هێرشی مووشەکیان کردە سەر پێگەکانی سوپای سووریا لە "السخنە" و "کباجب" لە ناوەند و "صلخد" و تل الصحن" لە پارێزگای سویدا لە باشوری ئەو وڵاتە.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەم هێرشانە هەروەها ناوچەکانی ڕۆژئاوای "سلمیە" لە پارێزگای حەمای سووریا لەلایەن رژێمی زایۆنیستیەوە بۆردومان کران.

بە پێی سەرچاوەکانی سووریا لەم هێرشانە دوو کەس کوژراون و چواری دیکەش برینداربوون.

ئەم ڤیدیۆیە کە دەبینن تایبەتە بە تەقینەوەی کۆگای چەک و تەقەمەنی سوپای سووریا لە رۆژئاوای "سلمیە" دوای هێرشەکانی رژێمی زایۆنیستی.

23‏/06‏/2020

ووردەکاری هێرشە فراوانەکەی شەوی رابردووی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا بۆ ناو خاکی سەعودیا و مأرب

یەحیا سەریع ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە ئەنسارۆڵڵا لە چەند خولەکێک پێش ئێستا لە راگەیەندراوێکدا باسی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا بۆ ناو خاکی سەعودیا و هەروەها بنکەی هاوپەیمانی سەعودیا لە "مأرب"ی یەمەنی کرد.

لە ڕاگەیێندراوەکە هاتووە ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەک بە بەردەوامی گەمارۆی دڕندانەی یەمەن لەلایەن عەرەبستانی سعودییەوە ئەنجام دراوە.

یەحیا سەریع هەروەها راگەیاند لە هێرشەکەی شەوی رابردوو بە چەندین مووشەکی زولفەقار و قودس و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سەماد٣ هێرشمان کردە سەر ناوچە سەربازییەکانی دوژمن وەک دامەزراوەکانی وەزارەتی بەرگری و پاراستن و فڕۆکەخانەی سەلمان لە ریاز پایتەختی سەعودیا و هەروەها پێگە سەربازییەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە جیزان و نجران.

ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن هەروەها راگەیاند; هێزە چەکدارەکانی یەمەن هۆشداری دەداتە دوژمن لە ئەگەری بەردەوامی دەستێوەردان و گەمارۆ دڕندانەی بۆ سەر یەمەن و هەروەها بەرگری لە یەمەن و خەڵکەکەی بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت وەک ئەرکێکی شەرعی و ئەخلاقی و مرۆڤ دۆستانە و نیشتمان پەروەرانە.

شایانی باسە سەرچاوەکانی نزیک لە هاوپەیمانی سەعودیا رایانگەیاندووە سیستەمی بەرگری ئەوان توانیانە لە هێرشەکەی شەوی رابردوو ٨ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ٣ مووشەک تێکبشکێنێت.

وێنەی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە فڕۆکەخانەی دێرەزووری سووریا

چەندین وێنەی ئاسمانی لە فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە فڕۆکەخانەی دێرەزووری سووریا بڵاو کراوەتەوە کە تێدا فڕۆکەی سۆخۆ٢٤ و سۆخۆ٢٢ و هەروەها هەلیکۆپتەرەکانی میل٨ و ٣٥ دەبینرێن.

دوای چوونی سوپای سووریا و رووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات لە ساڵی ڕابردوو، سوپای رووسیا بە دوای پەرەپێدان بە توانای سەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕاتە.
بە پێی هەواڵەکان سوپای رووسیا خەریکی دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی تازەیە لە ناوچەی "معدان" لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی سووریا.
ئەمە لە کاتێکدایە بەشێکی فڕۆکەخانەی قامشلۆ بووەتە بنکەی ئاسمانی بۆ هێزەکانی ڕووسیا.

پاڵپشتی ئەمریکا و حکومەتی ویفاق لە بکوژانی باڵیۆزی ئەمریکا لە لیبیا


هێزەکانی حکومەتی ویفاقی لیبیا وێنەی "محمد العریبی" یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی موجاهیدینی بنغازییان لە بینای ئەنجومەنی "سوق الجمعە" لە  باشوری تەرابلس بەرز کردەوە.
ئەنجومەنی موجاهیدینی بنغازی گروپێکی بەستراو بە ئەلقاعیدەیە لە لیبیا کە لەلایەن حکومەتی ویفاقەوە پاڵپشتی دەکرێت.
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو گروپە ئەوانەن کە لە ساڵی ٢٠١٢ "کریستوفر ئیستیونەز" باڵیۆزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە لیبیایان کوشت بوو.

لە ڕاستیدا پاڵپشتی ئەمریکا لە حکومەتی ویفاق و پاڵپشتی حکومەتی ویفاق لە ئەنجومەنی موجاهیدین، بە واتای پاڵپشتی ئەمریکا لەو گروپەیە کە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە لیبیا بە دەستی ئەوانەوە کوژراوە !

ئەمە ئەخلاق و سیاسەتی ئەمریکا دەگەیەنێت کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هیچ شتێک بۆی گرنگ نیە تەنانەت ئەگەر پاڵپشتی کردن لە بکوژانی باڵیۆزەکەی بێت.

22‏/06‏/2020

هێرشی مووشەکی و فڕۆکەیی ئەنسارۆڵڵا بۆ ناو خاکی سەعودیا


هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە چەند ناوچە لە ناو خاکی سەعودیا 

لە کاتی گەیشتنی زانیاری زیاتر لەسەر ئەم هێرشە ئاگادارتان دەکەینەوە.

ڤیدیۆ | هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی سەعودیا بۆ سەر "مدغل" ی یەمەن


ئەم ڤیدیۆیە تایبەتە بە ناوچەی "الدرعان" لە رۆژئاوای پارێزگای "مأرب"ی یەمەن دوای بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سەعودیا بۆ سەر ئەو ناوچەیە.

21‏/06‏/2020

کۆنترۆل کردنی چەندین ناوچە لەلایەن ئەنسارۆڵڵا + نەخشەی ناوچەکە


هەواڵە تایبەتەکان : لەگەڵ بەردەوامی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا و هاوپەیمانانی سەعودیا لە "مأرب"ی یەمەن، هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا توانیان ناوچەکانی "جدعان، حزم العرجان، حرماسی و الروضه" لە باشوری "مدغل" کۆنترۆل بکەن. (بازنەی زەرد)

فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە چەند کاتژمێری رابردوو زیاتر لە ٧ جار ناوچەکەیان بۆردومان کردووە.

شەڕ و پێکدادانەکان لە میحوەرەکانی ڕۆژئاوای مأرب بەردەوامە و ناوچەی "الجفرە" هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانی سەعودیا دایە.

19‏/06‏/2020

وێنەی ئاسمانی لە فڕۆکەکانی رووسیا لە لیبیا لەلایەن ئەمریکاوە بڵاو کرایەوە



هەواڵە تایبەتەکان : ناوەندی سوپای ئەمریکا لە ئەفریقا وێنەی ئاسمانی تازە لە جموجۆڵەکانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی رووسیا لە وڵاتی لیبیای بڵاو کردەوە.

بە پێی ئەم وێنانە فڕۆکەکانی سۆخۆ ٢٤ و میگ٢٩ رووسیا لە بنکەی "الجفرە" لە ناوەڕاستی وڵاتی لیبیا بوونیان هەیە و بە ووتەی ئەمریکا سەرەڕای هەبوونی ١٤ فڕۆکەی رووسیا، هێزەکانی ئیماراتیش هەروەها لەو بنکەیە دان.

رووسیا لەم دواییەدا بۆ بەهێزتر کردنی هاوپەیمانانی لە لیبیا و سووریا، فڕۆکەکانی سۆخۆ٢٤ و میگ٢٩ ی رادەستی سوپای نیشتیمانی لیبیا سەر بە خەلیفە حەفتەر و هەروەها سوپای سووریای کردەوە کە ناڕەزایەتی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێنا.

17‏/06‏/2020

ڤیدیۆ | حەسەن نەسروڵڵا باسی ڕەمەزان عەبدوڵڵا سکرتێری گشتی پێشووی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین دەکات


حەسەن نەسروڵڵا : ڕەمەزان عەبدوڵڵا سکرتێری گشتی پێشووی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین برای ئێمە بوو و دۆستایەتی کۆنمان پێکەوە هەبوو

حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری حزبۆڵڵا لوبنان لە قسەکانی دەربارەی ڕووداوەکانی لوبنان و ناوچەکە لەگەڵ ئاراستەی کردنی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی ڕەمەزان عەبدوڵڵا سکرتێری گشتی پێشووی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین ووتی:

- ڕەمەزان عەبدوڵڵا فەرماندەیەکی ژیر، گەورە و دۆستێکی ئازیز بوو.

- خۆم بە تایبەت چەندین دیدارم لەگەڵی هەبوو و لە نزیکەوە دەم ناسییەوە.

- ڕەمەزان عەبدوڵڵا بڕوای بە بەرخۆدان تەنیا لە فەلەستین نەبوو و تەواوی نیشانەکانی ڕێبەرایەتی هەبوو.

- ڕەمەزان عەبدوڵڵا جەخت لەسەر یەکگرتوویی فەلەستینیەکان و پێکەوە کار و گەشە کردنیان دەکرد.
-
- بایەخ و گرنگی پێدانی دکتۆر ڕەمەزان عەبدوڵڵا تەنیا تایبەت بۆ فەلەستین نەبوو بەڵکوو تەواوی ئومەتی ئیسلامی دەگرتەوە و هەوڵ دەدا لە نێوان هەموو کەسێک نزیکی دروست بکات.

-  بە هەوڵەکانی دکتۆر ڕەمەزان بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین گەشەی کرد.

- لەگەڵ کۆچی دوایی دکتۆر ڕەمەزان عەبدوڵڵا رێبەرێکی گەورە و ئازیزمان لە دەست دا و هیوادارم هاوەڵانی بەردەوامی بە رێباز و ڕێگای بدەنەوە.

16‏/06‏/2020

پێشڕەوی ئەنسارۆڵڵا لە رۆژئاوای پارێزگای مأرب لە یەمەن و بۆردومانی "خمیس مشیط" لە ناو خاکی سەعودیا + نەخشە


بە پێی دوایین هەواڵەکان هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا توانیانە لە میحوەری ڕۆژئاوای پارێزگای "مأرب" ی یەمەن بەرەو بنکەی "ماس" پێشڕەوی بکەن و ناوچەی "الجفرە" و نەخۆشخانەی "قسیسە" کۆنترۆل بکەن.
لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو هێزەکانی هاوپەیمانی سەعودیا زیاتر لە ٦٢ جار پێگەکانی ئەنسارۆڵڵایان لە "مجزر" و "مدغل" بۆردومان کردووە.

هەر بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراوەتەوە لە ڕۆژی رابردوو هێزەکانی ئەنسارۆڵڵا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی قاصف K2 و مووشەک دوو جار هێرشیان کردە سەر پێگەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە "خمیس مشیط" لە ناو خاکی سەعودیا.

ئەو هێزانە هەروەها توانیان بە مووشەک هێرش بکەنە سەر پێگەکانی هاوپەیمانی سەعودیا لە مأرب لە یەمەن کە بەو هۆیەوە زیاتر لە ١٠ کەس لە هێزەکانی مەنسوور هادی کوژراو و بریندار بوون.

13‏/06‏/2020

ڤیدیۆ | راگەیاندنی جیهاد و دروستبوونی حەشدی شەعبی


لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی ٢٠١٤ سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بۆ پاراستی عێراق و شوێنە پیرۆزەکانی لە هێرشەکانی داعش، جیهادی کیفایی راگەیاند. 

دوای راگەیاندنی ئەم جیهادە نزیکەی ٢ ملیۆن کەس ئامادەیی خۆیان بۆ بەرەکانی شەڕ دژ بە داعش راگەیاند و ئەمەش بوو هۆکاری دروستبوونی حەشدی شەعبی لە عێراق.

12‏/06‏/2020

بەشداری ٤٠ هەزار کەس لە نوێژی هەینی ئەمڕۆ لە مزگەوتی ئەقسا


دەرگای مزگەوتی ئەقسا بۆ دووەم هەفتەی بە دوای یەکدا بۆ نوێژ خوێنەکانی فەلەستینی کرایەوە.
ئەم هەفتەیەش وەک هەینی رابردوو دەرگای مزگەوتی ئەقسا کرایەوە و هەزاران کەس بە بەکارهێنانی دەمامک بەشداری نوێژی هەینیان کرد.

بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی قودس لە بەیاننامەیەک ژمارەی بەشداربووان لە نوێژی هەینی ئەمڕۆی ٤٠ هەزار کەس راگەیاند.

مزگەوتی ئەقسا بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داخرا بوو کە ئەمە دوو هەفتەیە دوای کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان کراوەتەوە.

11‏/06‏/2020

وێنەی سیخۆرەکەی ئەمریکا لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاو کرایەوە

وتەبێژی دەزگای دادی ئێران پێشتد ڕایگەیاند بوو کە سەید مەحمود موسەوی مەجد کە پەیوەندی بە هەر دوو دەزگای هەواڵگری ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەبووە و لە بەرامبەر وەرگرتنی دۆلار، سەبارەت بە بواری ئەمنی و هێزە چەکدارەکانی ئێران بە تایبەت سوپای قودس و شوێنی نیشتەجێبوون و هاتووچۆی  قاسم سولێمانی هەندێک زانیاریی کۆکردبووە، بە حوکمی دادگای شۆڕش بە لەسێدارەدان سزا دراوە.

گروپی "سرايا ثورة العشرين الثانية" ڤیدیۆی دوو هێرشی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە + ڤیدیۆ


هەواڵە تایبەتەکان : گروپی "سرايا ثورة العشرين الثانية" کە گروپێکی نەناسراوی عێراقیە دوو ڤیدیۆی بڵاوکردەوە.

لە ڤیدیۆی یەکەم لە ٢٠ی مانگی ٥ی ئەمساڵ هەر وەک ئەم گروپە دەڵێت توانیانە هێرش بۆ سەر بارهەڵگرێکدا بکات کە خەریکی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی ئەمریکی لە رێگای "البطحة" لە نزیک "الناصریه" بووە.
لە ڤیدیۆی دووەم هەروەها لە ٨ی ئەم مانگە لە نزیک پردی "المثنی" لە باکوری بەغداد لەلایەن ئەم گروپە هێرش کراوە سەر بارهەڵگرێک کە خەریکی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ئەمریکی بووە.

ئەم گروپە لە بەیاننامەی خۆیدا هۆشداری داوە بەو کۆمپانیا و کارمەندانەی کە بۆ ئەمریکا کاری گواستنەوە دەکەن کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان دەست لەم کارە هەڵبگرن.


09‏/06‏/2020

سیخۆرێک لە ناو سوپای پاسدارانی ئێران دەستگیر کراوە / زانیاری دەربارەی قاسم سولێمانی بە ئەمریکای دا بوو


وتەبیژی دەسەڵاتی دادی ئێران راگەیاند؛ لەم دواییەدا کەسێک بە ناوی سەید مەحموود مووسەوی مەجد کە پەیوەندی بە سیستەمی مووساد و سیا وە هەبووە لە بەرانبەر وەرگرتنی دۆلاری ئەمریکی بۆ ئەوان لە بواری ئەمنیەتی لەوانە زانیاری لەسەر سوپای قودس و شوێنی دانیشتنی قاسم سولێمانی زانیاری کۆ کردبووەوە؛ بە فەرمانی دادگای شۆرش سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپا و دیوانی باڵاش ئەو سزایەی پشت راست کردەوە و بە زوویش لە سێدارە دەدرێت.

بۆ زانین؛ وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگیراوە و ئێمە ڕاستی و دروستی ئەو وێنەیە پشتڕاست ناکەینەوە. 

فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمریکی لە عێراق تێکشکا + ڤیدیۆ


چەند خۆلەکێک پێش ئێستا فڕۆکەیەکی سەربازی  ئەمریکا لە جۆری C130 لە بنکەی ئاسمانی تاجی لە بەغدا تێکشکا.

بە پێی هەندێ لە سەرچاوەکان فڕۆکەکە لەلایەن گروپێکی عێراقیەوە خراوەتە خوارەوە.

07‏/06‏/2020

بەرپرسێکی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی کۆچی دوایی کرد


دکتۆر ڕەمەزان عەبدوڵڵا سکرتێری گشتی پێشووی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین دوای چەندین ساڵ خەبات ڕۆژی رابردوو بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

06‏/06‏/2020

هێزەکانی حکومەتی ویفاق ئۆپەراسیۆنێکی تازەیان دەست پێ کردووە + نەخشەی ناوچەکە

هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی حکومەتی ویفاق دوای دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی تازە بۆ کۆنترۆل کردنەوەی شارەکانی "سرت" و "جفرە"، توانیان لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە خۆیان بگەینە دەروازەی شاری سرت.

لە چەند کاتژمێری رابردوو ئەو هێزانە هەروەها توانیان ناوچەکانی "بویره الحسون" و "وادی جارف" و "وێستگەی خلیج"  و "القبیبه" لە رۆژئاوای شعرت سرت کۆنترۆل بکەنەوە.

05‏/06‏/2020

پێشڕەویەکانی ئەمڕۆی حکومەتی ویفاق بە نەخشە / چەندین شاری دیکە کۆنترۆل کران


هەواڵە تایبەتەکان : ئەمڕۆ هێزەکانی حکومەتی ویفاق شاری گرنگی "ترهونە" و "داوون" و "عربان" لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تەرابلس پایتەختی لیبیا خستە ژێر کۆنترۆلی خۆیانەوە. 

بۆ زانین ئەو هێزانە لە ڕۆژی رابردوو هەروەها توانیان بوو فڕۆکەخانەی تەرابلس و ناوچەکانی "قصر بن غشیر" و "سوق الخميس" و "اسبیعة" و "فم ملغة" کۆنترۆل بکەنەوە.

هێرشی ئاسمانی رژێمی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا

شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی زایۆنیستی هێرشێکی ئاسمانیان کردە سەر سووریا.

بە پێی هەواڵی هەواڵدەری سووریا "سانا" سیستەمی بەرگری ئاسمانی سووریا شەوی رابردوو لە ئاسمانی شاری "مصایف" لە پارێزگای "حماه"ی ئەو وڵاتە رووبەڕووی هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی زایۆنیستی بوونەتەوە.

تەلەڤیزیۆنی فەرمی سووریا راگەیاند لە ئەنجامی ئەم هێرشە لە ناوچەی "الزاوی" لە نزیک شاری" مصیاف" دەنگی چەندین تەقینەوە بیستراوە.
بە پێی هەواڵەکان ئەم فڕۆکانە بە بەکارهێنانی ئاسمانی لوبنان توانیانە ئەم هێرشە ئەنجام بدەن.

شاری "ترهونە" لەلایەن حکومەتی ویفاق کۆنترۆل کرا


هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی حکومەتی ویفاق کۆنترۆل کردنی شاری "ترهونە" لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تەرابلس پایتەختی لیبیا راگەیاند.
"ترهونە" نزیکترین شار لە پایتەختی لیبیا بوو کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سەر بە خەلیفە حەفتەر بوو. 
شایانی باسە هێزەکانی حکومەتی ویفاق لە دوو رۆژی رابردوو توانیان بوو فڕۆکەخانەی تەرابلس و چەندین شار لەو ناوچەیە کۆنترۆل بکەن.

04‏/06‏/2020

حکومەتی ویفاق چەندین شاری دیکەی کۆنترۆل کردەوە + نەخشەی ناوچەکە


هەواڵە تایبەتەکان : هێزەکانی حکومەتی ویفاق لەگەڵ بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکەیان و دوای کۆنترۆل کردنی فڕۆکەخانەی تەرابلس لە ڕۆژی رابردوو، ئەمڕۆ توانیان شارەکانی "قصربن غشیر" و "اسبیعة" و "فم ملغة" و ناوچەکانی دەوروبەری کە دەکەوێتە باشوری شاری تەرابلس، کۆنترۆلی بکەنەوە.

هێزەکانی ویفاق هەروەها لە ئامادەکاریان بۆ ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی "سرت" و "الجفرە" هەواڵیان دا.
باڵیۆزی ئەمریکا لە لیبیا لە لێدوانێکدا هاوکاری کردنی حکومەتی ویفاق لەلایەن تورکیاوە وەک وەڵامدانەوەیەک بە بوونی هێزەکانی ڕووسیا لە لیبیا ناو برد.
باڵیۆزی ئەمریکا هەروەها ووتی دەبێت هەرچی زووتر هێزەکانی ڕووسیا خاکی لیبیا بە جێ بێڵن.

ڕەنگی سەوز = هێزەکانی حکومەتی ویفاق
ڕەنگی قاوەیی = هێزەکانی سوپای نیشتمانی سەر بە خەلیفە حەفتەر

هێزەکانی ویفاق فڕۆکەخانەی تەرابلسیان کۆنترۆل کرد


هەواڵە تایبەتەکان : دوای دەست پێ کردنی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی حکومەتی ویفاق بۆ کۆنترۆل کردنەوەی فڕۆکەخانەی تەرابلس لە ڕۆژی رابردوو، ئەو هێزانە توانیان ئەو فڕۆکەخانەیە کە دەکەوێتە باشوری ئەو شارە کۆنترۆلی بکەنەوە.

02‏/06‏/2020

سەرکردەی تاڵیبان تووشی کۆرۆنا بووە

گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ڕایگەیاندووە کە سەرکردە باڵاکانی تاڵیبان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لە ئێستادا کوڕی مەلا عومەر، دامەزرێبەری تاڵیبان، بووەتە سەرۆکی کاتی ئەم گرووپە.

لە هەواڵێکی فۆرن پۆلیسیدا هاتووە کە هەیبەتووڵا ئاخوندازدە بۆ چەندین هەفتەی بەردەوام لە کۆبوونەوەکانی تاڵیبان بەشداریی نەکردووە و لە ئێستادا سیراجەدین حەقانی جێگری باڵای تۆڕی حەقانی بووە جێگرەوەی کاتی ناوبراو.

ناوبراو وتی: ئەگەرێکی زۆرە لە حەقانیش تووشی کۆرۆنا بووبێت و بە بەشداریی لە کۆبوونەوەکان، سەرکردە باڵاکانی دیکەی تاڵیبانی تووشی ئەو نەخۆشییە کردبێت.

فۆرن پۆلیسی لە سەر زاری یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی هەواڵگری ئەفغانستان ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای تاڵیبان تووشی کۆرۆنا بوون بەڵام دیار نییە کە ئایا سەرکردەی ئەو گرووپە لە نێو توشبووەکاندایە یان نە.

گۆڤارەکە دەڵێت کە یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی تاڵیبان ئەوەی ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەی مەلا عومەر بە ناوی مەلا یەعقوب لە ئێستادا سەرکردایەتی تاڵیبان دەکات.

جام کوردی 

جێگیر بوونی هێزەکانی ڕووسیا لە باکوری لیبیا

هەواڵە تایبەتەکان : بە پێی هەواڵەکان، هێزە سەربازیەکانی رووسیا کۆنترۆلی بنکەی سەربازی شاری "سرت" لە باکوری لیبیایان گرتۆیانە دەست و لەو بنکەیە جێگیر بوون.

بە پێی هەواڵە بڵاو کراوەکان بنکەی گرنگی "القرضابیه" لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سەر بە خەلیفە حەفتەر رادەستی هێزەکانی ڕووسیا کراوە.

ئەم بنکەیە سەربازیە بە دووری ١٥ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شاری "سرت"ەوە.
بنکەی "القرضابیه" لە گرنگترین بنکەکانی سەربازی موعەمەر قەزافی بوو کە لە شەڕی ناوخۆیی لیبیا لەلایەن ئەمریکا بۆردومان کرا و لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ماوەیەکی کورت کەوتە ژێر کۆنترۆڵی داعش و لە ئێستا دا لە ٦ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە لە ژێر کۆنترۆلی هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەرە.

هەواڵی جێگیر بوونی هێزەکانی ڕووسیا لەو بنکەیە و ئامادەکاری سەربازی حەفتەر لە باکوری ئەو وڵاتە، ئەوە دەگەیەنێت کە خەلیفە حەفتەر و هاوپەیمانانی پرۆژەیەکیان بۆ ناوچەکانی باکوری لیبیا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر پێگەکانی حکومەتی ویفاقەوە هەیە.

شایانی باسە لە چەند ڕۆژی رابردوو چەندین وێنەی ئاسمانی لە فڕۆکەکانی رووسیا لە لیبیا لەلایەن ئەمریکاوە بڵاو کرایەوە کە بە ووتەی ئەمریکا، رووسیا چەندین فڕۆکەی شەڕکەری رادەستی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سەر بە خەلیفە حەفتەری کردووە.

01‏/06‏/2020

هێزەکانی خەلیفە حەفتەر شارێکیان کۆنترۆل کردەوە + نەخشە

هێزەکانی سوپای نیشتمانی سەر بە خەلیفە حەفتەر ئەمڕۆ توانیان شاری "الاصابعه" کۆنترۆل بکەنەوە. ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەر بۆ کۆنترۆل کردنەوەی ئەم شارە لە ٢٥ی مانگی رابردوودا ئامادەکاری بۆ کرا بوو کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە دەست پێ کرا و هێزەکانی حکومەتی ویفاق بە بێ هیچ بەرگریەکی ناچار بە پاشەکشە لەو شارە بوون.

شەڕ و پێکدادانەکان لە میحوەرەکانی دیکە بەردەوامە و هەر دوو لایەن توانیانە زیان بە یەکتر بگەیەنن.

ڕەنگی سەوز : هێزەکانی حکومەتی ویفاق
ڕەنگی قاوەیی : هێزەکانی سوپای نیشتمانی سەر بە خەلیفە حەفتەر

رادەست کردنی فڕۆکەی MiG-29 بە سوپای سووریا


هەواڵە تایبەتەکان : رووسیا لە پێناو بەهێزکردنی سوپای سووریا چەندین فڕۆکەی جەنگی لە جۆری MiG-29 لە مەراسیمێکی فەرمی لە بنکەی "حمیمیم" لە سووریا رادەستی سوپای ئەو وڵاتەی کرد.
مێگ٢٩ یەکێک لە باشترین جۆرەکانی فڕۆکەی ڕووسیایە لە هەناردە دەکرێت کە بە ٢٦ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. 
رووسیا پێشتریش ٦ فڕۆکە لەم جۆرەی رادەستی هێزەکانی سوپای نیشتمانی لیبیا بە سەرکردایەتی خەلیفە حەفتەری کرد بوو.